ئارام كۆشكی – سلێمانی
مێژووی ئەدەبی کوردی خاوەنی کۆمەڵێک نووسەر و شاعیرە، کە هەمیشە جێگەی شانازیی و سەنگینی ئەدەبی کوردین. ئەگەر ئەو دەنگانە نەبوونایە مێژووی ئەدەبەکەمان دەبووە مێژوویەکی زڕ و پاشخانێکی ئەوتۆمان نەدەبوو، کە ئێستا جێگەی شانازی ئێمە بێت. یەکێک لەو دەنگانە کە سەنگیینییەکی زۆری بە ئەدەبی کوردی بەخشیوە مامۆستا عەلائەدین سەجادی-یە. ئەم نووسەر و چیرۆکنووسە لە گەلێک بواردا خزمەتی مێژووی ئەدەبی کوردی کردووە و هەر لە نووسینەوەی بەشێک لە مێژووی ئەدەبی کوردی لە دوتوێی کتێبێکدا. تا دەگاتە کتێبە بەناوبانگ و گرنگەکەی بەناونیشانی “ڕشتەی مرواری”، کە پێکهاتووە کۆمەڵێک چیرۆک و بەسەرهات و قسەی نەستەق و زۆر بابەتی دیکە.
عەلائەددین سەجادی (١٩٠٧–١٩٨٤) ناوی تەواوی عەلائەدین نەجمەدین حیسامەدین، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ھاوچەرخی کورد بووە. بەپێی ناسنامە نیشتمانییەکەی ساڵی ١٩٠٧ لە دێی باراوی لای بەرزنجە ھاتووەتە دنیاوە. بەڵام ھەندێ سەرچاوەی تر شوێنی لەدایکبوونی بە گەڕەکی قەتارچییان لە شاری سنە دادەنێن. سێ ساڵ لە ڕەواندوز و باڵەک خوێندوویەتی و بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئایینی ساڵی ١٩٢٣ ھاتووەتە سلێمانی و لەمزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە بووە بەفەقێ. ساڵی ١٩٣٨ مۆڵەتی مەلایەتی لە شێخ بابە عەلی تەکێ وەرگرتووە، و پاشان ڕوویکردووەتە شاری بەغدا لە مزگەوتی نەعیمە خاتوون لە گەڕەکی بەناوبانگی مەیدان بە پێشنوێژ دامەزراوە. لە گۆڤاری گەلاوێژ دا تا ساڵی ١٩٤٩ کەسی دووەمی گۆڤارەکە بووەو لە یانەی (سەرکەوتن)یشدا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. لە دوایی کودەتا سەربازییەکەی ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ لە بەغدا لە ساڵی ١٩٥٩ تا ساڵی ١٩٧٤ لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا مامۆستای ئەدەب و مێژووی ئەدەبی کوردی بووە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد. لەو ساڵەدا کە بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ سەری نەگرت و نێوانی دەسەڵاتی بەغدا و ڕاپەڕینی نیشتمانی کورد تێکچوو، سەجادی ساڵی ١٩٧٤ کرا بە ئەمینداری گشتی ئەوقاف (بەپلەی وەزیر) ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) کوردستانی باشوور لە شاری هەولێر. سەجادی لەلایەک ئەمەی پێ خۆش بوو، چونکە سوودی دارایی بۆی هەبوو، لەلایەکی ترەوە پێی ناخۆش بوو چونکە ئەو دەسەڵاتەی ئەو کارەی پێ سپارد بوو لە دژی کورد و فەرمانڕەوایی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ بوو. بە هەموو جۆرێک سەجادی دەیتوانی ئەم کارە نەکات. لەو پۆستە گەورەیەی میری مایەوە تا ساڵی ١٩٧٧ ئینجا خانەنشین کرا. لە دوای ئەوە گەڕایەوە بەغدا و کەوتە سەر کۆتایی هێنان بەو پڕۆژانەی بەرنامەی بۆ دانابوون لە بابەتی ئەدەبی کوردییەوە. لە ڕۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤ لە بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بەخاک سپێردرا.
یەکێک لەو بەرهەمانەی دەمێک ساڵە سەرنجی ڕاکێشاوم جگە لە مێژووی ئەدەبی کوردییەکەی مامۆستا سەجادی کتێبی “ڕشتەی مرواری”یە، ئەم کتێبە ئەگەرچی لە ڕووکەشدا وەکو کتێبێکی سادەی پەند و چیرۆک و بەسەرهاتی کورت و قسەی خۆش و نەستەق دەردەکەوێت، بەڵام سەرچاوەیەکی گرنگی ناسینی کۆمەڵگەی کوردی و مرۆڤی کوردە. لەڕێی ئەم چیرۆک و بەسەرهاتانەی مامۆستا سەجادی کۆی کردوونەتەوە، کە هەست بەوە دەکرێت بە ڕاستگۆییەکی زۆرەوە دایڕشتوونەتەوە، دەتوانین لە دۆخی مرۆڤی کوردی و بیرکردنەوەکانی لەو قۆناغانەی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی تێبگەین.
بۆ هەڵسەنگاندنی هەر کۆمەڵگەیەک ڕەنگە پێویست نەبێت توێژینەوەی مەیدانی ورد بکرێت (بێگومان ئەوەش یەکێکە لە ڕێگەکان) بەڵام وردبوونەوە لە ئەدەب و چیرۆک و بەسەرهاتە باوەکانی ئەو نەتەوەیە دەتوانرێت هەندێک ئەنجامی کۆمەڵناسیانەی لێوە دەست بخرێت، کە تێگەیشتن لەو نەتەوەیە ئاسانتر دەکات. من لاموایە مامۆستا سەجادی کۆکردنەوەی ئەم بەسەرهات و چیرۆک و قسەی نەستەق و تێڕامانانەی بەو مەبەستە کردووە، کە سەرچاوەیەک بێت بۆ ناسینی کۆمەڵگەی کوردەواری، نەک هەر ئەو ڕووکەشە بێت، کە هەموو خوێنەرێکی ئاسایی دەتوانێت بەری کتێبەکە بکەوێت.
ئەگەر زیاتر لە ناونیشانی کتێبەکە “ڕشتەی مرواری”ی وردبینەوە هەست بەوە دەکەین، کە نووسەر ناونانەکەی بەو ئامانجە بووە، کە ئێمە لە پێشەوە خستمانەڕوو و دەیەوێت لەڕێی ئەم کتێبە هەشت بەرگییەوە، کە بەرگی یەکەم و دووەمی لە ساڵی 1957دا بڵاوکراوەتەوە و بەرگەکانی تریشی لە ساڵانی دواتردا بڵاوکراوەتەوە و تا هەشت بەرگی لێ چاپ بووە. نووسەر ویستوویەتی خوێنەر داوەتی بینینی مروارییەکانی نێو “ڕشتەکەی” بکات. ئەو مروارییانەی هەموو چاوێک ناتوانێت بیبینێت و تەنها ئەو چاوانە دەتوانن بیبینن، کە توانای بینینی مروارییان هەیە.
لەم رۆژانەدا چاپێکی کۆنی بەرگی پێنجەمی ڕشتەی مروارییم لە کتێبخانەیەکی سلێمانی بینی، لەگەڵ بینینی ئەم چاپەدا چاوم چووە سەر ڕستەیەک کە لەبەشی سەرەوەی بەرگی کتێبەکەدا هەیە و لەوێدا نووسراوە “کورد بە زمانەوە دەناسرێ”. لەم ڕستەیەوە و لە خوێندنەوەی کتێبەکەوە تێدەگەین، ئەم کتێبە جگە لەو ئامانجەی لەسەرەوە باسمان کرد ئامانجێکی گەورەتری ئەوەیە، کە خزمەتی زمانی کوردی بکات. زمانی سەجادی بێئەندازە کوردییەکی خاوێن و جوانە، کە بۆ ئەوکات زیادەڕەوی ناکەم بڵێم شۆڕشێک بووە لە زمانی کوردییدا، کە بەو کوردییە جوانە بنووسیت. بۆیە گرنگی ئەم ڕشتانە ئەگەر بەدیوێکدا بەهایەکی ناوەرۆکیانەیان هەبێت بۆ ناسینی کۆمەڵگەی کوردەواری، بەدیوێکی دیکەدا خزمەتکردنێکی گەورەیە بە زمانی کوردی، هەر بۆیە کاتی خۆی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی بە بیانووی ئەوەی لەم چیرۆک و بەسەرهاتانەدا بەبێ پەردە باسی هەموو شتێک کراوە لەم کتێبە هاتنە دەنگ و ژمارەیەکی زۆریان لێ سووتاند، بەڵام خۆشبەختانە لایەنگریی گەلێک زیاتر بوو تا دژەکانی.
“ڕشتەی مرواری” تەنها یەک پەیام و یەک ئامانجی نییە، نووسەرەکەی کە خۆی مامۆستایەکی ئایینی گرنگ و ناودار بووە، بە ڕۆحێکی کوردانە و بە زمانێکی کوردی پاراو ویستوویەتی گەلێک ئامانج بپێکێت کە لەسەرەوە هەندێکیانمان باس کرد، بەهیوام بتوانین لە دەرفەتی دیکەدا بگەڕێینەوە سەری و باسی لایەنەکانی دیکەی ئەم کتێبە و مروارییەکانی نێوی بکەین.