ڕائیب جادر – هەولێر
کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەڕەنسا بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ دووشەممە، ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە ھەولێر و بەغدا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن: وڵاتان بە گرنگییەوە تەماشای پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان دەکەن، سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ فەرەنسا لەو کات و ساتەدا ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە و گرنگە بۆ دنیای دەرەوە، ئەوەش وا دەکات کە ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پێش بکەوێت.
ئەمە یەکەمین سەردانی ئەمساڵی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پاریس دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی نۆتردام، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد. لەوەتەی ماکرۆن لە ساڵی ٢٠١٧ بووەتە سەرۆککۆماری فەرەنسا، لانی کەم ٧ جار لە پاریس، ھەولێر و بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەتەوە.
کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا، سەرۆککۆمار و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باس لە گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، سەقامگیریی ناوچەکە و پێکەوەکارکردن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەکەن.
ئیلیزێ ھەروەھا ئاماژە بەوە دەکات، ھەردوو سەرۆک دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن و پابەندبوونی خۆیان بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دووپاتدەکەنەوە.
فەرەنسا ئەندامی ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە بە بەشداریی زیاتر لە ٨٠ وڵات لە سووریا و عێراق بەرەنگاری داعش دەبێتەوە، لە چوارچێوەی ھاوپەیمانییەکەدا، فەڕەنسا نزیکەی ٦٠٠ سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە، کە بەشی ھەرە زۆریان لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستانن.
ھاوئاھەنگیی ئابووری، پێکھێنەرێکی دیاری پەیوەندیی نێوان ھەولێر و پاریسە، ئەیلوولی پار، بۆ یەکەمین جار کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا و کوردستان لە پاریس بەسترا، ڕەگی ئەو پەیوەندییە بەھێزەی کە ھەولێر و پاریس بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە دانیێل میتران، سەرۆککۆماری ئەوکاتی وڵاتە ئەندامە ھەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکرد، کاتێک لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە ڕووبەڕووی چەوسانەوە دەبووەوە.
لە ھەولێر و سلێمانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی و ڕێگە و پرد بە ناوی میترانەوە کراون. فەرەنسا لە ھەولێر کۆنسووڵخانەی گشتی و ھەرێمی کوردستانیش لە پاریس نوێنەرایەتیی ھەیە، کۆبوونەوەکە چەند مژارێکی گرنگی ڕۆژ لەخۆ دەگرێت کە ئیمانوێڵ ماکڕۆن بە بایەخەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆی لەسەر دەکات لەوانە پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە، دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان لەڕووی جیۆپۆلەتیکی سیاسییەوە.
د. ئازاد حەیدەر، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: فەرەنسا دۆستایەتیەکی دوورودرێژی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کە گەماڕۆی ئابووری خرایە سەر کوردستان، فەرەنسا یەکەم وڵات بوو کە بانگھێشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو کاتی کوردستانی کرد، بە شێوازێک پێشوازی کرا، ئەوە یەکەم ھەنگاوبوو بۆ شکاندنی گەمارۆی ئابووری و دیبلۆماسی لەسەر ھەرێمی کوردستان، ئێستاش ئەوە جەختکردنەوەیە لەو دۆستایەتیەی کە لە نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەوەی کە ئێمە تێبینی دەکەین وڵاتانی ئەوروپا بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە گرنگییەوە تەماشای پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لە ناوچەکەدا بۆیە چ فەرەنسا بێت، چ وڵاتانی دیکە ھەوڵدەدەن ئەو پەیوەندیەی کە ھەیە بپارێزن و بەرەو پێشەوەی ببەن.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: وەکو ھەرێمی کوردستان پێویستمان بە پشتیوانی و ھاوکاری وڵاتان ھەیە، فەرەنساش لایەنێک بوو لە ھاوپەیمانیەتی شەڕی دژی تیرۆر، کوردستانیش بەشێکە بووە لەو ھاوپەیمانەتییە، ڕۆڵ و کاریگەری خۆی بینیوە، فەرەنسا ھەر لەسەرەتاوە کونسوولخانەی خۆی لە کوردستان کردۆتەوە، پەیوەندی فەرەنسا و ھەرێم لە بەرژەوەندی ھەردوولادایە، بەشێک لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان سەرمایەگوزاری لە کوردستان دەکەن، لە داھاتوویەکی نزیکدا کوردستان زیاتر ئارامی و ھێمنی بەخۆیەوە دەبینێت، بێگومان سەرمایەگوزارانی فەرەنسا زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش دەرگایەکی دیکە دەبێت بۆ فەرەنسا کە بتوانێت لە کوردستان بازاڕێک بۆ خۆی پەیدا بکات، بەتایبەتی کە کوردستان دەوڵەمەندە بە پیشەسازی و نەوتەوە، بۆیە ئەوەی کە تێبینی دەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێشەوە دەچن، بۆیە ئومێد دەکەین کە ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەش بە ھەمان شێوە ھاوکار بن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
د. زیاد زکری، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: فەرەنسا مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، شوێن دەستی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان دیارە، بەردەوام ھاوکاری ھەرێمی کوردستان دەکات، سەردانی سەرۆکی ھەرێم لەسەر داوای سەرۆکی فەرەنسایە ئەوەش گرنگە، چونکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاری دایە، نێچیرڤان بارزانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر توانی بە دیبلۆماسیەتی خۆی کیانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت، بۆیە سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ فەرەنسا لەو کات و ساتەدا ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە و گرنگە بۆ دنیای دەرەوە، ئەوەش وا دەکات کە ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ پێش بکەوێت.
دەشڵێ: سەردانی سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی جیھان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی ئەو وڵاتانە، دەرخەری ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، ھەروەھا سەردانی بەرپرسان و سەرکردەکانی جیھان بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوە دەردەخات کە گۆڕانکاریەکی گەورە لە ناوچەکە روودەدات، ئامادەکاری بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەکرێن، ھەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات دەبینین دەوری ھەولێر تێدا دەورێکی ستراتیژییە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیی خەڵکی کوردستانە کە ئەمڕۆ وڵاتانی جیھان، وڵاتە زڵھێزەکان بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی ھەولێر، فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆر گرنگی بە ھەرێمی کوردستان دەدات، ڕۆڵێکی ئیجابیی بینیوە و دەیەوێت لەو ڕۆڵە بەردەوام بێت، جگە لەوەی دەزانێت کورد فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ ئاشتی، جگە لەوەی تەواوی مافە ڕەواکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق لەلایەن عێراقەوە دابین بکرێت.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ھەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی بەھێزە و وڵاتانی جیھان لە ئاستی باڵادا سەردانی دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمدا ھەیە، پێگەی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە، کە نەک بۆ عێراق بە تەنیا، بەڵکو بۆ ناوچەکەش گرنگیی خۆی ھەیە، سەرھەڵدانەوەی جموجۆڵە دیبلۆماسییەکان لەسەر ئاستی باڵای وڵاتانی دیکە و سەردانی گەورە بەرپرسان بۆ ھەرێم، دەرخەری گرنگی ستراتیژ و پێگەی ھەرێمی کوردستانە.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: لە کاتێکدا فەرەنسا بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت و ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، دۆستایەتییەکی بەھێزی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و لە چەندین قۆناغی مێژوویی پشت و پەنای کورد بووە، ھەر لە سەرەتای شۆڕشەکانەوە تا دەگاتە کۆڕە و دواتر شەڕی داعش و کێشەکانی ئێستای نێوان ھەولێر بەغدا.