شێركۆ بێكه‌س وەک شاعیرێکی ئەزموونگەر

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

“تۆماس ئیلیۆت جارێک ئاماژەیدا کە شاعیری ڕاستەقینە ئەو شاعیرەیە، کە دەربارەی ئەزموونەکان نووسیویەتی، بەرلەوەی توشی خۆی ببن.” شێركۆ بێكه‌س، یه‌كێكه‌ له‌و شاعیره‌ ئەزموونگەرانەی كورد، خاوه‌نی به‌رهه‌مگەلێکی زۆری چاپكراوه‌ و له‌نێو ئه‌م به‌رهه‌مانه‌شدا ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك شێواز و یه‌ك شێوه‌ی شیعرنووسین به‌رده‌وام نه‌بووه‌. شیعر لای ئەم شاعیرە وەکو لێکۆڵەران ئاماژەی پێ دەدەن “خستنەڕووی بیرۆکە نییە، ئەوەندەی باسکردنە لە ئەزموون، چونکە مەبەستییەتی ڕوانینەکانی بۆ ژیان بخاتەڕوو، بۆیە بەردەوام شیعرەکانی ڕەنگدانەوەی ئەزموونن، ئەزموونێک کە تێکەڵەیەکە لە ڕۆشنبیریی و موعانات.” ئەو گوتەیەی ئیلیوتیش بۆ سەیرکردن و خوێندنەوەی ئەزموونی شێرکۆ بێکەس گەلێک نزیکە.

زۆر شاعیر هه‌ن كه‌ له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیانه‌وه‌ تا كۆتایی ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك شێواز شیعر ده‌نووسن و توانای ئه‌زموونكردنی جۆری دیکەی شیعر و ڕێگه‌ و شێوازی دیكه‌یان نییه‌، به‌ڵام شێركۆ بێكه‌س له‌و شاعیرانه‌یه،‌ كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعرنووسینیه‌وه‌ و به‌تایبه‌ت پاش به‌یاننامه‌ی ئه‌ده‌بی ڕوانگه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه، شێوازی دیكه‌ی شیعرنووسین و بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ ژانرەکانی تردا ئەزموونی نوێ تاقی بكاته‌وه‌ و شیعر بە هەموو قورسایی و سەنگی خۆیەوە و بە زمانە باڵاکەیەوە ئاوێته‌ی ژانره‌كانی دیكه‌ی نێو دونیای ئه‌ده‌ب بكات و شیعر ته‌نها له‌نێو خۆیدا وه‌كو ژانرێكی تایبه‌ت قه‌تیس نه‌كات. شێرکۆ بێکەس لەنێو ئەدەبی کوردیدا لە ڕیزی هەرە پێشەوە ئەو شاعیرانەیە، کە دەتوانین بڵێین شاعیری پەیمانبەستنی ژانرەکانی دیکەیە لەگەڵ شیعردا. واتە ئەم شاعیرە بووەتە جۆرێک پرد لەنێوان ژانرە ئەدەبییەکاندا و لەنێو دەقەکانی ئەودا ئەو ژانرانە بە یەکتری دەگەن.
هه‌ر له‌ دوای دوو دیوانی سەرەتای ئەزموونی شیعرییه‌وه،‌ هه‌وڵی ئاوێته‌كردنی شیعر و شانۆی داوه‌ و ئه‌ویش له‌ دیوانی سێیه‌میدا ڕه‌نگیدایه‌وه،‌ كه‌ له‌ ساڵی 1971دا به‌ناوی “كاوه‌ی ئاسنگه‌ر” بڵاوی كرده‌وه‌. پێنج ساڵ دواتر هه‌مان ئاوێته‌كردنی شیعر و شانۆی له‌ ده‌قی “ئاسك”دا ئه‌زموونكردووه‌ و له‌ پاشانیشدا هه‌وڵی نووسینی قه‌سیده‌ی درێژی داوە، كه‌ ده‌توانین نموونه‌ی دوو سرودی كێوی 1980 و داستانی هه‌ڵۆی سوور 1985 بهێنینه‌وه. دواتریش هه‌وڵی نووسینی پۆسته‌ره‌ شیعر و ڕۆمانه‌شیعری داوه‌. هه‌روه‌ها توانای شیعریی له‌ په‌خشانه‌ شیعر و له‌ په‌خشان و دواجاریش له‌ ده‌قی واڵادا تاقی كردووەته‌وه‌. كۆی ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ئەم شاعیرە (به‌ده‌ر له‌وه‌ی وەڵامی ئەوە بدەینەوە سه‌ركه‌وتووه‌ یان نا) ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه‌ شێركۆ بێکەس چەشنی شاعیرێکی ئەزموونگەر به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌زموونكردندا بووه‌ و نەیویستووه‌ له‌ یه‌ك جێگه‌دا و بە یەک شێوەی شیعرییەوە ڕەنگ بگرێت ئه‌و یاخییه‌ك بووه‌ له‌نێو دونیای شیعردا و ته‌نها یاخیبووی نێو ده‌قه‌كان و دونیا شیعرییه‌كه‌ی بووه‌. به‌ڵام شێركۆ بێکەس نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و یاخیبوون و ئارامنه‌گرتنه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر شیعر و له‌گه‌ڵ وشه‌دا هه‌یه‌تی بیگوێزێته‌وه‌ بۆ نێو ژیان و زۆرجار، یان زۆربه‌ی ژیانی له‌نێو سیستمێکی سیاسی و نزیک لە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراودا به‌سه‌ر بردووه‌ و ئەمەش دژ بەو ڕۆحی یاخیبوونەی شیعر لە بنەڕەتەوە دەیخوازێت.
د. لوقمان ڕەئوف لەبارەی قۆناغبەندی ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەسەوە شیعری ئەم شاعیرە بۆ سێ قۆناغ پۆلێن دەکات و ئەویش بەمشێوەیەیە:
قۆناغی یەکەم: (1958-1969) قۆناغی لاساییکردنەوەی عەبدوڵڵا گۆران-ی شاعیر، یان ڕێبازی گۆرانی، چونکە لەم قۆناغەدا ئەم شاعیرە گۆرانی کردووەتەوە مامۆستای خۆی و ئەو شیعرانەی نووسیویەتی پیشانی گۆرانی داوە و گۆران بۆی چاکردووە، بۆیە ئەم ڕەوتە هەمان ڕەوتی شیعرەکانی گۆرانە.
قۆناغی دووەم: قۆناغی نوێی شیعر (1970-1989): ئەم قۆناغە پاش گەڵاڵەبوونی بیرۆکەی ڕوانگە و ڕاگەیاندنی دەست پێ دەکات، تێیدا شیعر بە ئاراستەیەکی نوێ و جیاواز لە ڕابردووی خۆی دەنووسێت، زیاتریش کاریگەری شاعیرانی نوێی عەرەبی لەسەرە، بەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە نزیکەی ئەم شاعیرەوە لە بەغدا لەگەڵیاندا هەیبووە.
قۆناغی سێیەم: قۆناغی بە میتۆدبوونی شیعری شێرکۆیە، ئەم قۆناغەش ئەو شیعرانە دەگرێتەوە، کە شێرکۆ بە جیاواز لە قۆناغەکانی ڕابردوو نووسیویەتی و بوونەتە ناسنامە و شوناسی شیعری شێرکۆ بێکەس و گرنگترین ئەم بەرهەمانەش کە دەچنە ئەم قۆناغەوە دیوانەکانی: (دەربەندی پەپوولە، خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ، بۆننامە، ڕەنگدان، گۆڕستانی چراکان، سروودە بەردینەکان، کورسی، ملوانکە، ئێستا کچێک نیشتیمانمە، ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە)یە.
ئەم قۆناغبەندییەی د. لوقمان ڕەئوف پێموایە یەکێکە لە قۆناغبەندییە گرنگ و بەبایەخەکانی ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەس، بەڵام ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە لە قۆناغی سێیەمدا باس لە قۆناغی بە میتۆدبوون دەکات، ڕاستی ئەم بابەتە کەمێک لێڵە و پێموانییە ناونانێکی دروست بێت، بەڵکو دەشێ ئەم قۆناغە ناوبنێین قۆناغی پێگەشتن و گەشەسەندنی تەواوەتی شیعریی شێرکۆ بێکەس، کە شاعیر لەم قۆناغەدا توانا و دەسەڵاتی بەسەر زمان و شیعر وەکو ژانرێکی باڵا و تەوزیفکردنی لەنێو وێنە و ئایدیاکان لەنێو تێکستەکانیدا لە ئاستێکی گەلێک باڵایە و هەر لەم قۆناغەشدا ئەزموونکردنی دەقی واڵا لەدایک دەبێت.
لێرەدا دەشێت کەمێک سه‌رنج بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و ئاوێته‌كردنه‌ی شیعر و چیرۆك و ڕۆمان لای شێركۆ بێکەس و هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی ده‌قی واڵا له‌م سێ ژانره‌دا ده‌بینین به‌هۆی نزیكی ئەم شاعیرە بووه‌ له‌ دونیای گێڕانه‌وه‌وه‌. به‌و پێیه‌ی ئەم شاعیرە، وەک خۆی له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و خوێنه‌رێكی به‌رده‌وامی ژانری ڕۆمانه‌، به‌ڵام كه‌متر فیكر ده‌خوێنێته‌وه‌. ئه‌م نزیكبوونه‌ی له‌ ژانری ڕۆمان كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ده‌قه‌كانی ئه‌م شاعیره‌ هه‌بووه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌و ئاوێته‌كردنه‌ی نێوان شیعر و ژانره‌كانی دیكه‌ بووبێت.
شێركۆ بێکەس له‌ ژیانی ئه‌ده‌بیدا دوو ڕۆمانی له‌ زمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردووه‌ به‌ كوردی، كه‌ یه‌كه‌میان شاكاره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئیرنست هه‌مه‌نگواییه‌ به‌ناوی “پیره‌مێرد و زه‌ریا”. دووه‌میشیان ڕۆمانێكی لیوناردۆ فرانكه‌ به‌ناوی “ژنێك و دوو پیاو”.
یه‌كێك له‌و سیما دیارانه‌ی شیعری شێركۆ بێكه‌س گۆڕانی به‌رده‌وامه‌ له‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌یدا. بێگومان لێره‌دا من ته‌نها مه‌به‌ستم له‌ گۆڕانی فۆڕمی شیعریی نییه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستم له‌ گۆڕانه‌ له‌ هزری شیعرییدا. ئەم شاعیرە به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین یه‌كێك بووه‌ له‌و شاعیرانه‌ی كه‌ به‌ سه‌دان شیعریی نیشتیمانی هه‌یه‌ و شیعری بۆ چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی شەهید و ڕووداوی جۆراوجۆری سیاسی نووسیوه‌. ئه‌و له‌ سه‌نگه‌ری خه‌بات و شۆڕشگێڕیدا لەگەڵ نەتەوەکەدا بووه‌ و تاڕاده‌یه‌كی زۆریش نیشتیمانی لا پیرۆز بووه‌. به‌ڵام ئه‌م پیرۆزیه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕیندا له‌ زۆر جێگادا تێكده‌شكێت. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ده‌قی “كورسی و ئێستا كچێك نیشتیمانمه”‌ بده‌ین. ده‌بینین شێركۆ چۆن له‌و پیرۆزییه‌ی داوه،‌ كه‌ به‌شێك له‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كه‌ی پێشووتر هه‌یبووه‌.
به‌ختیار عه‌لی له‌ باره‌ی ده‌قی ئێستا كچێك نیشتمانمه‌ ده‌ڵێت:
“شێركۆ بێكه‌س له‌ یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا وه‌ك شاعیری نیشتمان ناسراوه‌، به‌و مانایه‌ی نیشتمان بابه‌تی سه‌ره‌كی و وشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌زموون و ژیان و شیعری شێركۆیه‌. نیشتمان به‌ وێنه‌ی جیاواز و تراژیدیا جیاوازه‌كانییه‌وه‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی شیعری ئه‌م شاعیره‌ بووه‌ كه‌ تاكه‌ شاعیری ئێمه‌یه‌ له‌ شیعر ماندوو نابێت و بێوچان وه‌كو سه‌ره‌كیترین كه‌ره‌سته‌ی ته‌عبیر به‌كاری ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌ مانیفێستی گه‌ڕانه‌وه‌ی شێركۆ بووبێت بۆ نیشتیمان. ئێستا كچێك نیشتمانمه‌ مانیفێستی تووڕه‌بوون و وه‌رگه‌ڕانی شێركۆیه‌ له‌ نیشتمان”.
ئه‌گه‌ر له‌و چه‌ند ڕسته‌یه‌ به‌ختیار عەلی وردبینه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ گرنگی ئه‌زموونی شێركۆ بێکەس ته‌نها له‌ ڕووه‌ فۆمییه‌كه‌یه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌شدایه‌، كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خیانه‌ت له‌و ڕابردووه‌ بكات، كه‌ نزیكه‌ی بیست ساڵی ئه‌زموونه‌كه‌ی بۆ ته‌رخان كردووه‌. به‌ڵام دیسان ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌وه‌ جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م یاخیبوونه‌ به‌رده‌وامی نابێت و هه‌مان شاعیر له‌ ده‌قی دواتریدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای نیشتمان و دیسان ده‌یه‌وێت باسی به‌شێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی بكات. ئەم شاعیرە لە ده‌قی “ئه‌سپێك له‌ په‌ڕه‌ی گوڵاڵه‌” گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كجاری شێركۆیه‌ بۆ باوه‌شی نیشتیمان باوه‌شێك، كه‌ له‌ ده‌قی “ئێستا كچێك نیشتیمانمه‌”دا خۆی لێ ده‌ربازكرد و لێی یاخی بوو. به‌ڵام ئه‌م یاخیبوونه‌ كاتی بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ یاخیبوونی هه‌میشه‌یی.
ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر زمان لای ئەم شاعیرە بكه‌ین ده‌بینین زمانی دەقەکانی نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆری تێدایه‌ له‌ زمانی باوی خه‌ڵكه‌وه، یان دروستترە بڵێم زمانێکی ڕوونی بەکارهێناوە، نەک زمانێکی تەمومژاوی و ئاڵۆز‌. هەر بۆیە دەبینین زمان لای شێرکۆ بێکەس لەگەڵ ئەو ڕوونی و نزیکیەی لە زمانی خەڵکەوە، بەڵام مه‌ودایه‌كیش له‌نێوانیاندا هه‌یه‌. به‌ڵام به‌گشتی ئەم شاعیرە له‌ هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌دا بووه‌ له‌ زمانی عامه‌ی خه‌ڵك. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌رده‌وام له‌نێو زماندا له‌ هه‌وڵی گه‌ڕان و كه‌شفكردنی وشه‌ی نوێ و موفره‌ده‌ی تازه‌دا بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیانهێنێته‌ نێو شیعره‌كانییه‌وه‌. شێركۆ له‌ زۆرێك له‌ ده‌قه‌كانیدا وشه‌ی نوێ و زۆر به‌كار نه‌براوی به‌كارهێناوه‌. هه‌روه‌ها چه‌ند له‌ هه‌وڵی به‌كاربردنی موفره‌ده‌ مۆدێرنه‌كانی دونیای نوێدا بووه‌ و هێنده‌ش له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ موفره‌ده‌ی سه‌رزاری گوندنشینانیش له‌نێو شیعره‌كانیدا بتوێنێته‌وه‌. به‌مه‌ش ئەم شاعیرە گه‌مه‌یه‌ك ده‌كات له‌نێو زمانی شارستانی و مۆدێرن و زمانی نێو گوندنشینان و ده‌خوازێك ئاوێته‌یان بكات و ده‌یشیكات. بۆیه‌ په‌رجووی به‌شی زۆری ده‌قه‌كانی له‌ زمانی شیعریی ئه‌م شاعیره‌دایه‌.
به‌گشتی ده‌وڵه‌مه‌ندی و فره‌ لقی ئه‌زموونی شیعریی شێركۆ بێکەس بواری ئه‌وه‌ بۆ لێكۆڵه‌ر ده‌ڕه‌خسێنێت، كه‌ له‌ زۆر ده‌روازه‌وه‌ بێته‌ نێو دونیا شیعریه‌كه‌ی و كاری له‌سه‌ر بكات و ئێمە لەم کتێبەدا تەنها لە هەوڵی تیشک خستنە سەر چەند لایەنێکی کەمی ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەدایین.

ئەو سەرچاوانەی سوودیان لێ وەرگیراوە:
1-تێری ئیگڵتۆن، شیعر چییە؟ و: زانموا محەمەد، بڵاوکراوەی شیعر، ژمارە چوار، لاپەڕە (157).
2-د. لوقمان ڕەئوف، چەمکی شیعر و شاعیری، لێکۆڵینەوە، لاپەڕە(42).
3-بەختیار عەلی، گوتەیەکی کورت لە نێو کتێبی (ئێستا کچێک نیشتمانمە). لاپەڕە (290).