بۆچی هونەرمەند (بیلال كەیوانی) لە وتنی سروودی ئایینی دوور كەوتۆتەوە؟

هونەرمەندی دیاری ئایینی، بیلال كەیوانی، ماوەیەكی زۆرە لە بڵاوكردنەوەی سروودی ئایینی دوور كەوتۆتەوە و دەڵێت، بەهۆی خوێندنی دكتۆرا و تەمەنەوە لەو بوارە دووركەوتۆتەوە و زەحمەتیشە دەست پێ بكاتەوە.

هونەرمەند بیلال كەیوانی، لە ساڵانی رابردوو یەكێك بوو لە دەنگە دیارەكانی بواری سروودی ئایینی بەتایبەتیش لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، بەڵام ماوەیەكی زۆرە لە وتنی سروودی ئایینی دەنگی نەماوە.
هەولێر: بۆچی ماوەیەكی زۆرە لە وتنی سروودی ئایینی دووریت؟
بیلال كەیوانی: راستی لەبەرئەوەی ئێستا خوێندكاری دكتۆرام و خەریكی شرۆڤەی دەقی شاعیرە گەورە كلاسیکەكانم و كەمتر دەرفەتم بۆ ماوەتەوە كە بتوانم سروود بڵێمەوە، (بە پێكەنینەوە) تەمەنیشمان هەڵکشاوە و كەمێك پیر بووینە، بۆیە رەنگە نەگەڕێمەوە سەر وتنی سروودی ئایینی.
هەولێر: تۆ زیاتر لە بواری سروودی كلاسیكی عیرفانی نزیكیت، هۆنراوەی كلاسیكی عیرفانی چ چێژێكت پێ دەبەخشێت؟
بیلال كەیوانی: بێگومان مرۆڤ هەمیشە بۆشاییەكی موتڵەق لە وجوودیدا هەیە، بۆیە كاتێك بەر ئەو بابەتە رۆحی و مەعنەوییانە دەكەوین، بەر هونەر دەكەوین ئەو بۆشاییە گەورەییە مەعنەوییە پڕ دەبێتەوە و لەگەڵ خۆتدا ئاشنا دەبیتەوە، بۆیە زۆر خۆشە مرۆڤ بە خۆی ئاشنا دەبێتەوە، هەر بۆیەشە زۆر خۆشە مرۆڤ بە خۆی ئاشنا ببێتەوە و ئاوێنەیەك رووی خۆی تێدا ببینێتەوە كە خودی هەقیقیانەی خۆی بێت، زۆرجار ئەو ئاوێنەیە رەنگە كەسێك بێت كە تۆ بتوانیت لە رووخساری ئەودا جارێكی دیكە خۆت ببینیتەوە.
هەولێر: ئەشق لای كەیوانی چییە؟
بیلال كەیوانی: ئەشق هەم ریسواییە و هەمیش شەیدایی، ئومێد دەخوازم لە مەحوییەوە جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ خۆمان و بە ئەشق لەدیدگا و روانینە جوانەكانی مەحوییەوە فێر ببینەوە، چونكە ئێستا هەموو كەس بۆ لاف و گەزاف ئاشقە، بەڵام ئەشق گیانفیداییی دەوێت.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر