دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
ئەڤێنێکی پاکژ
دەنگت بەرز مەکەوە، ئاستی ئاخاوتنت بەرز بکەوە، ئاخر گوڵ بە باران دەڕوێت و گەشە دەکات، نەک بە هەورەگرمە.
خۆت وا پیشان بدە کە هەیت، ئەوە بە وەک خۆت پیشان دەدەیت.
جیابوونەوە بۆ ئەوانەیە بە چاو عاشق دەبن، ئەوانەی بە ڕۆح عاشق ببن لێک جیا نابنەوە.
لەو هەموو ڕێیەی بەرەو لای خوا دەچن، من ڕێی ئەڤینم هەڵبژارد.
دەتوانم لە هەموو کەسێک جیا ببمەوە، لەوە نەبێت منی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە.
زیرەک دونیا دەگۆڕێت، حەکیم خودی خۆی دەگۆڕێت.
لێک تێگەییشتن بەهۆی زمانەوە نییە، بەهۆی هەستەوەیە.
لە ڕوانگەی عاشقەوە شتێک نییە ناوی مەحاڵ بێت، بۆیە قەت نائومێد نابێت.
حەقیقەت بە چاو نابینرێت، ئاخر چاو هەر دیوی دەرەوە دەبینێت.
حەقیقەت ئاوێنەیەک بوو بە دەستی خواوە، کەوتە خوارەوە و شکا، هەر کەسێک پارچەیەکی هەڵگرتەوە و پێی وابوو، هەموو ئاوێنەکەیە.
بۆ ئەوەی واقیع ببینین، پێویستە دڵمان بە نووری (عەقڵ) ڕۆشن بکەینەوە، ئەگەرنا هەر کۆیلەی (نەقڵ) دەبین.
وەک خوێ لە زەریای ئەڤیندا توامەوە، نە کوفر ما، نە ئیمان، نە یەقین ما، نە گومان.
لەنێو دڵما ئەستێرەیەک دەدرەوشێتەوە، لەناو خۆیدا گەردوونی حەشار داوە.
ئەگەر دڵت ڕۆشن بێت، قەت ڕێت لێ تێک ناچێت.
ئەگەر وێڵی مرواریت، قووڵاییی زەریای بۆ بگەڕێ، لە کەناردا هەر کەف هەیە.
موزیک دەنگی کردنەوەی دەرگاکانی بەهەشتە.
بریا منیش وەکوو مەل، گوێم بەوە نەدایە خەڵک چی لەبارەی پەیام و ئاوازی سترانەکانمەوە دەڵێن.

مەولانا
(٣٠ی ٩ی ١٢٠٧ – ١٧ی ١٢ی ١٢٧٣)
لای مەولانا، مردن و سەرلەنوێ ژیانەوە، بایەخێکی زۆری پێ دراوە. مەرگ گەڕانەوەی ڕۆحە بۆ سەرچاوەکەی خۆی، بۆ لای خوا. وەک چۆن بە دوای زستاندا، بەهار دێت، وەک چۆن تۆوێک لە خۆڵدا فانی دەبێت و وەک ڕووەک زیندوو دەبێتەوە، مەرگیش سەرلەنوێ ژیانەوەیە. مەولانا دەیگوت: ژیان خەونە، مردن تیشکی بەربەیانە. ئەوەی مەولانا گوتوویەتی، درێژەپێدانی شیعرەکەی حەللاجە کە بەر لەوەی بیکوژن، بە جەللادەکانی گوتووە: (ژیانم لە مەرگمدایە.) سۆفی بۆچی لە عیشقی خوادا دەتوێتەوە؟ بۆ ئەوەی دوای فەنا، بەقایەکی باڵای بە نسیب ببێت. (گۆتە)یش گوتوویەتی: (بمرە! بۆ ئەوەی هەبیت.)

کە بای ئەڤین هەڵدەکا
گەڵا بەدەم وەجدەوە
دەڕەقسێت و گوڵزاریش
بە زوبانێکی بێدەنگ
شوکری خوای گەورە دەکا

بۆچی زەمەن تێدەپەڕێت و شیعری مەولانا درەوشانەوەی خۆی لەدەست نادات؟ بۆچی شیعری هەر دەڵێیت شۆڕەژنێکە، تەمەن لە توانایدا نییە، کاریگەریی خۆی لەسەر ڕووخسار و لەشولاری بەجێ بهێڵێت؟ چونکە شیعری دەربڕی ئەزموونێکە، بە دوو باڵ دەفڕێت، ئەڤینێکی خودایی و هەستێکی ڕۆمانسییانە. چونکە شیعری ڕەنگدانەوەی ڕاگرتنی هاوسەنگییە لەنێوان عیشقی ئیلاهی و بەرجەستەکردنی هەست و خولیای ئەڤیندارێکی ڕۆمانتیکدا. چونکە شیعری هەم غەزەلێکی پاکژە و هەم موناجاتیشە لەگەڵ خوادا. چونکە شیعری هەرچەندە دەربڕی هەستی ئینسانێکە، بەڵام تەلارێکە لەسەر بناغەی ئەڤینی خودایی ڕۆ نراوە. شیعری مەولانا چونکە دەربڕی گڕی ناخی دەروێشان بوو، بۆیە کە بەدەم سەمای بازنەیییەوە، شیعرەکانی ئەویان دەگوتەوە، بەرەو قووڵاییی وەجدی دەبردن.

کۆدەنگییەک لەسەر شیعری مەولانا هەیە، ڕەنگە لەسەر شیعری هیچ شاعیرێکی دیکە نەبووبێت، نووسەران ئیدی سەر بە بەرەی چەپ بووبن، یان هی ڕاست، ڕیالیست بووبن یان سوریالیست، هەر بەڕێزەوە ئاوڕیان لە شیعری داوەتەوە. خەڵکەکەیش هەژار بووبن یان زەنگین، شاری بووبن یان گوندنشین، هەر بە شیعری سەرسام بوون. ڕەنگە لە دونیادا شاعیرێکی دیکە پەیدا نەبێت، وەک مەولانا هەواداری لە هەموو وڵاتێکدا هەبێت. لە وڵاتانی ئیسلامیدا مەسنەوی بایەخێکی هەیە، مەگەر تەنیا قورئان هەیبێت، دوای قورئان و مەسنەوی، ئینجا دیوانی حافیز دێت.

ئەڤین کلێکە چاوی دڵ دەڕێژێت. لەکن سۆفی، ئەڤین نهێنیی بوونە، ئاخر ئەوە ئەڤینە جیاوازیی لەنێوان ئەم و ئەودا دەسڕێتەوە و دووان بە یەک دەکات. جوانیی خوا لەودیو پەردەوە نییە، لە هەموو گەردووندا، لە شێوەی هەموو جوانییەکدا خۆی پیشان دەدات، ئەمەیش بەڵگەیە بۆ یەکیتیی بوون. مەولانا گوتوویەتی: لەپێناوی ئەڤیندا، ڕقم لە چەمکی جەبر هەڵگرت، ئاخر مەجبوور ناتوانێت هەڵگری ئەڤینی ڕاستەقینە بێت. ئامانجی خۆشەویستی کە نزیکبوونەوەیە لە هەق، جەبری تێدا نییە. لە لوتکەی ئەڤیندا کە یەکگرتنی دڵدار و دڵبەرە، جیاوازی لەنێوان سەپاندن و هەڵبژاردندا، (جەبر و ئیختیار) نامێنێت. وەک چۆن کانی تا قووڵتر بێت، ئاوی ڕەوانترە، وەک چۆن درەخت تا ڕەگی قووڵتر ڕۆ بچێت، باڵای بەرزترە، ئەڤینیش ئەگەر لە قووڵترین جێی ناخی ئینسانەوە هەڵبقوڵێت، پاکتر و بەهێزتر و باڵاترە.