پەکەکە بەرپرسیارێتیی تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی کوردستان – جەیهانی وەئەستۆ گرت

لە بەیاننامەیەکدا، گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی هێڵی نەوتی کوردستان جەیهانیان گرتە ئەستۆ. شارەزایانی بواری ئابوورییش، دەڵێن، هەر کارێک ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان پەکەکە دەیكات.

ئاژانسی هەواڵی ئەنەفە بڵاوی کردەوە، گرووپێکی سەر بە پەکەکە ڕایگەیاندووە، ئێمە ڕۆژێک کتوپڕ دێین، کارگەیان هەبێت ئێمە دەیسووتێنین. کەشتییان هەبێت نوقمی دەکەین، نەوتیان هەبێت ئێمە لەناوی دەبەین، لە بەرامبەر گیانێک کە لە ئێمەی دەستێنن ئێمە هەزارانتان لێ دەستێنین، لێپرسینەوە دەکەین، ئەو دەوڵەمەندانەی ڕەنجی کرێکاران و ڕەنجدەران دەخۆن، ئێمە سەرچاوەکانی پارەکانیان کە دەینێرن بۆ شەڕی چەپەڵ لە کوردستان تێکی دەشکێنین”.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەکدارانی پەکەکە چەندین جاری دیکە زیانیان بەر بۆریی نەوتی کوردستان جەیهان گەیاندووە و بوونەتە مەترسی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لەدوای ڕووداوەکە ڕایگەیاند، توانراوە دەست بە هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان بکرێتەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هەناردەکردنی نەوت پەکی کەوت.
روونیشی کردووەتەوە، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر بۆرییەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕی نەوتی هەناردەکراو نابێت، بەو پێیەی وەزارەتەکە قەرەبووی وەستانی ئەو چەند کاتژمێرە دەکاتەوە.
کۆمپانیای بۆتاش کە کۆمپانیای سەرەکیی بۆرییەکانی تورکیایە ڕایگەیاند، گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی تەقاندنەوەی بۆرییەک وەستابوو، دەستی پێ کردووەتەوە.
تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە درێژییەکەی 511 کیلۆمەترە دوایین ڕووداوە لە پچڕانی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان.
ماوەی دەیان ساڵە پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بووە و لەگەڵ تورکیا بەردەوام شەڕ و ناکۆکییان هەیە، بەو هۆیەوە سەدان گوند لە ترسی پێکدادان، تۆپباران و بۆردومانەکان چۆڵ کراون، لەگەڵ ئەوەی بە سەدان هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوونە.
شارەزایەکی بواری ئابوریش، باسی لەوە کرد، گرنگیی ئەو بۆڕیە نەوتیە هەر بۆ هەرێمی کوتدستان نییە و بۆ عێراقیشە، چونکە بۆری نەوتی کوردستان جەیهان، ڕۆژانە جگە لە بەرهەمی نەوتی هەرێم، 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووکی پێدا ڕەوانە دەکرێت بۆ بەندەری جەیهان. ئامانج ڕزگار، شارەزای بواری ئابووری، بۆ هەولێر دەڵێت:” تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم لەلایەن پەکەکەوە، لێدانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و برینی قووتیانە، چونکە قووتی خەڵکی کوردستان لەسەر داهاتی نەوتە و ئەوانیش بۆری نەوتیان تەقاندووەتەوە، بۆیە زەرەرمەندی سەرەکی لەم کردەوەیە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی، چونکە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی هەرێمی کوردستان ئەو نەوتەیە کە لەو بۆڕییەوە دەگەیەندرێتە بازاڕەکانی جیهان.
ئامانج ڕزگار، دەشڵێ: “ئەوەی دەکرێ پیلانێکە و ئەجیندایەکی دەرەکییە دژی حکوومەتی هەرێم، چونکە دەیانەوێت حکوومەتی هەرێم سەرکەوتوو نەبێت و ئەو کیانەی کە هەیە کە بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتە دروست بووە لەناو ببەن، بۆ ئەوەی بۆ پارووەنانێک دەست بۆ نەیارەکانی درێژ بکات”.
د. نژیار خۆشەوی، شارەزا لە بواری ئابووری، بۆ “هەولێر” ڕوونی کردەوە: “هەر کارێک ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان پەکەکە دەیكات، وەکو دوژمنانی کوردستان چاوی بە پێشکەوتنەکانی هەرێم هەڵنایەت، هەمیشە ویستوویانە تەگەرە بخەنە بەردەم پڕۆسەی سیاسی، ناوچە سنوورییەکانیان کردۆتە مەیدانی شەڕ، لە هەمانکاتدا بوونەتە هۆکارێک بۆ لەشکرکێشیی تورکیا و تۆپبارانکردنی گوند و ئاواییەکان، کە بەو هۆیەوە بە سەدان کەس بوونەتە قوربانی”.

ھەواڵی زیاتر