بڕیارە ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆ دەبنەوە

سەرچاوەیەک ڕایگەیاند: بڕیارە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ، 18ی ئاداری 2025، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆ ببنەوە.

کۆبوونەوەکە، لە بارەگای سەرەکیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی شاندی باڵای هەردوو لایەن، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، دوای دیدار و کۆبوونەکەی ڕۆژی یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دێت، کە دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی “ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد و گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.”

هەردوولا جەتیان لە ئەرێنی کۆبوونەوەکە کردەوەو هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار.