لە پێناو دۆزینەوەی دەرچەیەکی سیاسی بۆ دۆخی ئاڵۆزی سوریا، لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆمسیۆنی ئەوروپا، د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسێل، بەشداری لە کۆنفراسێکی تایبەت بە دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا کرد.
بەگشتی یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدات پاڵپشتیی لەگواستنەوەی ئاشتیانە و هەمەلایەنەی دەسەڵات لەسوریا و بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و بەشداریکردن لەئاوەدانکردنەوەدا، هاوکات بەردەوامە لەچاودێریکردنی وردی دۆخی سوریا.
هەر بۆ ئەم مەبەستە کۆنفرانسەکە بە دەستپێشخەری یەکێتی ئەوروپا و بە بەشداری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێی سووریا و بانکی نێودەوڵەتی و سەندوقی دراویی نێودەوڵەتی بەرێوەچوو.
نەخشە رێگەی بنیاتنانەوەی سووریا لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی تاوتوێ کرا. هەر لەو کۆنفرانسەدا لایەنە بەشداربووەکان پێشنیار و بۆچوونی خۆیان بۆ دواڕۆژی وڵاتی سووریا خستەڕوو.
هەر لە میانی کۆنفرانسەکەدا، د. دلاوەر ئاژگەیی، چاوی کەوت بە وەزیری دەرەوەی سووریا و بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار بوو.
ڕۆڵی کاریگەری هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و سیاسەتی سەرکەوتووانەی هاوسەنگ لە ناوچەکە و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دیپلۆماسی بەهێزی هەرێمی کوردستان هۆکاری بانگهێشت کردنی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەم جۆرە کۆنفرانسانە.