نێچیرڤان بارزانی جەخت لە رۆڵی زانایانی ئایینی لە برەودان بە کولتووری میانڕۆیی دەکاتەوە

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2025/3/19 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ جه‌نابى د. شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندیی بیارە سەرپەرشتیاری مەدرەسە و خانەقاکانی حەزرەتی شێخ عوسمان سیراجه‌ددینی بیارە لە کوردستان و تەواوی جیهان و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايان و زانايانى ئايينى پێكهاتبوو.

له‌ ديدارێكدا  نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵيى خۆى به‌ بڕيارى گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ كوردستان ده‌ربڕى و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ ڕۆڵى زانايانى ئايينى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و بره‌ودان به‌ كولتوورى ميانڕه‌وى و ناتوندوتيژى كردەوە و ئه‌مه‌ى به‌ په‌يامێكى گرنگ‌ و خزمه‌تێكى گه‌وره‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ناوزه‌د كرد، هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانيشى بۆ گوتارى ميانڕه‌وى دووپات كرده‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى بره‌ودان به‌ به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێو پێكهاته‌ جياكانى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ ڕۆڵى مامۆستايانى ئايينييان له‌ پێشخستنى گوتارى ميانڕه‌وى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى و توندوتيژیدا به‌ پێويست و ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.