تەواوی عێراقییەکانی کەمپی هۆل دەگەڕێنرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سەدان ئەندام و بنەماڵەی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە و پلان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی هاووڵاتییانی عێراقیی نیشتەجێی کەمپی هۆل و کەمپەکانی دیکە بە هاوکاریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق بگەڕێنرێنەوە، هەنگاوێک کە بە دوو لە مەترسی نییە و ژمارەیەکیان دەستیان لە تاوانی گەورەدا هەبووە.

گەڕانەوەی ئەندام و بنەماڵەکانی داعش لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ عێراق هاوکاتە لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی کە ماوەیەک بوو دادگای فیدراڵی ڕایگرتبوو و بە جێبەجێکردنی یاساکە بە دەیان هەزار حوکمدراو ئازاد دەکرێن کە بەشی زۆریان لە سوننەکان و هەرچەندە لەوانەیە کەسانێکی بێتاوان گیرابن و حوکمی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنرابێت بەڵام تێیاندایە مەترسیدارن و دەستیان لە تاواندا هەبووە و پێوەندییان بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە هەیە.
بەیەکگەیشتنی ئەو دو شەپۆلە لە خەڵکی عێراق و ئازادبوونیان لە گرتووخانە وکەمپەکانەوە دەتوانێت مەترسی هەبێت بۆ سەر ئاسایشی عێراق و هەموو ناوچەکە و لەکاتێکیشدایە کە لەم دواییانەدا چالاکیی داعش لە ناوچەکە زیادی کردووە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری شێخمووس ئەحمەد لە بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوی کردەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پلانیان هەیە تەواوی عێراقییەکانی ئەو کەمپانە بگەڕێننەوە ناوچەکانیان. کۆمەڵێک کەمپ و گرتووخانە هەن کە لە ژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوادان و ژمارەی ئەو کەسانەی لەو کەمپ و گرتووخانانەدا کۆ کراونەتەوە دەگاتە پەنجا و شەش هەزار کەس و زۆربەیان بە ئەندامێتی داعش یان هاوکاریکردنی داعش تۆمەتبارن.
یەکشەممەی ڕابردوو شەشسەد هاووڵاتیی عێراق کە لە کەمپی هۆل ڕاگیرابوون بۆ عێراق گەڕێندراونەوە و بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممەش سێسەد کەسی تر ڕادەست بکرێنەوە.
کەمپی هۆل بە یەکێک لە گەورەترین کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەژمار دەکرێت کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە و تەنیا لە نێو ئەو کەمپەدا چل هەزار کەس دەستبەسەرن و خەڵکی چل و حەوت وڵاتی جیاوازی جیهانن.
بەپێی دواین ئامار، تا ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە کەمپەکە دەستبەسەر کراون دەگەیشتە بیست هەزار کەس و ژمارەیان تەنانەت لە سوورییەکان زۆرترە کە شازدە هەزار کەسن. سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بە فرانس پرێسیان گوتووە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا دوازدە هەزار عێراقی لە کەمپەکەوە گەڕێنراونەتەوە عێراق و هێشتا حەڤدە هەزار کەسی تری عێراقی لە سووریا ماون.
بەرپرسەکە باسی لەوە کردووە کە پرسی کەمپی هۆل پرسێکی نێودەوڵەتییە و پێوەستە بە بڕیاری هەموو ئەو وڵاتانەی لە کەمپەکە هاووڵاتییان هەیە و هەر چەندە ژمارەیەک وڵات هاووڵاتییانی خۆیان گەڕاندووەتەوە بەڵام زۆرینەیان هیچ هەڵوێست و هەنگاوێکیان نەبووە.
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری لە چۆلکردنی کەمپەکان پەلە بکات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یارمەتییەکانی ئەمەریکا هەڵپەسێردراون و ئەو دۆخە نیگەرانیی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی بەدواوە بووە و هۆشداری داوە لەو مەترسییە گەورەیەی بۆ سەر کەمپەکان هاتووەتە کایەوە. جگە لەمە حکوومەتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لەگەڵ حکوومەتی دیمەشقیش لە هەماهەنگیدایە کە بەشێک لەو خێزانە سوورییانە ئازاد بکات و بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی دەسەڵاتدارانی سووریای نوێ و پڕۆسەی چۆلکردنی ئەو کەمپانە مەترسیییەکانیش زیاتر دەبن ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەتوانێت بە تەواوی جلەوی داعش بکات.
داعشەکانی سووریا و عێراق لە دامەزراندنی دەوڵەتەکەی داعش و پاشان هەموو ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە ئێزدییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کردیان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە و دووبارە بڵاوبوونەوەیان بە ناوچەکە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری بە هەڕەشە و مەترسی لێکدەدرێنەوە..