ئه‌مڕۆ گەڕێكی دیكه‌ی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ دووشەممە لە چوارچێوه‌ی یارییەکانی گەڕی 23ـی خولی نایابی کوردستان، چەند یارییەکی بەهێز بەڕێوەدەچێت، سەرجەم یارییەکان کاتژمێر(3:00)ـی ئێواره‌ ئەنجام دەدەرێن، لە گرنگترین یاریی ئەم گەڕە یاریی ئاکرێ و زاخۆیە، کە زاخۆ جەنگی بردنەوەی نازناوەکەی راگەیاندووە، رزگاری و هەندرێن هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر دەدەن، پیشەسازی و رانیە و لە دەروازەی راپەرین بەیەکەوە یاری دەکەن، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتەڕوو.

زاخۆ جەنگ لەسەر نازناوەکە دەکات
یانەی ئاکرێ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات، ئاکرێ بە راهێنەرایەتی هەژار سابیر خۆی بۆ ئە یارییە ئامادە کردووە، یانەی ئاکرێ کە پاڵەوانی وەرزی رابردووە، لە هەموو یارییەک ئەرکی زەحمەتە، چونکە مامەڵەی پاڵەوانی لەگەڵ دەکرێت و هەموو تیپێک حەزدەکات ئەنجامێکی باش بەرامبەر ئەو تیپە بەدەستبێنێت، ئاکرێ ئەم وەرزە خەونی بردنەوەی جامی کوردستانی هەیە، چونکە دەزانێت ئەرکی لە خولی نایابی کوردستان زەحمەتە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، ئاکرێ خاوەنی 29 خاڵە و لە خانەی شەشەم دێت.
زاخۆ هەوڵی پێشەنگ دەدات، دۆخی زاخۆ لە زۆربەی رکابەرەکانی باشترە بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، زاخۆ بە بردنەوە لەم یارییە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە سەروو ریزبەندی دەهاوێژێت، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتی دەچێتە پێشەنگی خولەکە، خاوەنی 41 خاڵن و تەنیا دوو خاڵ لەسەروو ریزبەندی خولەکەوە دوورن، گەڕی رابردووش لەدەرەوەی یاریگەی خۆی چوار گۆڵی لە برایەتی کردووە، بۆیە لەرووی دەروونی و جەستەیەوە بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن.

رزگاری چاوی لە ئەنجامی باشترە
یانەی رزگاری لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی هەندرێن دەکات، رزگاری بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی ناچار ئەنوەر رەشیدی راهێنەر دەستی لەکار کێشایەوە، یانەکە هەرچەندە ئەمە یەکەم وەرزیەتی لە خولی نایابی کوردستان، بەڵام خەونی گەورەیان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لەم وەرزە هەیە، بەڵام کەم ئەزموونی لە خولی نایاب هۆکاری بەشێک لە ئەنجامە خراپەکانی یانەکەیەتی، رزگاری 28 خاڵی هەیە و لە خانەی حەوتەم دێت.
یانەی هەندرێن بە راهێنەرایەتی دڵشاد مەعروف، خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، گەڕی رابردوو لە خولەکەکانی کۆتایی توانیان گۆڵی یەکەم و سەرکەوتن دژی ئاکرێ تۆماربکەن، ئەمە دۆخی تیپەکەی بردە قۆناغێکی باشتر لە خولەکە، لە قۆناغی دووەم هەندرێن پێچەوانەی سەرەتای وەرزە و لە شەش یاریی رابردووی پێنج بردنەوە و یەک بەرامبەربوونیان هەیە، هاتنی کۆسرەت بایز بۆ هەندرێن دۆخی تیپەکەی تەواو گۆڕی، ئێستا بە 29 خاڵ لە خانەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکە دێن.

رانیە لەگەڵ پیشەسازی یاری دەکات
یانەی رانیە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی پیشەسازی دەکات، رانیە بە راهێنەرایەتی دارا محەممەد هەوڵی ئەوە دەدات ئەنجامێکی باش بەدەستبێنێت، چونکە لە سەرەتای وەرز ئامانجیان ئەوەبوو کە بتوانن لە ریزبەندییەکانی پێشەوەبن، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کێشەی دارایی بەرۆکی یانەکەی گرت و نەیتوانی دەستپێکێکی باشی هەبێت، بەڵام دارای راهێنەر دەیەوێت قەرەبووی ئەنجامە خراپەکان بکاتەوە و بەم یارییانەی ماویەتی بتوانێت رانییە چەند خانەیەک بباتە پێشەوە، رانیە خاوەنی 23 خاڵە و لە خانەی سێزدەیەم دێت، تا ئێستا مانەوەی لە خولی نایابی کوردستان مسۆگەر نەکردووە، دەیەوێت بە بردنەوە لەم یارییە هەنگاوێک لە ناوچەی مەترسیدار دووربکەوێتەوە.
پیشەسازی بە راهێنەرایەتی مەولود رەمەزان، یەکەم وەرزیان لە خولی نایابی کوردستان بەڕێدەکەن، سەرتا دەستپێکێکی باشیان لە خولەکە هەبوو، دواتر یانەکە تووشی کۆمەڵێ شکست هات، ئەمڕۆ دەیانەوێت بە بردنەوە لە یانەی رانیە هەنگاوێکی گەورە بۆ مانەوە لە خولی نایابی کوردستان بهاوێژن و خۆیان لە ناوچەی پڕمەترسی و کێشەی دابەزین رزگاربکەن، گەڕی رابردووش لەنێو یاریگەی خۆیان لەگەڵ یانەی رزگاری بەگۆڵێک بەرامبەر بوون، 24 خاڵیان هەیە و لە خانەی هەشتەم دێن.