ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.2.13، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و سەرۆکى کۆمەڵەى بانکە تایبەتەکانى عێراق و بەرێوەبەرى بانکى ناوەندى عێراق لقى هەرێم و ژمارەیەکى دیکە لە بازرگان و پسپۆڕ و شارەزایان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پەرەپێدان و کاراکردنی ڕۆڵی کەرتی بانکی لە پڕۆگرامی گەشەپێدان، دیدارێک بە ناونیشانی “ کاراکردنی بەشداری کەرتی بانکی لە گەشەپێدان ” لە لایەن ژوری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا، وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان و ئامادەبووان، دەستخۆشى لە ژوورى بازرگانى و پیشەسازیی هەولێر کرد بۆ رێکخستنى دیدارەکە و هیواى خواست گفتوگۆ و ئەو پرس و باس و بابەتانەى لەو دیدارەدا پێشکەش دەکرێت، بتوانێت خزمەت بە کەرتى بانکى و بەهێزکردنى ئابوورى وڵات بکات.
پاشان تیشکى خستەسەر هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و گرنگیدانى بەکەرتى بانکى و دووپاتیکردەوە سەربارى ئاستەنگ و گرفتەکان لەوبارەیەوە، بەڵام توانراوە تەکانى باش بە کەرتى بانکى و پشتیوانیکردنى بدرێت.
دواتر لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایان پەیوەست بە چۆنیەتی پەرەپێدانی کەرتی بانکی لە عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکرا و جەخت لە پێویستیی پێشخستنی کەرتی بانکى و گرنگیی کارکردنی ھاوبەش، بە ئامانجی فەراھەمکردنی ھەلی نوێی وەبەرھێنان و گەشەسەندنی زیاترى ئابووری لە وڵاتدا کرایەوە.