پاش دوو مانگ مەشق و ڕاهێنان بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی پشتیوانیی یەک خولێکی مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە کۆتایی هات کە تێیدا 250 پێشمەرگە بەشدارییان کردبوو.
لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بووە لە یەکخستنەوەی هێزەکانی و ئەو خولی مەشق و ڕاهێنانانەش بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکە و فەرماندەییە تایبەتەکانە و لەم خولەدا پێشمەرگەکان مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر تەکنیکە سەربازییەکان و کۆمەڵێک میکانیزمی پەیوەست بە بواری سەربازییەوە پێ کراوە و ئێستا کۆتایی بە خولەکەیان هاتووە.
لەم بارەیەوە، سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک ڕایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وێڕای سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، گوتی: ”خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە و بەتایبەتی سوپاسی ئەمریکایشی کرد کە لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە”.
وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەوانە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بریتانیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا هێزی پێشمەرگە بە هێزێکی کاریگەر لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دەزانن و بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.