ئەمڕۆ دووشەممە ، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەى کارە خێرخوازییەکان بە بۆنەى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و هەڵمەتی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان، لە بارەگای کۆمەڵەی کەم ئەندامان لە شاری هەولێر، کۆمپانیای کار لە ڕێورەسمێکدا دەستیکرد بە هەڵمەتى دابەشکردنى ( 2 هەزار و 500 ) سەبەتەی خۆراک بەسەر خێزانی کەم ئەندامان و کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە حاجى ڕۆژ شێخ سالار بەرزنجی، بەرێوەبەری دەزگای خێرخوازی شێخ باز و ناز جەلال، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا یاوەرى بوون، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو کارە خێرخوازییە، دەستخۆشی لە کۆمپانیای کار کرد و سوپاسی هەمو ئەو کەسانەشى کرد کە بەردەوام هاوکاری خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دەکەن.
هیواشى خواست لەو مانگە پیرۆزەدا کە مانگی خێر و بەرەکەت و بەخشینە، هەموو ئەوکەسانەی لە توانایاندا هەیە هاوکاری خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت بکەن، دەستی یارمەتی و کۆمەکیان بۆ درێژبکەن، گوتیشى، هاوکاری و یارمەتیدان و خزمەتکردنی هاوڵاتییان کارێکی مرۆڤانە و بەرزە و هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە بەرزدەنرخێنین.