“پارتی حزبی یەکەمی عێراقە و هەر بە یەکەمیش دەمێنێتەوە”

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، ئەم جارە پێگەی پارتی لە بەغدا بە جۆرێک بەھێز بووە کە نەک تەنھا بەشداریی ھەڵبژاردن لە بەغدا دەکات، بگرە کێبرکێ لەسەر بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگ دەکات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پارتی حزبێکی گەورەیە لە عێراقدا و حیزبی یەکەمە و ھەر یەکەمیش دەمێنێتەوە.
جاسم محەمەد، کاندیدی ژمارە ٥٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی شەشی بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دەسەڵاتدارانی بەغدا یەکتر قبووڵ ناکەن و لە کاتێکدا لە چەندین پێکھاتە پێک ھاتووە، پێکەوەژیانی تێدا نییە، ئەمەش وای کردووە خەڵک تووڕە بێت، جگە لەوە، گەندەڵییش زۆرە و دەیانەوێت ئەزموونی پێکەوەژیانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق ھەبێت.”
جاسم محەمەد گوتیشی: ”پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە پاڵپشتی لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات، بۆیە ئەم جارە ئێمە کێبرکێیەکی باشی کاندیدەکانی دیکە دەکەین و دەنگی زۆر بەدەست دێنین و لە بەرەژەوەندیی ئێمە دەبێت و تەنھا بەشدار نابین و کاریگەریی زۆرمان دەبێت، چونکە پێگەی پارتی لە بەغدا بە جۆرێک بەھێز بووە کە کاندیدەکانی کار دەکەن زۆرترین دەنگ بەدەست بێنن.”
محەمەد گوتیشی: ”ئەم جارە تەنھا کورد نییە، بگرە ھۆزە عەرەبەکانیش دەنگ بە پارتی دەدەن و زۆرینەی ھۆزە عەرەبەکان پشتگیری لە ئێمە دەکەن، ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ ئێمە و خزمەتیان دەکەین.”

ھەواڵی زیاتر