مەسرور بارزانی و باڵیۆزی نەمسا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-03-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا (ئۆستریا) لە عێراق کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە “لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و بە تایبەتی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق تاوتوێ کرا.”

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی نەمسا سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کردووە بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی.