یادى( 62 )ـیەمین ساڵیادی شەهید بوونى مەئموون دەباغ بەرز ڕاگیرا

 

، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و د.سالار عوسمان، بەرپرسی مەکتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی و کۆمەلێک نووسەر ڕۆژنامەڤان، شاعیر، هونەرمەند و کەسایەتی و کەس و کاری خانەوادەکەی، لە ڕێورەسمێکدا لە ژێر ناونیشانی” ناوێکی باڵای لەبیرکراو” یادى( 62 )ـیەمین ساڵیادی شەهید بوونى یەکەمین قوتابى شەهید مەئموون دەباغ بەرز ڕاگیرا، کە لەلایەن دەزگای کەلتووریی یاد ڕێکخرابوو.

لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا وێڕاى دەست خۆشى بۆ دەزگای یاد کە لەماوەی ڕابردوودا یاد و یادەوری کەسایەتی و تێکۆشەر و ئەو مێرخاسانەی کردۆتەوە کە هەریەکەیان لە بوارێکدا خزمەتی نیشتیمانیان کردووە، تیشکى خستە سەر ڕۆڵ و خەبات و تێکۆشانى شەهید مەئموون دەباغ وەک یەکەمین شەهیدى قوتابی لە شۆڕشی ئەیلولی مەزندا و ڕایگەیاند، کە ئەو شەهیدە لە خواپێداوی و ناز و نیعمەتەوە، پشت لە شار ماڵ و جوانی شار دەکات و، ڕوو لە شاخ هەنگاو دەنێت.

گوتیشی ئەمڕۆ بەشکۆ و شانازییەوە یادی ناوێکی گەورە و درەوشاوە و پڕسەوەری دەکرێتەوە، کە لەشارەکەمان شانازی پێوەدەکەین و چەندین شوێن بەناوی ئەو نەمرە کراوەتەوە.

لەکۆتایشدا، لەلایەن پارێزگاری هەولێر، ڕێزلێنان پێشکەش بە خاتوو فکرەت دەباغ خوشکی شەهیدکرا.

جێگەى باسە، شەهید مەئموون دەباغ ناوی (مەئموون محەمەد هاشم چەلەبیە ) ەو لەساڵی 1934 لە قەڵاتی هەولێر لە دایک بووە، کەسێکى رووح سووک رۆشنبیر و شۆرشگێر و تێکۆشەر و لاوێکی خورەوشت بەرز بووە، لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوى یەکێتی لاوان و قوتابیانی کوردستان ئەندامێکی چوست و چالاک بووە، تا ئەوکاتەى لە پۆڵی سێیەمی کۆلێژى یاسا پشت لە خوێندن دەکات و لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و رزگاری کوردستان پەیوەندى بەڕیزەکانى پێشمەرگەوە دەکات، مخابن لە تەمووزی ساڵی 1963 لە یەکێک لە شەرەکانی بەرگری لە ناوچەی شوان شەهید دەبێت و دەبێ بە یەکەمین شەهیدى قوتابى شۆڕشى ئەیلوولى مەزن.