پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک: ٣٧٥ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری دهۆک ماون

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ٣٧٥ ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری دھۆک ماون. دەشڵێ: ھاوکاری دەزگا و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ماوەی دوو ساڵە زۆر کەمبووەتەوە، ئەوەش ھەموو ھۆکارەکەی حکوومەتی عێراقە، ئێستا ھەر پێنج سێکتەری ژیان لە نێو کەمپەکان حکوومەتی ھەرێم بەڕێوەدەبات.

لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ماون، کە نزیکەی ھەشت سەد ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و دوو سەد و شەست و شەش ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا، زۆربەیان لە ٣٨ کەمپی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوارە و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ٤١%ی پەنابەران و ئاوارەکان لە پارێزگای ھەولێرن، ٤٠% لە پارێزگای دھۆک و ١٩% لە پارێزگای سلێمانین، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەتی لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە، خەرجی ڕۆژانەی ھەر ئاوارە و پەنابەرێک ٣.٧ دۆلارە، بەو پێیەش بێت خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەران ڕۆژانە سێ ملیۆن و نۆ سەد ھەزار دۆلارە.

*چەند ئاوارە و پەنابەر لە سنووری دھۆک ھەن؟
– ٢٠ کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری دھۆک ھەن، ئەو ئاوارانەی کە لەنێو کەمپەکان دەژین ٢٠٨١٤ خێزان دەبن، لە دەرەوەی کەمپەکانیش ٣٥ ھەزار خێزان دەبن، لەگەڵ ٨٥ ھەزار پەنابەر، کە کۆی گشتی ٣٧٥ ھەزار کەس لە ئاوارە و پەنابەر دەبن.

* ژیان و گوزەرانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دھۆک چۆنە؟
– ھاوکاری دەزگا و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان ماوەی دوو ساڵە زۆر کەمبووەتەوە، ئێستا ھەر پێنج سێکتەری ژیان لە نێو کەمپەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات، وەکو ھەڵگرتنی پاشماوەی ئاوارەکان، دابینکردنی ئاو، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە ھەموو ئەو سێکتەرانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم بەڕێوەدەبردرێن، حکوومەتی ھەرێم بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زۆر باش توانیویەتی خزمەتی ئاوارە و پەنابەران بکات، ئاوارە و پەنابەرانیش وەکو ھەر ھاووڵاتییەکی دیکەی سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ سوودمەندن لە خزمەتگوزارییەکان و بە ئازادانە لەنێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین و دێن و دەچن.

*ھۆکار چییە ڕێکخراوەکان ھاوکارییەکانیان ڕاگرتووە؟
– یەکێک لە ھۆکارە سەرەکیەکانی کەمبوونەوەی ھاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراقە، کە ھەر ناوبەناو لێدوانێک دەدەن و دەڵێن حکوومەتی عێراق زەنگینە و پێویستی بە ھاوکاری دەرەوە نییە، ئەوەش وای کردووە کە ڕێکخراوەکان پشت لە ئاوارەکان بکەن و دەستی ھاوکاری بۆ درێژ نەکەن.

*مادەم وایە بۆچی حکوومەتی عێراق ھاوکاری خەڵکی خۆی ناکات؟
– حکوومەتی عێراق وەکو مەلەفێکی سیاسی دەڕوانێتە دۆسیەی ئاوارەکان، ئەمە لە کاتێکدایە دەبوایە حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی ھەستابایە، چونکە ئەو خەڵکەی کە ئاوارە بوونە ھەموو خەڵکی عێراقن، ھەروەھا ١٤ کەمپ لە سنووری دھۆک لەسەر زەوی و زاری جووتیاران دروست کراون، گرێبەستمان لەگەڵ ھەیە، دەبێت ساڵانە حکوومەتی عێراق کڕێی ئەو زەویانە دابین بکات، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە کرێی زەوییەکان نەدراوە، ھەروەھا دەبوایە ھەموو مانگێک سەبەتەی خۆراک بەسەر ئاوارەکاندا دابەش بکرێت، بەڵام ھەموو ساڵی ڕابردوو تەنیا ٥ مانگ خۆراکیان وەرگرتووە، ئەویش نیوە بووە.

*ھۆکار چییە ئاوارەکان ناگەڕێنەوە؟
-ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نەبوونی ئەمن و ئەمان و پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەگەڕێتەوە، ئەگەر باسی شارۆچکەی شنگال بکەین، ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەو شارە بۆ نەبوونی ئەمنیەت لەو شارە دەگەڕێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێم ئیمزا کرا، ھەموو ئەو خاڵانەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ھەبوون لە بەرژەوەندی خەڵکی شنگالدا بوون، یەکێک لەو خاڵانە ئەوە بوو کە دەبێت گروپە لە یاسا دەرچووەکان لە شارەکە نەمێنن، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ئەندامانی ئەو گروپانە زیاتر دەبێت، ئەوەش وای کردووە کە ڕۆژانە تورکیا بۆردومانی ناوچەکە بکات و خەڵکی سڤیل ببنە قوربانی، ئەوەش ھۆکار بووە کە ھاووڵاتییان نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، ھەروەھا حکوومەتی عێراق جیددی نییە لە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و ناوچەکانی دیکە، دەبوایە حکوومەتی عێراق قەرەبووی ھەموو ئەو خەڵکەی کردبایەوە کە زیانیان بەرکەوتووە بەتایبەتی خەڵکی شنگال، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لە ھەمان کاتدا ئەمنیەت لەبار بایە و دەستی خزمەتگوزاری گەیشتبایە ناوچەکانی ئەوان بۆ ئەوەی خەڵکی ئاوارە بوو بگەڕێنەوە.

*ھۆکار چییە خەڵکی شنگال دووبارە دەگەڕێنەوە کەمپەکان؟
– خەڵکی شنگال و دەوروبەری تەنیا ٣٠% گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام زۆرجار ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە لەبەر باری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری دووبارە دەگەڕێنەوە کەمپەکانی سنووری دھۆک، لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چەندین خێزان پەیوەندیان بە ئێمەوە کردووە و دەیانەوێت دووبارە بگەڕێنەوە کەمپەکان، ئەوەش ھەموو پەیوەندی بە باری ئەمنی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە ھەیە.

*پێویستە چ بکرێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟
– جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال، کلیلی چارەکردنی کێشەکانی شنگالە، تا خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونکە ھەر کاتێک گروپە لە یاسار دەرچووەکان لە ناوچە کوردستانییەکان نەمان و خەڵک قەرەبوو کرایەوە، دەستی ئاوەدانی گەیشتە ناوچەکانی ئەوان، ھاووڵاتییان لە کەمپەکان نامێنن و دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، کە زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەو خەڵکە ئاوارە بوونە تا ئێستا لەبەر ئەو ھۆکارانەی کە باسم کردن ناتوانن بگەڕێنەوە و لەژێر خێمەیەکی دوو مەتریدا دەژین.