ئاستی بارینی وەرزی نوێی بارانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا

وەرزی بارانی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا وەرزێکی تەڕ و پڕباران و بەفر بووە و، شەپۆلی ڕابردووی بەفریش هێندەی تر دڵی خەڵک و جووتیارانی خۆش کرد. بە پێی دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ چوارشەمیش شەپۆلێکی تری بەفر دەست پێ دەکاتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان بەفر یان باران دەبارێت و، پێشبینی دەكرێت لە پایتەختیش کەمێک بەفر ببارێت.

ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەری دەخات، لە هەندێک شوێن لە هەرێمی کوردستان تا نزیکەی ٥٠٠ ملم بارین هەبووە و، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفرێکی زۆر باریوە و پێشبینی دەکرێ لەمساڵدا کانیاوی زیاتر ببووژێنەوە، کە پێشتر لەبەر کەمئاوی و وشکەساڵی وشک ببوون یان ئاوەکانیان کەمی کردبوو.
بەگشتی لە هەرێمی کوردستان زۆرترین باران لە چوارتای پارێزگای سلێمانی باریوە و گەیشتووەتە ٤٩٨ ملم و کەمترین بارانیش لە دیبەگە تۆمار کراوە کە ٩١ ملم بووە.
لە پارێزگای هەولێر هەولێر تا ١٧ی ئەم مانگە زۆرترین بڕی باران لە مێرگەسۆر باریوە کە سەرووی ٤٤٠ ملمە و لە دوای ئەو ناوچەیەش بارزان بە ٣٣٠ ملم دێت، پیرمام لە ڕیزبەندی سێیەم شوێنی پڕبارانی چەند مانگی ڕابردووی پارێزگاکە دێت و لەوێش ٣٣٠ ملم بران باریوە.
لە هەولێری پایتەخت ١٥٦ ملم باران باریوە. لە هیران ٢٨٥ ملم ، لە سۆرانیش ٢٩٠ ملم باریوە. لە حاجی ئۆمەران جگە لە بەفر ٢٥٨ ملم باران باریوە، لە شەقڵاوە ٢٠٤ ملم، لە ڕواندز ٣١١، لە شەمامک ١٣٨، لە سمێڵان ١٧٦ ملم و لە سیدەکان ٢٧٠ ملم باریوە. کەمترین بڕی دابارینی ئەمساڵ لە پارێزگای هەولێر لە دیبەگە تۆمار کراوە کە تەنیا ٩١ ملمی لێ باریوە.
لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین دابارین لە چوارتا بووە و، ٤٩٨ ملمی لێ باریوە و تەنیا دوو ملمی ماوە بگاتە نیو مەتر و ئەگەر لە چەند مانگی داهاتووشدا بارانەکان هاوشێوەی ئەم مانگە بەردەوام بن ئەوا لە کۆتایی وەرزی باراندا لە یەک مەتر یان هەزار ملم تێدەپەڕێت. کەمترین بڕی بارین لەو پارێزگایە لە سەنگاو تۆمار کراوە کە ١٦٦ ملمە. لە پێنجوێن ٤٢٧ ملم، لە سلێمانی ٢٢٩ ملم، لە چوارقوڕنە ٣٢٠ ملم، لە قەرەداغ ٣٨١ ملم باریوە.
لە پارێزگای دهۆک زۆرترین باران لە وەرزی زستانی ئەمساڵ لە دینارتە باریوە، کە بریتی بووە لە ٣٢٣ ملم، کەمترین بڕی بارانیش هەر لەو پارێزگایە لە ناوەندی پارێزگاکە تۆمار کراوە کە ٩٤ ملم بووە.
لە ئاکرێ ٢٢٨، ملم، لە بامەڕنی ١٧٦، لە گردەسین ١٧٠، لە سەرسنک ١٦٠، لە بەردەرەش ١٦٤، لە ئامێدی ١٦٠ و لە زاویتەش ١٨١ ملم باران باریوە.
ئەمساڵ لە پارێزگای کەرکووکیش ڕێژەیەکی گونجاو باریوە هەرچەندە لەچاو پارێزگاکانی تری کوردستان کەمترە و هەر خۆی لەو پارێزگایە کەمتر دابارین هەیە.زۆرترین بڕی باران لە مەیدان تۆمار کراوە کە ١٦٣ ملمە لە شوان ٨٦ ملم و لە سەنتەری کەرکووک ٧١ ملنم باران باریوە هەروەها لە خانەقین ٥٧ ملم و لە خورماتوو ١٢٥ ملم باران باریوە.
زۆرترین بڕی باران لە پارێزگای هەڵەبجە لە تەوێڵە تۆمار کراوە و ٣٧٢ ملم بارانی لێ باریوە، لە خورماڵ کەمترین باران تا ئەم ساتەی وەرزی باران تۆمار کراوە کە ٢٦٦ ملمە، لە هەڵەبجە ٢٦٨ ملم و لە سیروان ٢٦٩ ملم و لە بیارە ٣٠٣ ملم باریوە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییەش بکرێت لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانیش وەرزی باران و بەفری ئەمساڵ گونجاو بووە و ئەو بەفرەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باری لە نیو سەدەی ڕابردوو بێ وێنە بووە و هەر ئەوەش بووە مایەی دڵخۆشی و شادیی خەڵک.

ھەواڵی زیاتر