محەمەد لادێ – ههولێر
ساڵانە لە مانگەکانی بەهاردا، بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی ڕادەگەیەنرێت و بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، بە نووسراوێکی فەرمی وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسیی لە هەرێمی کوردستان دیاری کرد.
بەڕیوەبەرایەتیی گشتی ڤێیەرنەری و سامانی ئاژەڵ، نووسراوێکی ئاراستەی کشتوکاڵی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان، ڕاپەرین، زاخۆ و سۆران کردووە و لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە پێناو پاراستی سامانی ماسیدا، وەک سامانێکی گرنگی نیشتمانی، بڕیار درا بە دیاریکردنی وادەی وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی لە هەرێمی کوردستان کە لە رێکەوتی ٢٠ی ئازاری ئەمساڵەوە دەست پێدەكات و تا ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە رێکەوتی ٢١ی حوزەیران وەرزی ڕاوەماسی ئاسایی دەبێتەوە. ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی سامانی ماسییە و بەمەبەسی پاراستنیانە لە لەناوچوون لە وەرزی زاوزێ و گەرا داناندا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ڕاوکردن بە کارەبا و ماددە ژەهرەوییەکان و ماددە تەقەمەنیەکان و تۆڕی ورد کە دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی بەکۆمەڵی زیندەوەرە ئاوییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ڕێگەپێنەدراو دەبێت.
جێی باسە سەرەتا بڕیار بوو قەدەغەکردنەکە لە ڕێکەوتی ١٠/٣ـەوە دەست پێبکات بەڵام بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و دوای چاوپیاخشاندنەوەی بڕیارەکە وادەی قەدەغە کردنەکە گۆڕا بۆ ٢٠/٣.
هاوکات ساڵی پار لە ٥ی ئادار، وەرزی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی دەستی پێکرد و تاوەکو ١٥ حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەردەوام بوو. ساڵانە بە گوێرەی کەشوهەوا وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی ڕادەگەیەنرێت.
جێی باسە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سامانی ماسی لە هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە ڕێگەی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژییەوە توانراوە ئەم کەرتە ببووژێنرێتەوە و گەشەکردنێکی باش بەخۆیەوە ببینێت بەڵام هێشتا خواستی ناوخۆ پڕ ناکاتەوە.