هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد): تا دوا هەناسەم لە نواندن بەردەوام دەبم!

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندی بەئەزموون و دیار و بەئەزموونی كوردستان (مستەفا ئەحمەد) دەڵێت، نزیکەی 65 ساڵی ژیانی لە كاری نواندندا بەڕێ كردووە و تا دوا هەناسەشی هەر خەریكی كاری هونەری دەبێت.

هونەرمەند ناودار (مستەفا ئەحمەد)، یەكێكە لەو هونەرمەندە بەتوانایانەی نزیكەی 65 ساڵە بێ دابڕان كاری نواندن دەكات هەر لە شانۆ تا بە دراما و فیلم، هەتا ئێستاش بەردەوامە، مستەفا ئەحمەد بە “هەولێر”ـی راگەیاند “راستە؛ نزیكەی 65 ساڵە كاری هونەری دەكەم و هونەر بۆتە پیشەمان؛ من لە سەرەتای دەستپێكی كاری هونەریم لە تەمەنی هەرزەكارییەوە بەردەوام لە شانۆ و فیلم و دراما كار دەكەم و تا دوا هەناسەشم هەر بەردەوام دەبم”.
مستەفا ئەحمەد هونەرمەند ئاماژەی بەوە كرد، كاری هونەری ئێستا و ساڵانی رابردوو زۆر جیاوازن، بەڵام بە رۆیشتنی كات و شارەزابوونی زیاتری هونەرمەندان بە هەماهەنگیی ناوەندە ئەكادیمییەكان، هونەریان بەرەو پێشەوە برد و هونەرمەندی باشیان پێگەیاند.
لەو ماوەیەدا لە شاری سلێمانی، سەندیكای هونەرمەندان و بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانی، ژمارەیەك هونەرمەندی بەئەزموونی شانۆی خەڵات کرد؛ مستەفا ئەحمەدیش یەكێك بوو لەو هونەرمەندە خەڵاتکراوانە؛ لەو بارەیەوە دەڵێت “چەند ساڵێكە ئەو مەراسیمانە دەكرێن بۆ رێزلێنان لە هونەرمەندان، ئەمساڵ خەڵات كراین، زۆر سپاسیان دەكەم و هەستی بەرزی خۆیانە”.
ئەم هونەرمەندە پێی باش نییە هونەرمەندان روو لە كردنەوەی رێستۆرانت بكەن كە ماوەیەكە سەری هەڵداوە، لەو رووەوە وتی “من لەگەڵ ئەو شتانەدا نیم و دەبێت هونەرمەند رێزی خۆی بگرێت و نابێت هونەرەكەی ئیستغیلال بكات بۆ پەیداكردنی پارە و ئەو جۆرە شتانە، تەنانەت من قەت ریكلامیشم نەكردووە و ناشیکەم، ئەگەرچی هونەرمەندان و یاریزانان لەم هەموو دنیا ئەم کارە دەکەن، بەڵام من وەکو خۆم لەگەڵی نەبووم”.
دەربارەی ئەوەی تا چەندێك توانیویەتی بە هونەر بژیێت، مستەفا ئەحمەد دەڵێت “ئەو ساڵانەشی هونەرمان كردووە لەسەر حسابی گیرفانی خۆمان بووە، بە خزمەتمان زانیوە و وا بزانم لە كوردستان كەم كەس بە هونەر ژیابێت، لە ڕووی ماددیەوە سوودم لە هونەر نەبینیوە”.
دەربارەی ئەوەی بۆچی هونەرمەند مستەفا ئەحمەد لە کاری دراما دوورە؟ گوتی: من ئەگەر کارێکی باش هەبێت، بە تایبەتی لە ڕووی ناوەرۆکەوە لە رووی چیرۆک و سیناریۆوە باش بێت بەشداری دەکەم، دوایین کاریشم بەشداریکردنم بووە لە درامای (کۆشکی هەنار) بوو، کە یەکێک بوو لە دراما جوان و زۆر باشەکان، لە هەموو ڕوێکەوە، من هیوادارم جموجۆڵی دراما لە کوردستان بەم شێوەیە نەبێت دوو ساڵ سێ ساڵ جارێک هونەرمەند بشداری بکات.