پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دەروازەی نێودەوڵەتیی پێشابوور لەنێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤای کوردستان دووبارە کرایەوە

دوای 40 رۆژ لە داخستنی دەروازەی نێودەوڵەتیی پێشابوور لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، بڕیارە رۆژی دووشەممە 24-01-2022 جارێکی دیکە بکرێتەوە. بەڕێوەبەری دەروازەکە دەڵێت، وەکو پێش 15ی کانوونی یەکەم ئاسایی دەبێت و رێکارێک بۆ ئەو کەسانە دادەنرێت کە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. 

شەوکەت بەربهاری، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی پێشابوور رایگەیاند، وەکو پێش 15ی کانوونی یەکەمی 2021، رۆژی دووشەممە 24-01-2022 جارێکی دیکە دەروازەکە دەکرێتەوە بۆ کاری بازرگانی و هاتووچۆی ئەوانەی گیریانخواردووە. 

دەربارەی ئەوانەی لە باشووری کوردستانەوە بچنە رۆژئاوای کوردستان، یاخود بە پێچەوانەوە، بەڕێوەبەری دەروازەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەوانەی لە رێکخراوە بیانییەکان کار دەکەن و ئەوانەی بەردەوام هاتووچۆ لە دەروازەکە دەکەن، جارێکی دیکە دەتوانن هاتووچۆ بکەن.

 بەڵام لەبارەی ئەوانەی بۆ سەردان هاتووچۆ دەکەن، شەوکەت بەربهاری دەڵێت، هێشتا میکانیزمی چۆنێتی رێپێدانی ئەو کەسانەیان دیارینەکردووە، بە گوتەی ئەو، لە نزیکترین کاتدا میکانیزمێک بۆ ئەوانیش دادەنرێت. دەروازەی نێودەوڵەتیی پێشابوور یەکێکە لە گرنگترین دەروازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، 80%ی کەلوپەل و خواردن بۆ نزیکەی پێنج ملیۆن کەس بە رێگەی ئەو دەروازەیەدا دەچێتە رۆژئاوای کوردستان. 

رۆژی 15ی کانوونی یەکەمی 2021 ژمارەیەک لە گەنجانی رۆژئاوای کوردستان بە دار و بەرد هێرشیان کردە سەر کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەی پێشابوور کە کورد بوون و زیانی ماددی بەر چەند ئۆتۆمبێلێک کەوت و شەش کارمەندی دەروازەکە برینداربوون، هەر ئەو رۆژە ئەو دەروازەیە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە داخرا.