لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری مەهاباد لەلایەن مەڵبەندی هونەریی “محەمەدی ماملێـ”ـیەوە بەرێوەچوو خەڵاتی ساڵانەی ئەو مەڵبەندە درایە “كاوە فەقێ زادە”، هونەرمەندی ئاوازدانەر و ژەنیاری ناسراوی كورد.
ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداری و ئامادەبوونی كۆمەڵێكی بەرچاو لە هونەرمەندان، نووسەرانی كورد و بنەماڵەی محەمەدی ماملێ لە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو و خەڵاتەكە پێشكەش بە كاوە فەقێ زادە كرا و پاشان لە چەند بڕگەیەكی ئەدەبی و هونەریدا شیعر و گۆرانی و وتار پێشكەش كرا.
مالپەری ماملێ راگەیەنراوێكی لەم بارەیەوە بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە خەڵاتی ماملێ، وەك هێمایەكی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی كورد، ماوەی ١٣ ساڵە چالاكە و لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێیەوە ساڵانە پێشكەش بەو هونەرمەندە ماندوونەناس و تێكۆشەرانە دەكرێت كە خزمەتی هونەری كوردییان كردووە و گەشەیان پێ بەخشیوە.
كاوە فەقێ زادە، هونەرمەندی ئاوازدانەر، ژەنیار و مامۆستا و توێژەری مۆسیقایە و ساڵی ١٩٧١ی زایینی، لە شاری مەهاباد لەدایكبووە و شارەزاییەكی زۆری لە بواری ئاواز و مۆسیقای كوردیدا هەیە و بە شێوەی ئەكادیمی زۆر كاری لەسەر ئاواز و مۆسیقای فۆلكلۆر “بەیتە كوردییەكان” كردووە، هەروەها خاوەنی چەند كتێبێكی بواری مۆسیقایە.