ئەمڕۆ یانەی دهۆک لەیاری چوونی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەبی دەبێتە میوانی یانەی قادسیەی کوێتی زیاتر لە ٢٠٠٠ هاندەری دهۆک ڕەزامەندی وەرگرتنی ڤیزەیان هەیە و دەتوانن لە یاریەکی ئەمڕۆ ئامادە بن

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

ئەمڕۆ لە یاری چوونی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەبی یانەی دهۆک لە وڵاتی کوێت دەبێتە میوانی یانەی قادسیەی کوێتی، بە سووی وەرگرتن لە ئەنجامە باشەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک چاوی لەوەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا ئەو ناسناوە بەدەسبهێنێت.

دهۆک ڕووبەڕووی یانەی قادسیەی کوێتی دەبێتەوە
لە یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتی جامی کەنداوی عەرەبی یانەی دهۆک لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی ئیتیفاقی سعوودی کرد و بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یاریەکەی بردەوە، لەیاری چوونی نێوانیان کە لە ریازی پایتەختی بەڕێوەچوو، دهۆک بەهەمان شێوە بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردبووەوە، ئەمڕۆیش یانەی دهۆک لە وڵاتی کوێت و لە یاری چوونی یاری کۆتایدا دەبێتە میوانی یانەی قادسیەی کوێتی.
هەڵۆکانی چیا بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامە باشەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک چاوی لەوەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا ئەو ناسناوە بەدەسبهێنێت، لەو پێناوەدا بەرپرسانی یانەکە تەواوی ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە کردووە، هەر بۆیە یانەکە دوای بردنەوەی لە یانەی زەورا لە یاری لوتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ڕاستەوخۆ گەشتی وڵاتی کوێت کرد و چەند ڕۆژێکە لەو شارە مەشقەکانی دەکات، دهۆک لە یاری پێش کۆتایدا لە یانەی ئیتیفاقی سعودی بردەوە، ئەمەیش یاریزانانی لە ڕووی دەرونیەوە زیاتر بەهێز کردووە، لە یاری دووەمی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە یانەی نەسری ئیماراتی بەرانبەر بە یانەی قادسیەی کوێتی دووچاری شکست بوو
دۆخی هەردوو یانە جیاوازە یانەی دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە ٢١ یاریدا خاوەنی ٤٠ خاڵە و لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی یانەکانە، دهۆک لە دواین ٥ یاریدا سەرجەم یارییەکانی بردۆتەوە و یانەکە لە دۆخێکی باشدایە، یانەی قادسیەیش لە خولی کوێتی بە کۆکردنەوەی ٣٥ خاڵ خانەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەکانی گرتووە.
بۆ ئەم یارییە هاندەرێکی زۆر بە تامەزرۆەوە داوای ڤیزەی وڵاتی کوێتیان کردووە، تاوەکو گەشتی ئەو وڵاتە بکەن و بۆ یاریەکە ئامادە بن، وڵاتی کوێت ٢٠٠٠ ڤیزەی بۆ هاندەرانی دهۆک ئامادە کردووە و دەتوانن گەشت بکەن.
یانەی دهۆک بۆ یەکەمین جار لەمێژووی خۆیدا بەشداری ئەو پاڵەوانیەتیە دەکات، دهۆک لە پاڵەوانیەتیەکەدا لە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی یانەکانی نەسڕی دوبەی ئیماراتی، زەفاری عومانی و ئەهلی سەنعای یەمەنی یاری کرد، لە یاری یەکەمدا هەڵۆیەکانی چیا لەسەر یاریگەی خۆیان میوانداری یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنیان کرد، یارییەکە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لەبەرژەوەندی یانەی دهۆک کۆتایی هات و یەکەم سێ خاڵی لە پاڵەوانیەتیەکەدا بەدەستهێنا، لەیاری دووەمیشدا دهۆک لە شانشینی عومان لەگەڵ یانەی زەفار بە گۆڵێک یەکسان بوو، لە سێیەم یاریشدا لەگەڵ یانەی نەسر بە دوو گۆڵ یەکسان بووە، لە چوارەم یاریدا دهۆک بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە ئیمارات لەگەڵ نەسر دۆڕا، لە پێنجەم یاریدا دهۆک بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی بردەوە، لە شەشەم یاریدا دهۆک بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان لەگەڵ یانەی زەفاری عومانی یەکسان بوو، دهۆک بە کۆکردنەوەی ١٢ خاڵ دوای یانەی نەسری ئیماراتی بە پلەی دووەم سەرکەوت بۆ یاری پێش کۆتایی خولەکە.