ئاڤێستاکەم، دە هەستەوە

عەمەر ئەرگوشی
کێ دەیزانی تەنگاتور بەم رووبارە بێ بەزەییە مامەڵەت لەگەل دەکا، ئەی وا باوە هەموو شتێکی زیندوو سەرچاوەکەی ئاوە، بۆ ئەم ئاوە ژیانت لێ بسێنێتەوە، ئەی خۆتان لە خوشەویستیان نەبوو دەتویست خۆتانی لێ نزیکبکەنەوە و وێنەیەکی هەڤالینی و دۆستایەتی بۆ یادگاری لەگەڵ بگرن و پیشانی خەڵک بدەن کە ئێوە ئاو و ڕووبارتان خۆش دەوێت، ئەو رووبارە لە ئەڤین و ئەشقی تۆ بۆ خۆی و ژیان تێنەگەیشت نامەردی کرد، غەدرێکی لێکردی بە چەشنی ئەو غەدرەی بە دەستی دوژمن لەو دەڤەرە کراوە کە تۆ تیایدا کەوتیە ڕووبارەوە. ئەوانیش وەک تۆ ژیان و خاک و رووباریان خۆشدەویست و شەهید دەکران، چیرۆکی تۆ چیروکی هەموو ئەو بارزانیانەیە کە بەهار و رووبار و غەزالی ئەم دەڤەرەتان خۆشدەویست، بەڵام چەرخی گەردوون زاڵم بوو. بارزانیەکان چۆن بەپیر جوانیەکەی بەهارەوە دەچوون ئەوها بەپیر برایەتی و دۆستایەتی و خوشەویستیدا وێل بوون، بەڵام چەرخی گەردوون و نامەردایەتی دۆژمنان هەمیشە بە تانک و فرۆکە وەڵامیان داوەتەوە، ویستویانە لەبەر سێبەری داربەڕووێک ساتەپشویەک بدەن، ناحەزانیش هەولیان داوە ئەڤینی نێوان داربەروو وە ئەم بارزانیانە وەک ئەڤینی تۆ بۆ براکەت و ڕووبارەکەی تەنگەتور بۆ هەتا هەتایێ لێک جوداکەن. ئازیزەکەم ئاڤێستای هەمووان تۆ بوویت بە پەپولەیەکی بێ تاوان کە بە ئاراستەی گول دەڕۆیشتی و راونرای ، وە ئەو منداڵە هەلەبجەیانە کە دەیانویست هەوای بەهاری شارەکەیان هەڵبمژن کیمیایان پێ هەڵمژین، لە مێژووی وڵاتی تودا کارەساتی بەم چشنە بە هەزارانن هەر تاکێک چیرۆکێکی پێیە ، چیروکەکەی تۆ خەریکە دەبێتە بۆکی هەموو چیروکەکان خەریکە هەمووغەدر و خیانەت و ئەو بێ بەڵێنیەی لە کورد کراوە لە چیرۆکە کورت و سادەکەی تۆدا وێنا دەکرێن ، ئازیزە خێر لە خۆ نەدیوەکەی هەموو کوردستانیەکان دە هەستەوە نیگایەکی کورت لە بابت و هەموو باوکانی ئەم دەڤەرە بکە تا ئارام و دڵنیا بیت کە هەموو چاو بە فرمێسک و دڵ بە کۆڤانن بۆ تۆی شوخ و شەنگی جوانەمەرگ و بە مراد نەگەیشتوو.
ئازیزەکەم تو چەند کۆڤان و کەسەرت بردنە ژێر ئاو هەزار هێندەت بۆ ئەوانەت بەجێ هێشتن کە ئەم لاو ئەولای قەراخ رووبار دەکەن جەستەی بریندارت بدۆزنەوە و دیسانەوە بتخەنە باوەشی ئەو باوکەی کە لە بەیانی تا ئێوارێ فرمێسکەکانی دەسڕێتەوە تا جوان سەیری شەپۆلەکانی ئاو بکات لێی بەسەرکەوی، دایکت و باوک و براکانت و هەموو کۆڤاندارە بارزانیەکان لە قەراخ رووبار بۆت دەگەڕێن وە بۆت دەگرین، چاکیش دەزانن خۆت بەدەست خۆت نیت ئەگینا دڵت بەمانە دەسووتا و غارت دەدا بۆ ئامێزی دایکت و هەموو دایکەکان هەموو ئەو دایکانەی وەک دایکی ڕاستەقینەت بەخەم و پەرێشانن.