بەفر دەیان كەسی لە دەست و پێ خست

بەهۆی هاتنی شەپۆلی بەفربارین لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و، دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر، بەستن و شەختە بەردەوامە بە تایبەت بەهۆی ئەوەی زۆرینەی هەرەزۆری حەوشە و پێشدەرگای ماڵان كاشییە، خلیسکان و کەوتن زۆر بووە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە بەشێكی زۆری نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن بەدەیان حاڵەتی خلیسكان و كەوتن و بەربوونەوە تۆماركراوە و پزیشكانیش داوا لە هاووڵاتیان دەكەن بە وریاییەوە ڕێگە بكەن و تا دەشتوانن داردەست (گۆچان) بەكار بهێنن.
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لە تەندروستی هەولێر بەهۆی بەفر و خلیسکانی هاووڵاتیان چ لە حەوشەی ماڵیان یاخود لەكاتی خۆشی دەربڕین لە دەرەوەی شار زیاترلە 65 حاڵەت تۆمار كراوە كە بەهۆی خلیسكانەوە بووە و بەشێكیان تەنها زەبریان بەركەوتووە هەندێكی تریشان شكان ڕووی داوە لە لە قاچیان یاخوود حەوزی پشتیان.
لە لایەن خۆشیەوە هەمزە ڕەزکی گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی دهۆک ئاشكرایكرد كە لە فریاكەوتنی نەخۆشخانەی دهۆك لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پێشوازیكراوە لە زیاتر 14 كەس كە بەهۆی خلیسكانەوە بەربوونەتەوە و تەمەنەكانیش جیاوازەن.
هەمزە ڕەزکی گوتیشی: بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری خەڵك ئارەزووی بینین و وێنەگرتنی دیمەنی بەفریانكردوە چوونەتە بەرزاییەكان و لە كاتی دابەزینیان خلیسكیان بردووە، وە سەدان حاڵەتی خلیسكان ڕووی داوە بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو هاووڵاتیانە تەنها ئازارێكی سووكیان پێگەیشتووە پێویستیان بە نەخۆشخانە نەبووە و نەهاتوون.
تەندروستیی سلێمانییش تۆماركردنی خلیسكان و شكانی دەست و پێی55 هاووڵاتیی پشتڕاستكردەوە كە لەنەخۆشخانەی فریاکەوتن چارەسەری شکاوی دەست و قاچ و حەوزیان بۆكراوە.
لەلایەن خۆشیەوە د ئامانج موحسین گەردی پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان ئامۆژگاریی هاووڵاتیان دەكات و دەڵێت:
لەم چەند رۆژەدا کە پلەکانی گەرمی بۆ ژێر سفر دابەزیوە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان خۆشبەختانە بەفرێکی زۆر باریوە، ئەوەی دەبێت ھەموو ھاوڵاتیان بزانن کە لەم جۆرە کەش و ھەوایانەدا رێژەی بەربوونەوە و ھەلخلیسکان زۆر دەبێت و کە دەبێتە رووداوی نەخوازراو و شکانی ئێسکی دەست و قاچ و لە ھەندێک حالەتدا شکانی حەوز و پشت.
بۆیە دەبێت ھەموو ھاونیشتمانیان ئاگاداری ھەنگاوەکانی خۆیان بن و ئەو پێڵاوەی لە پێی دەکەن لووس و خلیسک نەبێت و ھەروەھا ئاگاداری شوێنی بەستەڵەک بن و حەوشەیان بەردەوام بە وشکی بهێڵنەوە.
لە ھەمووی گرنگتر کەسە ئازیز و بەتەمەنەکانمان بپارێزین و تا بکرێت لە ماڵەوە بمێنەوە و نەچنە دەرەوە و حەوشە بۆ ئەوەی ژیانیان و ئێسکیان پارێزراو بێت.
بە ھیوای سەلامەتی بۆ ھەموو لایەک.

ھەواڵی زیاتر