لە چۆمان فیستیڤاڵی خلیسکانی سەر بەفر دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ ماوەی دوو ڕۆژ فیستیڤاڵی خلیسکانی سەر بەفر لە پرژێ گوندی گەشتیاری وێزێ لە سنووری قەزای چۆمان دەکرێت، ئامانج لە فیستیڤاڵەکە ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانە بۆ ناوچەکە.

چەندین تیمی جیاواز بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەشداری فیستیڤاڵەکە دەبن، تیمەکانیش کوردستانی و بیانین، کە ھەندێکیان تیمی نوێن و بە چالاکی نوێ بەشدار دەبن و فیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئامانج لە کردنی فیستیڤاڵەکە ناساندنی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی گەشتیارە بۆ گەشتوگوزاری زستانە و، پاڵپشتیی تیمە ناوخۆیەکانی یاری و خلیسکانی سەر بەفرە لە کوردستان.
لە ساڵی ١٩٥٧ بۆ یەکەمجار فیستیڤاڵی خلیسکانی سەر بەفر لە ناوچەی باڵەکایەتی کرا، لەم چەند ساڵەی دوایشدا جارێکی دیکە ئەو وەرزشە نوێکراوەتەوە، بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەت لە ناوچەکە و دەستەی گەشتوگوزار، ئەو جۆرە چالاکیانە گرنگیی خۆیان دەبێت لە ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان.ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بڵاوی کردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کۆبوونەوەیەکی گرنگ سەبارەت بە گەورەترین فیستیڤاڵی وەرزشی زستانە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کرا، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دانانی بەرنامەی ڕۆژانی فیستیڤاڵی بەفر بوو، کە بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی لە پرژێ گوندی گەشتیاری وێزێ لە سنووری قەزای چۆمان بکرێت.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی قایمقامی قەزای چۆمان و بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک بەرپرس و لایەنی پەیوەندیدار و یاریزانانی سکی نێودەوڵەتی بوو، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگۆڕینەوە کرا لەسەر پێداویستی چالاکییەکە و ئەرک و پابەندیەکانی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.