پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

حەمەسەعید مستەفا: كێشەی گەورەی بەرهەمهێنانی دراما، نەبوونی بوودجەیە

هونەرمەند حەمەسەعید مستەفا پێی وایە بۆ بەرەوپێشچوونی درامای كوردی، پاڵپشتیی دارایی بۆ هونەرمەندان بە پلەی یەكەم دێت، چونكە دراما دۆبلاجكراوەكان كۆمەڵگەیان تێك داوە.

هونەرمەندی بواری شانۆ و فیلم و دراما حەمەسەعید مستەفا بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەگەر بتوانرێت ساڵانە درامایەك بۆ دوو درامای خۆماڵی بەرهەم بهێنرێت كارێكی باشە بۆ بینەری كورد و دووركەوتنەوەیان لە درامای دۆبلاجكراو، چونكە ئەو درامایانە كۆمەڵگەی كوردییان بە تەواوی تێك داوە، بەڵام ئاستەنگەكانی بەرەوپێشچوونی درامای كوردییش بە پلەی یەكەم بوودجەیە، ئەگەر كێشەی بوودجە نەبێت كاری جوان دەكرێت.
ئەم هونەرمەندە ساڵانێكی زۆرە كاری هونەری نواندن دەكات و جیاوازییە هونەرییەكانی بۆ دوو جۆر دابەشكرد و وتی “بە تێڕوانینی خۆم ساڵانی پێشتر هونەرمەندان دڵسۆزانەتر بەرەو كارەكانیان دەچوون و كاری جوانتر دەكران و ئیشەكانیش جددیتر بوون و زۆربەی كات خۆبەخشانە بوون، بەڵام ئێستا دۆخی ژیان وایكردووە ئێمە و گەنجەكانیش ناچارین بیر لە لایەنی ماددی بكەینەوە، چونكە كەسمان بە پارەی هونەر ناژین، بگرە زۆرجار لە گیرفانی خۆمان قوربانیمان داوە”.
ئەو هونەرمەندە جەختی لە پێشكەوتنی بواری تەكنیك لە كاری بەرهەمهێنانی هونەری كردەوە و، وتی “بێگومان ئەم ساڵانەی دوایی لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا، بواری تەكنیك و كامێرا و تەنانەت مۆنتاژی دراما و فیلمیش پێشكەوتووە”.
حەمەسەعید مستەفا، یەكێك لە كارەكتەرەكانی زنجیرە درامای (سەمەرە) كە ناوەندی بەرهەمهێنانی هونەری (زەنێ) بەرهەمی دەهێنێت، هەرچەندە دراماكە زیاتر كۆمیدیە، بەڵام رۆڵ بینینی ئەم هونەرمەندە تێیدا جددییە، وەك خۆیشی ئاماژەی پێ كرد، دەتوانرێت لەو درامایەدا هەردوو رۆڵ بینینی كۆمیدی و جددیش تێكەڵ بكرێت.
ناوبراو وتی “راستە دراماكە كۆمیدییە و دەورەكانیش كۆمیدین، بەڵام رۆڵەكەی من كۆمیدی نییە و جددیە و حەز ناكەم ئێستا باسی بكەم، بەڵكو بۆ بینەرانی جێدێڵم، بەڵام بۆ ئەكتەر قورس نییە كە لە هەمان درامادا لەگەڵ ئەوانە رۆڵ ببینین كە رۆڵیان كۆمیدییە”.
حەمەسەعید مستەفا پێی وایە درامای (سەمەرە) دەبێتە جێی قبوڵی بینەران، چونكە باس لە كێشە هەنووكەییەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی كوردی دەكات و چەند هونەرمەندێكی بەئەزموون و باش تێیدا بەشدارن، لەگەڵ ستافێكی باشی پشت كامێرا و دەرهێنەرێكی توانا.