سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە نوێیە كرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پایەمەكەدا رایگەیاند “بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێکراوی هەڵەبجەی شەهید دەکەم”.
مەسرور بارزانی راشیگەیاند “ئەم بڕیارە کەمترین پاداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە”.
سەرۆكی حكوومەت هەروەها رایگەیاند “دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم و هیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا “لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت و بودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بکرێت”.
سەرۆكی حكوومەت لە كۆتایی پەیامەكەدا جەختی كردەوە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە خۆی بە قەرزاری قوربانیدانەکانی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکانمان دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی پارێزگەی هەڵەبجە و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان”