بە پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دهۆک گەورەترین کۆنفرانس لەبارەی کوردانی ئێزدی بەڕێوە دەچێت.
سەعید جەردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆک ڕایگەیاند “بنکەی لالش بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی دهۆک، گەورەترین کۆنفرانس لەبارەی دۆخی کوردانی ئێزدیی بەڕێوە دەبات.”
لەبارەی ئامانجی کۆنفرانسەکە، سەعید جەردۆ گوتی: “ژمارەیەک لە توێژەران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی بیانی، بەشداریی لە کۆنفراسەکەدا دەکەن و باس لە ئایین، مێژوو، جۆگرافیا و داب و نەریتی ئێزدییەکان دەکەن.”
سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، ئـــەوەشی خستە ڕوو “کۆنفرانسەکە ڕۆژانی 29-30ـی مانگی داهاتوو لەژێر ناوونیشانی (ئێزدی: ئایین، کەلتوور، مێژوو و جۆگرافیا) بەڕێوە دەچێت.”