ڕائیب جادر – هەولێر
بەبڕی یەک ملیار و ٩٨٠ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە لە زێی گەورە بۆ ١٨ گوندی سنووری قەزای خەلیفان لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و بڕیاروایە ئەمساڵ تەواو بێت و ئەو گوندانە لە کێشەی کەمی ئاو ڕزگار بن.
شارۆچکەی خەلیفان، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لەو چەند ساڵەی دواییدا بە سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو سنوورە جێبەجێ کراون، جگە لەوەی خەلیفان ناحیە بووە، دوای ھاتنە کایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە قەزا، ئەوەش ھاووڵاتییانی خۆشحاڵتر کرد و داواکارن لە کابینەی نوێدا زیاتر گرنگی بە ناوچەکە بدرێت بەتایبەتی گوند و ئاوایەکان.
پڕۆژەی گەیاندنی ئاو بۆ ١٨ گوندی دۆڵی خەلان- بیاو لە سنووری قەزای خەلیفان ٤٠%ی تەواو بووە، بە درێژایی ٣١ ھەزار و ١٠٠ مەتر بۆڕی درێژ دەبێتەوە لەگەڵ دروستکردنی ٣ کۆگای کۆکەرەوەی ئاو کە لەو ڕێگەیەوە ئاو بەسەر گوندنشینانی ئەو سنوورە دابەش دەکرێت کە پڕۆژەکە ٤٥٠ ماڵ لە قەیرانی کەمی ئاوی خواردنەوە ڕزگار دەکات، ھاووڵاتییانی ئەو گوندانەش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان دەکات، وەکو خۆیان دەڵێن، کێشەی کەمی ئاو یەکێک لەو پڕۆژانە بووە کە بەردەوام داواکاری ئێمە بووە.
مەغدید عەریف، قایمقامی قەزای خەلیفان، ڕاگەیاند، پێشتر بەشێک لەو گوندانە لە ڕێگەی تانکەرینەوە ئاویان بۆ دابین دەکرا، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو کە پێشتر ھیچ سەرچاوەیەکی ئاویان نەبوو، بەڵام بە جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژەیە ئەو کێشەیان نامێنێت.
قایمقامی قەزای خەلیفان، دەشڵێ: پڕۆژەکە قۆناغی باشی بڕیوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ھاوینی ئەمساڵدا تەواو بێت و ئاو بگاتە ئەو گوندانە و کێشەی کەمی ئاو بە یەکجاری نەمێنێت.