شاندێكی باڵای ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی، بە سەرپەرشتی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی، د. چێكۆ ئیكواردۆ، و تیمی نوسینگەی هەرێمایەتی و نووسینگەی عێراق و هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانیان كرد.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، لە بارەی هاتنی ئەو لیژنە باڵایەوە ڕوونیكردەوە كە: بۆ یەكەمجارە ئەم شاندە باڵایە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە گفتوگۆیەكدا بە چڕی باسی ڕەوشی كۆرۆنا و ڕەوشی تەندروستیی هەرێممان كرد.
وەزیری تەندروستی ڕوونیكردەوە كە ئامانج لە سەردانەكەیان بریتیبوو لە باسكردن لە پرۆژەیەكی نوێی سیستەمی داتا و زانیاری، كە كاری لەسەر دەكەن لەڕوانگەی شیكردنەوەی داتاكان، ئەمەش خزمەتێكی گەورە بە دامودەزگا تەندروستییەكان دەكات و خزمەتێكی زۆر بە نەخۆشەكان دەگەیێنێت، لە هەفتەی داهاتوو دەست بە كارەكانیان دەكەن.
د. سامان بەرزنجی گوتیشی: جگە لەو سیستەمە بایی 500هەزار دۆلار پێداویستی پزیشكییان هێناوە كە 20تەنە؛ هاوكات داوامان لێكردوون هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن و ئەو سیستەمە كۆنەی هەیە لە هەموو ئێراق كاری لەسەر بكرێت و بەرەو پێش ببرێت.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەوەشمان پێراگەیاندوون ئێمە بەداخەوە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بە نیوەیی پێداویستییەكانمان دابین دەكرێت و ئەوەی تری حكوومەتی هەرێم دابینیدەكات، بە تایبەتی لە بواری باڵەخانە و نەخۆشخانەكان، هەروەها داوامان لێكردن كە ڕێكخراوەكەیان زیاتر هاوكار و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان و سیستەمی تەندروستی بن، هەربۆیە بڕیار وایە مانگی دابێ جێگری سەرپەرشتیاری ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
د. چێكۆ ئیكواردۆ، خۆشحاڵی خۆی بۆ سەرانیكردنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختیكردەوە كە كار دەكەن بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی تەندروستی و هاوكاری زیاتری وەزارەتی تەندروستی.
پاشان د. ئەحمەد زوبەیتن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی كرد لە هەنگاوەکانی حكوومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
د. ئەحمەد زوبەیتن نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق گوتی: “ئێمە لەگەڵ شاندێکی گەورە و گرنگی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاتووین. ئهمڕۆ سێ پەیاممان هەیە. یەکەم ئەوەیە کەحكوومەتی هەرێمی کوردستان، کارێکی مەزنیکردووە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو ئێستا توانیویانە یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆنیش لە هەرێمەکە بدۆزنەوە.
ئەمەش بەو واتایەی کە تیمی تەندروستی سەرکەوتووبوون لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە گۆڕاوەی کۆرۆنا. دووەم تیمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی توانیوویانە پێکەوە کار بکەن، بۆ زیاتر پێشخستنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش. سێیەم بۆ ماوەی دوو ساڵە، هەماهەنگییەکی چڕ لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و تیمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیە و دەشزانین کە ئەو پەتایە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێکەوە بەهێزین و دەتوانین پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە”.
د. ئەحمەد زوبەیتن گوتیشی: “دەمەوێت بەتایبەتیش سوپاسی جەنابی سەرۆکوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی بکەم، کە بەردەوام هاوکار بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. سوپاسی جەنابی وەزیری تەندروستییش دەکەم بۆ ئەو هەماهەنگییە پتەوەی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیانە”.