تا دێت ژمارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بیابانەکانی عێراق زیاتر دەبن و لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە ٢٢٠ گۆڕی بە کۆمەڵ لە عێراق تۆمار کراون، شیوازی گۆڕەکان دڕندەیی جینۆسایدی کوردان نیشان دەدات بە شیوەیەک ئێسکی شەهیدان و قوربانییەکان تێکەڵ بە یەک بوونە.
زیا کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان، ئەوەی راگەیاندووە؛ دوو جۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە، یەکەمیان بۆ تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لەو شوێنە دیارانەی گۆڕی بەکۆمەڵیان تێدایە، بیابانی سەماوەیە، کە گۆڕی بەکۆمەڵی زۆری تێدایە، هەموویان ئافرەت و منداڵن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەی جینۆساید بە شێوەیەکی زۆر قێزەون کراوە، بەجۆرێک ئێسکەکان تێکەڵاوی یەکتر بوون.”
ئاماژەی بەوەش کردووە؛ کۆی گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێش و دوای ساڵی 2003 گەیشتووەتە 221 گۆڕ، کە 96 گۆڕیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس، هەروەها 125 گۆڕیش هی سەردەمی ڕێکخراوی داعشە، گوتیشی: کۆی گشتیی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی هەڵدراونەتەوە 134 گۆڕن؛ 80 گۆڕی بەکۆمەڵ هی سەردەمی ڕژێمی بەعس بووە و 54 گۆڕی بەکۆمەڵیش هی سەردەمی داعش بووە، ئەمە لەکاتێکدایە کۆی ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی تاوەکو ئێستا هەڵنەدراونەتەوە 87 گۆڕن؛ 16 گۆڕیان هی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و 71 گۆڕی بەکۆمەڵیش هی داعشە.
بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدانی عێراق، ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ کۆی گشتی ڕوفاتەکانی دەرهێنراون گەیشتوونەتە 7709 ڕوفات؛4451 ڕوفات بۆ ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، 3258 ڕوفاتیش هی سەردەمی داعش بووە.”
هەڵمەتەکانی ئەنفال بۆ ماوەی چەندین دەیە بەردەوام کە بە راگواستنی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک لە ساڵی ١٩٦٣ دەستی پێکرد و دواتر ڕاگواستن و بێ سەروشوێن کردنی کوردانی فەیلی لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ کان، و بۆمبارانکردنی زانکۆی سلێمانی لە قەلادزێ لە ساڵی ١٩٧٤ کە بە یەکەمین کۆمەڵکوژی سەدام حسێن دوای گەیشتن بە دەسەڵات دژ بە گەلی کورد دادەندرێت. ئەنفالکردنی ٨٠٠٠ هەشت هەزار لە پیاوان و گەنجانی بارزانی لە ساڵی ١٩٨٣ و بەکارهێنانی چەکی کیمیای لە کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠ کان کە دیارترینیان کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو و دواتریش هەڵمەتی فراوانی ئەنفاڵ لە ساڵی ١٩٨٨ . سەدان هەزار خەڵکی بێ تاوان لەناوچوون و چەندین خانەوادە لەیەک دابڕان و چەندین کەس بەهۆی ئەو کارەساتانەوە تاوەکو ئێستا بەدەست نەخۆشیەوە دەناڵێنن. لەهەمانکاتدا ٤٥٠٠ چوار هەزار و پێنج سەد گوند لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٦ و ١٩٨٨ خاپورکران لەگەڵ تێکدانی ژێرخانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و لەناوبردنی کەلتور و ژیانی گوندنشینەکان.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch) لە ساڵی ١٩٩٣ دا ڕاپۆرتێکی ووردی لەسەر هەڵمەتەکانی ئەنفال لە عێراق بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆڕتە بەلایەنی کەم ٥٠،٠٠٠ پەنجا هەزار و لەوانەیە بگاتە زیاتر لە ١٠٠،٠٠٠ سەد هەزار هاوڵاتی کورد لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی عێراقی کوژرابن. لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتە بەدواوە چەندین سەرچاوە ئەوەیان خستۆتەڕوو کە پێ دەچێت زیاتر لە ١٨٢،٠٠٠ سەد و هەشتا و دوو هەزار کورد یاخود زیاتر لە هەڵمەتەکانی ئەنفال کوژرابن.