ڕائیب جادر – هەولێر
چاوەڕوان دەکرێت بە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خێراتر بکرێن، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەک شەممە لە نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکی یەکێتی گفتوگۆ لە بارەی ھەنگاو و ڕێکارەکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەم کرا، ھەر دوولا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی وەسف کرد و ھاوڕا بوون لەسەر گرنگی پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، ھەر بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ھەولێر کۆبوونەوە.
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ کرا، پارتی زۆرترین کورسی بەدەستھێنا کە ٣٩ کورسی بوون، دوای ئەویش یەکێتی ٢٣ کورسی بە دەست ھێنا، چاوەڕوان دەکرێت بە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت خێراتر بن.
سەرۆکوەزیران و سەرۆکی یەکێتی ھاوڕا بوون لەسەر پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار و ئومێدەوار بوون کابینەی نوێ زوو پێکبھێنرێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکوزیرانی کوردستان، ڕاگەیاند، دوو کۆبوونەوەی ئەرێنی و زۆر باشمان ئەنجامدا بۆ لێک نزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بۆ ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، پێشکەوتنی زۆر باش، تێگەیشتنی زۆر باش لەو بابەتانە ھەبووە و ئومێدەوارین تیمەکانیش بتوانن ھەر بەو ڕۆحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر پێکھێنانی حکوومەت لە کاتێکی نزیکدا، خەڵکی کوردستانیش ھەمووان دڵیان خۆش بێت بەو بەرەوپێشچوونە گفتوگۆیانەی کە ھەیە.
پارتی و یەکێتی تاکو ئێستا چەند جارێک کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگە لە مەرجە ھەرە گرنگەکانی پارتین بۆ یەکێتی و ھەر لایەنێک بیەوێت بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکوومەتدا بکات. لەبەرانبەردا یەکێتی داوای ھاوبەشی دەکات بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت ئەویش لەسەر بنەمای ژمارەی پۆستەکان و دارشتنی پلانی حکوومەت و شێوازی بەڕێوەبردن. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گوتی: کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو، لەسەر چەند شتێکی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت ڕێککەوتین، گفتوگۆیەکان بەردەوام دەبن، ئامانجی ھەر دووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکوومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتی میللەتەکەمان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەی لووتکەیە.
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتیشی: بە ھیوای ئەوەی بتوانن سەقفی داواکارییەکانی ھەردوولا لە یەکتر نزیک بکرێنەوە و ھەرچی زووە حکوومەتێکی کارا پێکبھێنرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکانی پێشتردا ٩٠%ی ئەو ناکۆکی و جیاوازییانەی کە ھەبوون چارەسەر کراون.
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زیاتر دەڵێ: مەرجی پارتی یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک ھێزی پێشمەرگەیە، یەکێتیش پێی وایە ھەرسێ ئەو مەرجەی پارتی گرنگن بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بە مەرجی شەراکەتی ڕاستەقینە، ھەردوولا گەیشتوونەتە ئەنجامی باش، ئەو ئەنجامە باشانەش بەرەو ڕووی شاندی دانووستنکاری ھەردوولا دەکرێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی داھاتوو لەسەر پرسی پێکھێنانی کابینە سوودی لێوەردەگرن و ھیچ کۆسپێک لەبەردەم دروستکردنی کابینە نەمێنێت.