شێرکۆ حەبیب
میللەتانی جیهان بە شانازیەوە یادی سەرکردە مەزنەکانیان دەکەنەوە کە بوونەتە سمبولی بەرخودان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان، ئێمەی کوردیش شانازی بەسەرکردەکانمانەوە دەکەین کە ژیانی خۆیان بۆ ئازادی و مافەکانی میللەتەکەیان تەرخان کرد، لە سەردەمە جیاجیاکان بوونە سمبول و نازناوی میللەتێک، لە نێو کوردیش ڕابەر و سەرکردەیەک خوای مەزن و دڵۆڤان بە میللەتی کوردی بەخشی ئەویش مستەفا بارزانیی نەمر بوو کە لە ڕۆژی ١٤ی ئاداری ساڵی ١٩٠٣ چاوی بە دونیا هەڵێنا لە خێزانێکی کورد و نیشتمانپەروەر و ئاینیی دەڤەری بارزان، ئەو دەڤەرەی بووە چەق و سەنتەری کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان، ئەو دەڤەرەی سەدان کەسایەتی نیشتمان پەروەر خاوەن ئەزموونی لێهەڵکەوت، هەر لەسەرەمی شێخ عەبدولسەلامی گەورە تا ئەمرۆ.
مستەفا بارزانی کەسێکی لە خۆ بوردە و سادە بوو، هەموو ژیانی تەرخانکرد بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بگەیەنیتە کەناری ئارامی و دابینکردنی مافەکانی، لەو پێناوەش ڕابەرایەتی چەندین بزوتنەوە و شۆڕشی کرد، کە دواییان شۆڕشی ئەیلول بوو لە میانەی ئەو شۆڕشە توانی دەستکەوتی گەورەی سەربازی بەدەست بهێنێت، جگە لە ڕووی سیاسیەوە بۆ یەکەم جار لە مێژوو توانی لەگەڵ دەسەڵاتی عێڕاقی ڕێککەوتنامەیەک مۆر بکات کە دان بەمافەکانی گەلی کوردستان بنێن لە چوارچیوەی دەوڵەتی عێراق کە ئەویش ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بوو، کە وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی ئەو سەرکەوتن و دەسکەوتنە مێژوویەی بۆ کورد تۆمار کرد کە جەنابی بارزانی بە خەبات و شارەزای توانی حکوومەتی عێراقی دان بە مافی کورد بنێت.
بارزانی وەنەبێت لە ڕێگای میللەتەکەی ناسراو بێت لە جیهان، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو هۆکار بوو کە کورد و کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بە جیهان بناسرێت، لە ڕۆژئاوا کاتێک دەتگوت کورد زانیاریان نەبوو تا ناوی بارزانیت نەهێنابایە، بۆیە بارزانی بووە بە سمبولی میللەتێک، بارزانی لە ژیانی کەسێکی سادە بوو، رێزی لە ئایین و کەسایەتی ئاینی دەگرت، هەروەها گوێرایەڵی هاووڵاتیان بوو، خاوەن کاریزما بوو زۆرێک لەو رۆژنامە نووسانی دیداریان لەگەڵ ساز کردوە، سەرسام بوون بە کەسایەتی بارزانی.
مەکرەم محەمەد ئەحمەد، کە ئەو کات لە ساڵی ١٩٧٠پەیامنێری رۆژنامەی ئەلئەهرامی میسری بوو دواتر بوو بە نەقیبی رۆژنامەنووسان (خۆم سەردانم کرد و باسی سەردانەکەی کوردستانی بۆ گێرامەوە)، سەردانی کوردستانی کرد و دیمانەیەکی لەگەڵ جەنابی بارزانیی نەمر ساز کرد و دەڵێ “چ سیحرێک وایکرد مستەفا بارزانی ببێتە ئەفسانەیەک لە کوردستاندا گومانی تێدا نییە کە لە ڕێگەی ژیانێکی دوورودرێژ و سەرگەردانییەوە جێگەی خۆی کردەوە، بەڵام شێخی بارزانی چۆن بوو بە پیاوی سیاسەت و شەڕ و ئەو ڕووخسارەی کە ناسیۆنالیزمی کوردی عێراق بەرجەستەدەکات؟ هەروەها دەڵێ “هەوڵم دەدا وەڵامێک بۆپرسیارێکی سەرلێشێواو بدۆزمەوە: چ سیحرێک وایکرد ئەم پیاوە ببێتە ئەفسانەی کوردستان و سەرکردایەتی کورد نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە تورکیا و ئێرانیش بکات؟گومانی تێدا نییە کە بە سەرگەردانێکی دوورودرێژ گەیشتۆتە ئەو پایە.
رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی (ئەلئەخباری میسری) لە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە میانەی دیمانەیەکی لەگەل بارزانی دەڵێ “ئاخافتن لەگەڵ بارزانی سەرنجراکێشە دەبێ وتەکان هەڵبژێری و بژاردەی بکەی، هەروەها ئەوەی جێگای پرسیارە لەگەڵ ئەوەی لە پایتەختی شوعیەکان بووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بۆ چوونەکانی شوعیەت کاریگەری لێنەکردووە، بەڵکو لەهەر وەڵامدانەوەیەک ئایەتێکی قورئانی پیرۆز وەڵام دەداتەوە.
دیفید کورن دەڵێ” مستەفا بارزانی، کارەکتەری ڕەهەندی ئەفسانەییە، لە نێو کورددا بارزانی بە ڕێژەیەک ئەفسانەیی بوو، کە ژیانی بوو بە بابەتی ئەفسانە. کەسایەتیەک بوو بۆ خەبات و سەرکردایەتیکردنی ئەوانی تر لەدایک بوو و پەروەردە بوو.