ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە چۆی کوانگ ژین کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە ھەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کە کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور بەمەبەستی ماڵئاوایی و بەھۆی کۆتایهاتنی ئەرکەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، زۆر سوپاسی میوانداریی گەلی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کرد و دڵخۆشیی خۆی بە کارکردن لە ھەرێمی کوردستان و نزیکبوونەوەی لە کولتووری کوردستان خستەڕوو.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ھێزەکانی زەیتون لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کۆریا، جەخت لە قووڵترکردنی ئەو پەیوەندیە کرایەوە و سەرۆک بارزانی کونسوڵی گشتی کۆریای باشووری وەک دۆستێکی نزیکی گەلی کورد ھەژمارکرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
دوا پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تەوەری تری ئەو دیدارەبوو.