وەزیری تەندروستی: داوا لە هاووڵاتیان دەكەین ڕوو لە سەنتەرەكان پێدانی ڤاكسین بكەن

د. سامان حسەین بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا داوای لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرد ڕوو لە سەنتەرەكانی پێدانی ڤاكسین بكەن تا ڕێژەی وەرگرتنی ڤاكسین زیاتر بێت.

گوتیشی: باس لەوە دەكەن ئەم شەپۆلە ترسناك نییە، بە پێچەوانەوە ئەمە ژمارەی زیاتری خەڵك تووش دەكات و گواستنەوەی زۆر خێرایە، هەر بۆیە لە ئەنجامی زۆربوونی ژمارەی توشبووان نەخۆشخانەكان پڕ لە نەخۆش دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پاڵپشتی ڕێكارەكانی خۆپارێزی كۆرۆنابن، بەتایبەتیش بڕیارەكانی لیژنەی باڵا بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بەوەرگرتنی ڤاكسین.
بەرزنجی گوتیشی: ئەم شەپۆلی چوارەمە لە ماوەیەكی كورتدا بەرەو هەڵكشانێكی زۆرمان دەبات، هەر بۆیە گرنگە ڕێكارەكان بەهەند وەرگرن؛ ڤاكسین تاكە ڕێگەیە كە هاوكارمانە و ڕێژەی مردن و نەخۆشییەكەی كەمكردووەتەوە. هەر بۆیە هەموو ئەوكەسانەی ڤاكسینیان وەرگرتوە بە كەسانی بەختەوەر هەژمار دەكرێن.
لەڕێگەی تاقیگەکانی ناوەندی تەندروستی گشتی بەردەوامین لە جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی جۆری نوێی ڤایرۆسی هەڵگەڕاوی ئۆمیکڕۆن لە هەرێمی کوردستان.کیت و پێداویستی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنمان دابینکردووە و ڕۆژانە بە دەیان حاڵەتی ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست دەکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر