هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری كۆنفڕانسی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا بوون

بە بانگهێشتێكی فەرمیی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیای فیدراڵ، شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پێكهاتبوو لە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب و بەرپرسی دێسكی ئەورووپا و بەرپرسی یۆنیتی ئەڵمانیا، لە ڕێگەی ئۆنڵاین لە كوردستانەوە بەشدارییان لە كۆنفڕانسی ٣٤ـەمینی ساڵانەی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا (سی.دی.یۆ)ـدا كرد.

بۆ كۆنفڕانسی ٣٤ـەمینی ساڵانەی پارتەكەیان، كە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٠٢٢ بەڕیوەچوو و بۆ كۆنگرەی ئەمساڵی پارتی (سی.دی.یۆ) بانگهێشتی دەیان میوان و شاندی نیودەوڵەتی و پارتە سیاسییەكانی جیهانی كرابوو، كە پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا بە چاوی پارتنەر / هاوبەش و دۆستی نزیك لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لێیان دەڕوانێ و پەیوەندییەكی بەهیز و پتەویشی لەگەڵیاندا هەیە.

لەسەر ئاستی كوردستان، ئەو پارتە پەیوەندییەكی مێژووییان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەبووە و لە سەدەی ڕابردوو و تا بە ئەمڕۆ ئەم پەیوەندییانە فراوانتر و گەشەی زیاتریان پێ دراوە.

تاكە پارتی سیاسی لەسەر ئاستی كوردستان، كە (سی.دی.یۆ) خۆی لێی نزیك دەبینێت و بەشداری كۆنفڕانسی ٣٤ـەمینی پارتەكەیان كرابوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كە بەردەوام پارتی (سی.دی.یۆ) شاندی (پ.د.ك)ـی بانگهێشتی كۆنگرە و كۆنفڕانس و چەندین چالاكیی خۆی كردووە لە ڕابردوودا.

پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیای فیدراڵ، لە ڕێگەی ناردنی  پەیامی ئەلیكترۆنی و ڕاگۆڕینەوە و ئاراستەكردنی بانگهێشتنامە، خۆشحاڵیی خۆیان بە بەشداری و گرنگیدانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی ٣٤ـەمینی پارتەكەیان خستووەتە ڕوو و لە ڕیزبەندی پارتە سیاسییەكانی جیهانی و شاند و میوانانی نێودەوڵەتی وەك پارتنەر / هاوبەشێكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوانن.