مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
خافیێر تیباس، سەرۆكی دەستەی لا لیگا، بە توندی وەڵامی هەڕەشەكانی كارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدریدی دایەوە.
دوای بردنەوەیان 2-1 لە یانەی ڤیا ریاڵ، شەممەی ڕابردوو لە گەڕی 28ی لا لیگادا، كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕایگەیاند: ئەمە دوایین جارە كە لە كەمتر لە 72 كاتژمێر پشوودا یاری دەكەین.
گوتیشی: جارێكی تر ئەم كارە ناكەین، دوو جار داوامان لە دەستەی لا لیگا كردووە كە كاتی ئەو یارییە بگۆڕێ، بەڵام هیچیان نەكرد، ئەمە دوایین جارە بچینە ژێر ئەم بار و بڕیارە.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر پشووی تەواویان وەرنەگرتبێ، یارییەكە ڕەت دەكەنەوە، كارلۆ وتی: یاری ناكەین، ئەمە بڕیارە.
یانەی ریاڵ مەدرید، چوارشەممەی ڕابردوو لە یاریی چوونی گەڕی چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگ رووبەرووی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بووەوە و شەممەش لە خولی ئیسپانیا بەرانبەر ڤیاریاڵ یاریی كرد.
خافیێر تیباس، سەرۆكی دەستەی لا لیگا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: كارلۆ، ئیمیلۆ (پۆتراجینیۆ) هەواڵی پێ دای كە دەستەی خولی ئیسپانی، یاریی لیگانێسی لە گەڕی داهاتوو دیاری كردووە، كە شەممەیە و كاتژمێر 16:15، بۆ ئەوەی پشووی زیاتریان پێ بدرێ پێش یاریی نیوەی كۆتایی جام بەرانبەر ریاڵ سۆسیداد.
گوتیشی: بەڵام ئیمیلۆ، داوای لە بەڕێوەبەری پێشبڕكێیەكان لە دەستەكە كرد، كە كاتی یارییەكە بۆ 21:00 بگۆڕێ، بە دڵنیایی و بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئێوە بووە، ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی ئەو یاریزانانەی لە یارییە نێودەوڵەتییەكان گەڕانەوە.
سەرۆكی دەستەی لا لیگا، گوتیشی: ئێستە ئێمە كەمتر لە 72 كاتژمێرمان لەبەردەستە، لە نێوان فیكەی كۆتایی و یاریی رۆژی شەممە و سەرەتای نیوەی كۆتایی كە سێشەممەیە، بۆ ئەوەی باشترین تی بگاتە كۆتایی.