بۆ پێشکەوتن و دەستکەوتی زیاتر هاووڵاتیانی کوردستان دەنگ بە پارتی دەدەن

کوردستانیان دەڵێن، لەوەتەی بینیومانە هەر پارتییە خزمەتی کوردستان دەکات، ئەگەر پارتی نەبێت ئەوەی هەشمانە لەدەستمان دەچێت، بۆیە لە پێناو خۆشگوزەرانییەکی باشتر و بەرەو ئایندەیەکی گەشتر دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دەدەین.

کوردستانیان پێیان وایە، پارتی خزمەتێکی زۆری بە خەڵکی کوردستان و دۆزی ڕەوای کورد کردووە، هیچ کاتێک سازشی لەسەر مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد نەکردووە، هەمیشە لە خەبات و تێکۆشاندا بووە بۆ ئەوەی گەلی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان پارێزراو بێت.
فیلار حوسێن، هاووڵاتیەکی دهۆکە، بۆ “هەولێر” گوتی:” دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دەدەم، لەبەر ئەوەی تەنیا پارتی بووە بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵکی کوردستانی کردووە، هەر پارتییشە ئێمە بەرەو دەوڵەت بوون دەبات، مادەم حزبێک لە پێناو گەلەکەی خۆی بژیت و تێ بکۆشێت، ئێمەش بۆ ئەو حزبە خۆمان دەکەینە قوربانی و دەنگی خۆمانی پێ دەدەین.
نزار سەبری، خەڵکی ئامێدییە، بۆ “هەولێر” روونیکردەوە:” خەڵکی کوردستان چاویان لە دەستی پارتییە، بەبێ پارتی کوردستان بەڕێوە ناچێت، ئەگەر پارتی نەبێت ئەوەی هەشمانە لە دەستمان دەچێت، بۆیە رۆژی دەنگدان خۆم، خزم و کەسانم بە شانازییەوە دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دەدەین.”
تەها قادر، هاووڵاتییەکی ئیدارەی سۆرانە، بۆ “هەولێر” گوتی: زیاتر لە سەدەیەک دەبێت پارتی خەبات و تێکۆشان دەکات، بە هەزاران کەسی قارەمان لەپێناو ڕزگاربوونی خاکی کوردستانی لە دەستداوە، ئەوەش هەموو لە پێناو بە دیهێنانی خەونی گەلی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان بووە، پارتی بوو ئیرادە و هێزی داعشی تێکشکاند، لە پردێ و سحێلا رێگەی لە حەشدی شەعبی گرت و رێگەی نەدا بێتە پێشەوە، لە داهاتووش هەر پارتی بەرگری لە خەڵکی کوردستان دەکات و دەستکەوتی زیاتر بۆ گەلی کورد لە بەغدا بە دەست دێنێت، بۆیە بۆ ئاوەدانی و بەرگری زیاتر دەنگمان بۆ کاندیدەکانی پارتییە، داواش لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن.
سمۆ خەلیل، هاووڵاتییەکی دەشتی نەینەوایە، بۆ “هەولێر” دەڵێ:” دەنگی ئێمە بۆ پارتییە، چونکە پارتی خەباتی کردووە و قوربانی داوە، لەبیریش ناکەین کە هێزی پێشمەرگە بە خوێن و قوربانی دان، ناوچەکانی ئێمەی لەژێر دەستی داعش ئازاد کرد، بۆیە دەنگی پێکهاتەکانی نەینەوا بۆ کاندیدەکانی پارتییە”.
نەعمان ساڵح، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بە “هەولێر”ـی گوت:” وەکو پێشمەرگەیەک بەڵێن دەدەم لەسەر رێبازی و پارتی و بارزانی بەردەوام بم، لەبەر ئەوەی تەنیا ئەو ڕێبازە دەتوانێت داکۆکی و بەرگری لە مافی گەلی کورد بکات و خاکی کوردستان بپارێزێت، بۆیە رۆژی هەڵبژاردن دەنگمان بۆ پارتی و کاندیدەکانی ئەو حزبەیە، داواش لە هەموو خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دەکەم دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن، چونکە ئەگەر پارتی و پێشمەرگەکانی نەبن، کەس ناتوانێت بەرگری لە کوردستان بکات و وەکو ئەوەی لە کەرکووک روویدا لەناوچەکانی دیکەش خیانەت لە گەل و نیشتمانەکەی خۆیان دەکەن.
زکری عادل، دەنگدەرێکی دیکەیە، بە “هەولێر”ـی راگەیاند، دەنگدان بە کاندیدانی پارتی بە زەروورەت بۆ هەموو بوارەکانی هەرێمی کوردستان دەزانین، دەنگدان بە پارتی ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان گەشتر دەکات و زیاتر بەرەو سەقامگیری دەڕۆین، چونکە پارتی دەزانێت ژێرخانی ئابووری و بووژانەوەی کوردستان و کاروانی سەقامگیری لەژێر سایە و خەم و ئەزموونی ئەو حزبەدایە”.

ھەواڵی زیاتر