پەکەکە بەرپرسە لە مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیای شنگال

مانەوەی پەکەکە و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال درێژەی کێشا و بوونەتە هۆکاری ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی سەدان هەزار ئاوارەی شنگال بۆ زێدی خۆیان و هۆشداریش لەوە دەدرێت بەو هۆیەوە و بە درێژەکێشانی دۆخەکە دیموگرافیای شنگال گۆڕانی بەسەردا بێت.

لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ماون، کە نزیکەی ھەشت سەد ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و دوو سەد و شەست و شەش ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا، زۆربەیان لە ٣٨ کەمپی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوارە و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەتی لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە، خەرجی ڕۆژانەی ھەر ئاوارە و پەنابەرێک ٣.٧ دۆلارە، بەو پێیەش بێت خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەران ڕۆژانە سێ ملیۆن و نۆ سەد ھەزار دۆلارە.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هۆشداریی لە دۆخی شنگالدا و ڕایگەیاند؛ لە ساڵی 2014، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کرد، هاوکات قەیرانێکی سەپێنراویش بەسەر حکوومەتی هەرێم داسەپێنرا تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
بەڕێوبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، ئەوەشی خستەڕوو؛ ئیستا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە کوردستان ماون، هەروەها چەندین هۆ هەن کە بووەتە ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان و تاوەکوو ئەمڕۆ چارە نەکراون. ئاماژەی بەوەش کرد، 350 هەزار ئاوارەی شنگالمان هەیە، لەبەر هێزەکانی پەکەکە و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، هەروەها حکوومەتی فیدراڵیش ئەو بابەتەی چارە نەکردووە تاوەکو ئەو ئاوارانە بەسەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
وتیشی؛ ئاوارەی ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، لە هەرێمی کوردستان هەن، کە تاوەکوو ئیستا بەڵگەنامەی یاساییان نییە و شوێنەکانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لێژنەیەکی باڵا لە نێوان هەرێم و بەغدا پێک هێنراوە بۆ ئەوەی کیشەی ئاوارەکان چارە بکات.
ئەوەشی خستەڕوو؛ ئێمە پێمان خۆشە ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان بۆ ئەوەی گۆڕینی دیمۆگرافیا ڕوو نەدات، هەروەها چەند ڕۆژێک بینیمان کوردەکانی ماددەی 140 چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کرا، بۆیە ئەوەی لە کەرکووک ڕوو دەدات جێگەی نیگەرانییە، بەشێکی زۆری ئەو ئاوارانەش هی ئەو ناوچانەن، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بە جیددی بێتە سەر هێڵ و ئەو بابەتە چارە بکات.
وتیشی؛ خەرجیی و تێچووی ئاوارەکان، زیاتر لە سەدا 80ـی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، حکوومەتی عێراق لەو بابەتەدا وەکوو پێویست هاوکار نییە و ئاژانسە نێودەوڵەتیەکانیش هاوکارییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
پێشتریش، پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دھۆک، سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ غەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاندبوو؛ دەبێت بارودۆخی ناوچەکە ئارام بێت، ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە جێبەجێ بکرێت، ھەموو ئەو بەندانەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتوونە لە بەرژەوەندی خەڵکی شنگالدا بوون، یەک لەو بەندانە ئەوەبوو کە گروپە چەکدارەکان لە شنگال نەمێنن، چونکە لەبەر ئەو گروپە چەکدارانە بەردەوام تورکیا ناوچەکە بۆردومان دەکات و خەڵکی سڤیل دەبێتە قوربانی، دووەم ٢٥٠٠ کەس دابمەزرێن وەکو پۆلیس ھەموو خەڵکی شنگال بن، سێیەم قەرەبووی ئەو خەڵکە بکرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەش ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێتەوە شنگال و ناوچەکانی دیکە.
ئەوەشی بە هەولێر وتبوو؛ پەکەکە و گروپە چەکدارەکانی دیکە بەردەوام خەڵک دەڕفێنن، ئەو منداڵانەی لە شنگالن، بەزۆر دەباتە ڕیزەکانی خۆی و لە قوتابخانەکانی خۆی بەو شێوەی کە ئەوان دەیانەوێت پەروەردە دەکەن، ئەوەش ھۆکارە خەڵک نەگەڕێتەوە و ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە ئەوانیش ئاوارە ببنەوە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، زیاتر لە شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شارەکەی لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ماون، کە نزیکەی ھەشت سەد ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و دوو سەد و شەست و شەش ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا، زۆربەیان لە ٣٨ کەمپی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوارە و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین