گوتاری حەمەسەعید حەسەن/ سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی لە دیداری زمانی دایکدا

بۆچی کە نووسینی هەندێک نووسەر دەخوێنینەوە، لە مەبەستیان تێناگەین؟ چونکە ئەوی خاوەنی زمانێکی جوان و ڕوون نەبێت، ئیدی دەربڕین بە هانایەوە نایەت و خوێنەریش یان لێی حاڵی نابێت، یان خراپ لێی تێدەگات. هەمیشە ئەوە نووسەری زمانلاوازە، کێشەی ئەوەی هەیە، خوێنەر بەد لە مەبەستی تێدەگات، ئاخر بێ زمانێکی جوان، نەک هەر ناتوانین بە دروستی بیر بکەینەوە، ڕەنگە هەر توانای بیرکردنەوەیشمان نەبێت، ئیدی خوێنەر چۆن لێمان حاڵی ببێت؟

زمانی جوان، زمانێکی قورس و ئاڵۆز نییە، ڕوونە بەڵام سەنگینە بە مانا. وەک چۆن بەژنێکی زراڤ، لە جەستەیەکی گۆشتن، جوانترە، لە زمانیشدا کورت و پۆخت و ناوقەدباریک پەسەندترە، نەک تەنگەئەستوور کە خۆی لە درێژدادڕیدا دەبینێتەوە. کە زمان چڕ و ڕوون نەبوو، ئیدی فیکری دەوڵەمەند، خەیاڵی فراوان، تەکنیکی نوێ و چنینی هونەری پەک دەخات. ئەوە هەر زمانی لاوازیشە کارێک دەکات، بڕوا بەو ڕووداوە نەکەین کە نووسەر دەیگێڕێتەوە، ئاخر ئەوە زمانی جوان و گونجاوە کارێک دەکات، خوێنەر متمانەی بە نووسەر هەبێت و بە ڕاستبێژی بزانێت.

زمانی جوان ئەوەیە، ئەو زمانە باوەی هەیە، بژاری بکەین و زمانێکی ڕۆشن و کورتبڕی لێ چێ بکەین، زمانێک پشتی کردبێتە ڕەوانبێژیی دێرین و باقوبریقی سەردەم بەسەرچوو. بۆ ئەوەی نووسینمان مۆرکی زمانی کوردیی پێوە بێت، نابێت لە قوڕی شێوەزاری ناوچەیەکدا بچەقین. نووسەر بەسەر زماندا زاڵ نەبێت، نە دەتوانێت بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بنووسێت، نە دەتوانێت پشکۆی تامازرۆییی خوێنەر، بۆ تەواوکردنی نووسینەکە بە گەشاوەیی بهێڵیتەوە. هەقە زمان ئەوەندە جێی بایەخمان بێت کە بە ئامانجی بزانین نەک بە ئامراز.

بەشێکی زۆر لە بایەخی ئایین، زادەی ئەو زمانە جوانەیە، دەقەکانی پێ بەرهەم هاتووە، سەرنجی هەر تێکستێکی بواری فەلسەفەیش بدەین، هەر زوو زمانە پتەوەکەی سەرنجمان کەمەندکێش دەکات. ئەگەر هەواڵیش بنووسین، زمانێکی جوان و پتەو نەزانین، ڕەنجمان بە خەسار دەچێت. کاترینا پیڵسی دەبێژێت: (زمان مەرجی هەبوونی فیکرە، ئاخر فیکر ناتوانێت لە دەرەوەی زماندا هەبێت.) چونکە ئەگەر زمان نەبووایە، فیکریش نەدەبوو، بۆیە کەسی خاوەنفیکر، ناچارە بایەخ بە زمان بدات و پوخت و دروست بنووسێت. ملنەدان لە بواری زماندا، زادەی زانین نییە، ڕینان گوتەنی: تاکە دەسەڵاتێکی فاشیست کە هەقە هەمووان بەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییەوە، سەری بۆ نەوی بکەن، دەسەڵاتی زمانێکی دروستە. بەوەی باشە زمان توانای خۆ خاوێنکردنەوەی هەیە، ئەگەرنا لە ئەنجامی لێشاوی نووسینی زمانلاوازانەوە، هەنووکە گۆلی ڕۆشنی زمانی کوردی، گۆمێکی لیخن دەبوو. بەوەی باشە زمان سەرومڕ گەشە دەکات و جوانتر دەبێت و ئەوە تەنیا زمانی جوانیشە، بەرگەی زەمان دەگرێت.

زمان (نە کۆنەپارێزە، نە پێشکەوتنخواز، زمان بەبێ ئەوەی مشتومڕ هەڵبگرێت، فاشیستە،) بۆیە ئێمە سەرپشک نین لەوەی، دەیشێوێنین یان نا، ئێمە ملکەچی دەسەڵاتی زمانین، دەتوانین بە شێوازی نوێ و تایبەت بە خۆمان، ڕەوتاری لە تەکدا بکەین، بەڵام بەمەرجێک جوانتر بنوێنێت، نەک بژاکێت. (تەنیا بەهۆی زمانەوە دەتوانین واقیع بەرهەم بهێنینەوە.) بەهۆی زمانەوە دەتوانین جیهانێکی نوێ ڕۆ بنێین و دەیان کارەکتەر بخوڵقێنین. مانا، فەلسەفە، ئایدۆلۆجیا و ئایین، بەرهەمی کارگەی زمانن. زمان وەک چۆن مانا بەرهەم دەهێنێت، دەتوانێت: (بەدەستەوەدانی مانا دوایش بخات.) هیچ نووسەرێکی گەورە شک نابەم، زمانزانێکی گەورەیش نەبووبێت، ئەوی بەهیوایە بە زمانێکی ڕووت و ڕەجاڵەوە، ئەدەب و کولتوور دەوڵەمەند بکات، خەونێک دەبینێت، مەحاڵە بەدی بێت.

زمانی ئەدەبی نەک هەر پێویستە لە زمانی ئاسایی باڵاتر بێت، بەڵکوو زمان لە ئەدەبدا هێندە گرنگە، تا ئەو ئاستەی هاوزەمان ئامرازە و ئامانجیش. (شیعر جۆرێکە لە زمان،) ئاخر ئەگەر شیعر گیاندارێک بێت، زمان کەوڵەکەی نییە، هەموو جەستەیەتی. شاعیر وەک عەوام ناپەیڤێت، بە زمانێک دەدوێت، جیاواز لە زمانی باو، هەر بەهۆی جیاواز پەیڤینیشەوە، دەبێتە خاوەنی شێوازی تایبەت بە خۆی. لە ئەدەبدا ئەوە گرنگ نییە، چی دەڵێیت، ئەوە گرنگە چۆنی دەڵێیت. ئەم چۆنیەتی گوتنەیش بە زمان جێبەجێ دەکرێت، هەر بۆیە لەمێژە گوتراوە: (شیعر بە وشە دەنووسرێت، نەک بە فیکر.) تێزێک هەیە دەڵێت: (ئەگەر شیعر لە ناوەڕۆک و فۆرم پێک بێت، ئەوا ناوەڕۆک پەیڤە و فۆرمیش پێوەندیی نێوان پەیڤەکانە.)

نووسین بە زمانێکی ئەدەبی، نە جوانکارییە، نە دیکۆرە و نە زەخرەفە، کرۆکی ئەدەبە. بۆچی فڵانە دەق شیعرە؟ وەڵام لەکن زمانی نووسینی شیعرەکەیە. لامارتین پەستی دەستی ئەوەبوو، زمان لە توانایدا نییە، جەستە بەبەر هەڵچوونەکانیدا بکات. تەها حوسەین دەیگوت: (زمان زۆر لەوە بەرتەسکترە، جێی سۆزی ئینسانی تێدا ببێتەوە.) میخائیل نەعیمە پێی وابوو: زمان بەشی دەربڕینی هەست ناکات، (گۆران)یش (هەرچەندی کرد نەیتوانی ئەو خەیاڵەی پێی مەست بوو، بخاتە چوارچێوەی هەڵبەستییەوە.) کە زمانزانانی مەزن وەها بپەیڤن، ئیدی ناهەقمە ئەگەر بڵێم: کوفرە کەسێک دەسەڵاتی بەسەر زمانێکدا نەشکێت و پێی بنووسێت.

لە ڕوانگەی مارکسییەکانەوە، زمان زادەی هۆشیاریی تاکە، کەواتە کەسانی خاوەنی هۆشیاریی باڵا، زمانیشیان باڵا دەبێت و کەسانێکیش ئاستی زمانیان نزم بێت، توانای دەربڕینی بەرزیان نابێت. جان کۆهن دەڵێت: (زمان پۆشاکی فیکر نییە، جەستەیەتی، چونکە فیکر بەبێ زمان بوونی نییە.) ئایا جەستەیەکی نەخۆش، دەتوانێت هەڵگری فیکرێکی ساغ بێت؟ ئایا کەسانێک توانای نووسینی دروستیان نەبێت، ئەوەیان لەباردایە بەرچاوی میللەت ڕۆشن بکەنەوە؟

بۆ ئەوەی گەشە بە کولتووری خۆمان بدەین، پێویستە بەردەوام لە گۆڕاندا بین. تودۆرۆڤ دەڵێت: (هەر زمانێک ملکەچی یاسای گۆڕان نەبێت، دەمرێت، ئەوە نییە هەنووکە بەو زمانە ناپەیڤین کە لە ڕابردوودا پێی دەدواین؟ ئەوە نییە بەشێکی گرنگ لە نووسەران، بایەخێکی زۆریان بەو گۆڕانکارییانە داوە کە بەسەر زماندا هاتوون؟) ئینسان ئەگەر خاوەنی زمانێکی زەنگین نەبێت، هانا بۆ زەبروزەنگ دەبات، بۆیە پێویستە هەمیشە لە هەوڵی دەوڵەمەندکردنی زمانماندا بین. کافکا ده‌ڵێت: (که‌ زیان به‌ زمان بگات، زیان به‌ هه‌ست و به‌ عه‌قڵیش ده‌گات.) بۆیه‌ ئه‌گه‌ر زمانت ساغ نه‌بێت، ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ توانای ئه‌وه‌ت هه‌یه‌، هه‌ستی خۆت به‌ دروستی ده‌رببڕیت و نه‌ پێت ده‌کرێت ئاوه‌زت وه‌ک پێویست به‌گه‌ڕ بخه‌یت.
ئەگەر دەستبەرداری زمان ببین، وەک ئەوە وایە دەستبەرداری داهێنان ببین، ئاخر بەبێ زمان، نە ئۆل هەیە، نە فیکر، نە ئەدەب هەیە، نە حیکمەت. کۆمەڵ زمانە، شارستانی زمانە، ئەوەیش هەر زمانە، موسوڵمانە یان کریستیان. خۆ ئەوە لە خۆڕایی نییە کە ئینجیل دەڵێت: سەرەتا وشە هەبوو. لای (کەبیر)ی گەورەشاعیری هیند، ساباد بە مانای ئەو وشەیە دێت کە بەر لە هەبوونی ئینسان هەبووە.

هەموو زمانێک پەند و قسەی نەستەقی هەیە، کە بە زمانێکی چڕی ئەدەبی گوتراون، وەک شیعری جوان ئەوپەڕی ڕەوانبێژییان تێدا ڕەچاو کراوە و بە هۆیانەوە بە کەلەپووری گەلان ئاشنا دەبین. ئەرستۆ ئەو قسە نەستەق و پەندانەی بە پارچەی بچووکی نەمری فەلسەفی پێناسە کردووە. زمان ئاوازی تایبەت بە خۆی هەیە، ئاواز بەشێکە لە زمانەکە، هەندێک جار بە هۆی ڕیتمی وشەکانەوە، لە ماناکانیان تێدەگەین.

پیرۆزترین خەباتێک بەشداریم تێدا کردبێت، خزمەتکردنی زمانی دایکم بووە.