کەنەدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات

 

 

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ نوێنەرانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم و ئەندرێ پاترسۆن، پسپۆڕی جێبەجێکاری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها هەماهەنگی نێوان دامودەزگاکانی حکوومەت لەم بوارەدا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامە و بەڵام پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتیش هەیە، بەتایبەتی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری عێراق دەکەن.”
لەلایەن خۆیەوە، ئەندرێ پاترسۆن، پسپۆڕی جێبەجێکاری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC) ڕایگەیاند: کەنەدا پرۆژەیەکی ئامادە کردووە بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەن لە بوارەکانی چارەسەرکردنی ئالوودەبووان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و مەشق و ڕاهێنانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم سوودی لێ وەربگرن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، هەردوو لا ڕێککەوتن سێ تیم پێکبهێنن بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و شیکردنەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی تواناکان لە تەکنیکی لێکۆڵینەوە و تیمی شیکردنەوەی تاوانکاری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوکاری وڵاتی کەنەدا لە هەرێم.
ئەو دیاردە مەترسیدارە کاتێک زیاتر لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەند کە پارێزگاکانی عێراق بوونە مەیدانی چالاکیی میلیشیاکان و بەقاچاغبردنی مادەی هۆشبەر، دۆخەکە لە عێراق زۆر خراپە و بەهۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ عێراقدا هەیە کۆنترۆڵی ئەو سنوورانە کارێکی ئاسان نییە و لە عێراقەوە مادەی هۆشبەر جگە لە کوردستان بۆ وڵاتانی تریش دەگوازرێتەوە.
سەبارەت بە تەشەنەسەندی ماددەی هۆشبەر، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و تەنانەت لە ڕابردوودا کەسایەتییەکی باڵای سیاسی و مەزهەبیی عێراق ددانی بەو ڕاستییە نا کە هۆکاری سیاسی له ‌پشت بڵاوبوونه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌ و کەسانێک لەنێو حکوومەتی عێراق لێی سوودمەند دەبن. موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌کان بە ڕاشکاوی گوتی کێشەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی لە عێراق، هۆکارەکەی سوودمەندبوونی کەسانێکە لەنێو حکومەت و دەرەوەی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جگە لە هۆکاری ئابووری، هۆکاری سیاسیش لە پشت ئەو کارەوە هەیە.
زەرەرمەندێکی سەرەکیی ئەو بازرگانیکردنە کۆمەڵگە و ئەوانەن کە فریوی مافیاکان دەخۆن و ئاڵوودەی مادەکە دەبن و هەوڵی دەستخستنی دەدەن. هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە بە جیددی ڕووبەڕووی قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر بووەتەوە لە هەمان کاتدا لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەروونیش لە هەوڵی بنبڕکردنی و پەرەپێدانی هۆشیاریدایە. کۆتایی ساڵی رابردوو بەردی بناغەی سەنتەرێکی شارستانیی تایبەت بە هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەر لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داندرا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراویی LDS ئەمەریکییەوەوە بنیات دەنرێت.