سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت “سەرۆک بارزانی ئەوەی لەدەستی بێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەیکات، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد ھاتۆتە پێش، پێویستە ھەمووان گوێ لە ئاموژگارییەکانی سەرۆک بارزانی بگرین و پشتگیری بکەین، چونکە ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی لە ناوخۆ ودەرەوەش حیسابێکی زۆری بۆ دەکرێت.”
دکتۆر موسا کەڤال، سیاسەتمەداری کورد و شارەزا لە بواری کاروباری تورکیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرای کوردستانی ڕاگەیاند “ئەو خەباتەی سەرۆک بارزانی لە ڕابردوو و ئێستاش بۆ میللەتی کورد دەیکات بۆ ئاشتی و پاراستنی مافی نەتەوەیی، خەباتێکی مێژووییە، سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی گەورەیە و لە ھەمووپارچەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش ڕێز لە خەبات و کەسایەتیی دەگیرێت، بۆیە پشتگیری سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی لە تورکیا گرینگی زۆری ھەیە، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان گرینگی بە ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەدەن، بۆیە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کاریگەرە بۆ ئەو پرۆسەیە و دەبێتە جێگەی دڵخۆشی گەلی کورد، لەو بڕوایەدام سەرۆک بارزانی ئەوەی لە توانای بێت دەیکات، بۆ ئەوەی شەڕ بوەستێت و میللەتی کوردیش مافی خۆی بەدەست بێنێت، بۆیە پێویستە ھەموو پارتە سیاسییەکان لە پارچەکانی کوردستان ئەو دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن.”
دکتۆر موسا کەڤال گوتیشی “پێویستە ھەموو ببنە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست و پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی بکەن و مافی کوردان بەدەست بێت و ڕێگە نەدەن مافەکان ببنە قوربانی.
١٠٠ھەزار کورد لە باکوری تورکیا شەھید کراون، بۆیە ناکرێت ئەم قوربانییە بەھەدەر بچێت و مافی کورد بەدەست نەیەت، دەنا برینەکان بەزوویی دەرمان نابن، بۆیە سەرۆک بارزانی بەڕۆڵی خۆی ھەڵدەستێت و پێویستە ھەموو پشتگیری بکەن.”
کەڤال باسی لەوەش کرد “پێویستە ھەموو گوێ لە ئاموژگارییەکانی سەرۆک بارزانی بگرن، چونکە کەسایەتی و ڕۆڵی جەنابیان و خەباتە مێژووییەکەی کە لە منداڵییەوە خەبات بۆ مافی کورد دەکات بەڵگەی پەرۆشی ئەون بۆ کوردان، بۆیە پێویستە ھەمووان پاڵپشت بن و شەڕ بوەستێت و ئەو پرۆسەیە سەربگرێت، کوردیش بگاتە مافی خۆی لە باکوری کوردستان.”