ئا/ بەهادین جەلال مستەفا
لە سەردەمی كۆنی گریكدا، پەرییەكی زۆر جوانی دەریا هەبوو بە ناوی “نیفیلیا”، کە بە دەنگە خۆشەکەی دڵی گوێگرانی دەبرد و قژە شۆڕەکەی وەک تیشکی خۆر دەدرەوشایەوە و، بە جوانترین كچی ئەو سەردەمە ناوبانگی دەرکردبوو. نیفیلیا لە دەریاچەیەکی پیرۆزدا دەژیا کە ئەژدیهای چاکەکار، پاسەوانییان لێ دەکرد، دەریاچەکەش بە داربی دەورە درابوو.
ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە کاتێکدا نیفیلیا لە کەناری دەریاچەکە گۆرانیی دەچڕی، خوداوەندی خۆر “هێلیۆس” گوێی لێ بوو کە ئەو كاتە بە سواری عەرەبانە زێڕینەکەی بەوێدا تێدەپەڕی، دەنگە خۆشەكە و جوانییەکەی سەرسامی کرد، بڕیاری دا دابەزێت بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکات.
کاتێک هێلیۆس ئەوی بینی، لە یەکەم بینیندا ئاشقی بوو، بۆ چەندین کات قسەیان بۆ یەکتر کرد، هەردووكیان دڵیان بۆ یەكدی لێی دەدا، بەڵام بەربەستێکی گەورە هەبوو: هێلیۆس خوداوەندی نەمری بوو، و نیفیلیاش پەرییەكی دەریای فانی بوو.
هەردووکیان زۆر خەمبار بوون، بەڵام هێلیۆس خۆی ڕانەگرت، چووە لای زیۆس پاشای خوداوەندەکان، و لێی پاڕایەوە کە ڕێگەی بدات هاوسەرگیری لەگەڵ نیفیلیادا بکات، سەرەتا زیۆس دوودڵ بوو، بەڵام لەبەردەم سووربوونی هێلیۆس و خۆشەویستییە ڕاستەقینەکەی، ڕازی بوو بە یەک مەرج: کە نیفیلیا شایستەیی خۆی بۆ نەمر بوون بسەلمێنێت.
زیۆس فەرمانی بە نیفیلیا کرد کە بەدوای گوڵە نیلۆفەری زێڕیندا بگەڕێت، کە گوڵێکی دەگمەنە و لە قووڵایی ئەشکەوتێکی تاریکدا دەڕوێت کە دێوەزمەیەکی ترسناک پاسەوانی لێ دەکات، ئەگەر نیفیلیا بتوانێت گوڵەکە بەدەستبهێنێت، ئەوا نەمر دەبێت و لەگەڵ هێلیۆس هاوسەرگیری دەکات.
نیفیلیا دوودڵ نەبوو و، دەستی بەو گەشتە مەترسیدارە کرد، ڕووبەڕووی ترسناکییەکان بووەوە، بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بوو، دواجار بە یارمەتیی ئەژدیها چاکەکارەکان کە پاسەوانیی دەریاچەکەیان دەکرد، توانیی بگاتە ئەشکەوتە تاریکەکە.
لەناو ئەشکەوتەکەدا، ڕووبەڕووی دێوەزمە ترسناکەکە بووەوە، بەڵام لە جیاتی هێز، زیرەکی و لۆژیکە باشەکەی خۆی بەکار هێنا، بە نەرمی قسەی لەگەڵ دێوەزمەکە کرد، بۆی دەرکەوت کە ئەو تەنیایە و دڵتەنگە. نیفیلیا بەڵێنی بە دێوەزمەکە دا کە سەردانی دەکاتەوە و گۆرانیی بۆ بڵێت، دێوەزمەکەش ڕێگەی دا گوڵەنیلۆفەڕی زێڕین ببات.
نیفیلیا گەڕایەوە بۆ لای زیۆس، گوڵەکەی پێشکەش کرد، زیۆس بە ئازایەتی و داناییەکەی سەرسام بوو، بۆیە نەمریی پێ بەخشی، نیفیلیا لەگەڵ هێلیۆس هاوسەرگیری کرد و، پێكەوە بە بەختیاری هەتاهەتایی ژیان.
دەگوترێت کە نیلۆفەڕی زێڕین هێشتا لە دەریاچە پیرۆزەکەدا دەڕوێت و، هەرکەسێک بیبینێت بەختی باش و خۆشەویستی هەتاهەتایی بەدەست دەهێنێت، هەروەها دەنگی نیفیلیا هێشتا لەو شوێنەدا دەزرینگێتەوە، کە مرۆڤ بە هێزی خۆشەویستی و سووربوون و وەفاداری ئاگادار دەكاتەوە.