دەست بەسەر 82 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر 82 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر داگرتووە و  16 تۆمەتباریش دەستگیرکران.

ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دەستیان بەسەر 82 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر داگرتووە و  16 تۆمەتباریش دەستگیرکران.

ئەرکان بیبانی باسی لەوەش کرد، لەبەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ژمارەیەک چاڵاکییدا لە دوو هەفتەی رابردوو بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان و بەشەکانی تری سەر بەو بەڕێوەبەرایەتیە لە دهۆک و زاخۆ، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، توانرا ژمارەیەک بازرگان دەستگیربکرێن کە کاری گواستنەوەو مامەڵەکردنیان بەماددەی هۆشبەرەوە دەکرد کە ژمارەیەکیان هاووڵاتی وڵاتانی دراوسێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەم چاڵاکیانەدا توانراوە دەست بەسەر بڕی 22.940 کیلۆگرام کریستاڵ 1.440کیلۆگرام هیرۆین و 50 کیلۆگرام حەبی ترامادۆڵدا بگرن، هاوکات جگە لەم ماددانە توانراوە تۆڕێکی تری بازرگانی (کریستاڵی شل) هەڵبوەشێننەوە کەلە ناو 2 دەبەی ڕۆنی ئۆتۆمۆبیل دانراوە کە کێشەکەیان 7.620 کیۆگرام بووە دەستی بەسەرداگیراوە، کۆی گشتی ئەو ماددانە دەکاتە 82 کیلۆگرام و تۆمەتبارەکانیش 16 کەس بوونە و دەستگیر کراون.

ڕوونیشی کردەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لەچالاکیەکی دیکەدا توانیوویانە دەست بەسەر بڕی 45 کارتۆن دەرمان و حەبی ماوە بەسەرچوو و بێ ستیکەر دابگرن، کە بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی هێنرابوونە ناو هەرێم.

گوتیشی: لە دوو چالاکی دیکەدا کە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕۆلی گرنگ و کاریگەری هەبووە، توانرا تۆنێک و 100 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لە بەغدا و 70 کیلۆی دیکە لە حەبی کەپتاگۆن لە موسڵ دەستی بەسەردا بگیرێت. کە یەکێک لەو چالاکیانە هەر چوار بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا و موسڵ بەشداریان کردووە

لە دادگا دۆسیەی تاوان بۆ تەواوی ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەرکان بیبانی جەختی کردەوە، زۆر بەوردی کارما کردووە و ژمارەیەکی زۆریش لەوانەی کڕین و فرۆشتن بەو ماددانەوە دەکەن دەستگیرمان کردوون، لەبەر ئەوەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر تاوانێکی شاراوەیە، بەردەوامی هەوڵی بڵاوکردنەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان دەدرێت، بۆیە ئێمە بەشێوەیەک کارمان کردووە کە ئەو بڵاوبوونەوەیە بوەستێنین.

لێرەدا بەپێویستی دەزانین تەواوی هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار بکەینەوە کە بەهەموو شێوەیەک خۆ بەدووربگرن لەم ماددانە و هەر زانیاریەکیشان دەستکەوت لەسەر ئەو کەسانەی کە مامەڵە بەو ماددانەوە دەکەن بنکەو بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاساییش ئاگادار بکەنەوە