پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕین

بەبۆنەی (34)مین ساڵیادی ڕاپەڕین، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە (34)مین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە، کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشدارییان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیشەوە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە.

ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لەسەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بەهۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون ، كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت.

شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان.