مەشخەڵ كەوڵۆسی
چەند ساڵێك لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی چاودێر، بابەتێكی درێژم نوسی سەبارەت بەدروستكردنی دامەزراوەیەكی یاسایی هاوشانی سەرۆكایەتی هەرێم بە ناوی (مەقامی مەرجەعی باڵای كورد) ئێستاش بڕوای تەواوم هەیە بەوەی بەهۆی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كوردستانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی كورد لەقۆناغی ڕزگاری نیشتمانی تێنەپەڕیوە، پێویستە دامەزراوەی مەرجەعی باڵای كوردستان، بەپێی یاسا دروستبكرێت و، ببێتە دەستەڵاتێكی ڕۆحی و شەرەفی بەسەر دەستەڵاتەكانی تری كوردستانەوە، بەجۆرێك هەرە مەسەلە هەستیارەكانی تایبەت بە دۆزی كورد، بابەتە چارەنوسسازەكانی كوردستان و دۆخە هەرە هەستیارەكان، ئەوانەی لەدەستی حیزب و حكومەت دەردەچن، لەناو دامەزراوەی مەرجەعی باڵادا یەكلایی بكرێنەوە.
بۆنمونە: بۆ ئەوەی پشتیوانی لە دیالۆگی باكور بكرێت یان ڕەت بكرێتەوە، دانوستان لەگەڵ ئیحتیلالی عێراقی بكرێت یان نا؟ چۆن لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و ئیسرائیل و عێراق و توركیا و …هتد، بچینە پێش، چۆن لەگەڵ ڕۆژئاڤای كوردستان بەرخورد بكەین، دامەزراوەی مەرجەعی باڵا بڕیاری كۆتایی بدات، یان ڕێنمایی بۆ دیسپلاندنی بابەتەكان بدات، بە ئیحائات و ئاماژەی كورت….هتد.
لەئێستاشدا، لەدوای ئەوەی پرۆسەی خۆكاندیدكردن بۆ پەرلەمانی كوردستان، بە شێوەیەكی هەڕەمەكییە و، هەركەس بۆ خۆیەتی و، كێ باشتر بتوانێت خەڵك بخەڵەتێنێت، ئەوە دەردەچێت. هەروەها لەدوای ئەوەی بووەتە نەریتێكی پەرلەمانیی، زۆرێك لەپەرلەمانتارەكان بۆ ئەوەی باشتر خەڵك بخەلەتێنن و، دەرچوونەوەیان لەهەڵبژاردنەكان مسۆگەر بكەن، دێن بەمشت و بە گوێل خۆڵ ئەكەنە چاوی خەڵك، هەموو هێڵە سورەكان دەبڕن و، تەنانەت بەئاگاییەوە بەشدارن لە شەڕی دەروونی دژی كورد. نەیارەكانی كورد هەرچییەكیان بوێت لەڕێگەی ئەو تاپیە پەرلەمانتارەوە بەكوردی دەگەیەنن، واتە بوونەتە ئەڵقەی پێك گەیاندنی نێوان كورد و دوژمنانی كورد، ئەوان ئەو پردەن كە داگیركەر، سیاسەتی داگیركەر، گوتار و مەبەستی داگیركەر دەگەیەنن بەكورد، تەنانەت ماركێتین بۆ سیاسەتەكانی دوژمن دەكەن. ئەوان هەرگیز و لەهیچ بۆنەیەكدا نەیانگوت كە كورد ئەمجارەیان لەسەر هەقە، هەمیشە لەبەرەی دوژمناندان و، لەسەر بودجەی پەرلەمانی كوردستانیش هەموو ئیمتیازاتێكیان هەیە و، خۆیان و ماڵ و منداڵ و حەشەمیان هایلایڤ دەژین، پێویستە لەئێستاوە بیر لەوە بكرێتەوە كە ئەو دیاردەیە بنەبڕ بكرێت و، هەركەس بەهەر پاساوێك لەسەنگەری دوژمناندابوو، یان بیری لەوە كردەوە پاساو بۆ دوژمنان بهێنێتەوە، بۆی نەبێت بچێتە پەرلەمان.
كێشەیەكی زۆر گەورەیە. كێشەكە چەند جەمسەرییە. لەلایەكەوە لەسەر بودجەی كورد، جاشێك دەبێتە پەرلەمانتار و لەهەموو نازونیعمەتێك دەخوات و هێشتا گۆرانی لاواندنەوە بۆ خەڵكی بەش مەینەت دەڵێت، لەلایەكی تریشەوە خراپ سود لە پارێزبەندی پەرلەمان وەردەگرێت و، دەستدەكات بە ماركێتین و ڕیكلام بۆ سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی عێراق و چەوساندنەوەی كۆمەڵگەی كوردی لەڕووی دەرونییەوە، هاندانی خەڵكی كوردستان لەدژی یەكتر.
بۆیە پێویستە بیرێكی ڕاستەقینە لەوە بكرێتەوە كە ئێستا ئەو كێشەیە زۆر قووڵ بووەتەوە، بەرلەوەی كار لەكاربترازێت، دەزگایەكی فلتەرین دروستبكرێت بۆ ئەوەی ئەو دەزگایە هەموو ئەو ناوانە ببینێت كەدەیانەوێت خۆیان بۆ پەرلەمان كاندید بكەن، دەزگاكە لەڕووی یاساییەوە یاسای خۆی لەم خولەی پەرلەمان بۆ دەربچێت، چەند دادوەر، شارەزای ئەمنی و هەواڵگری، میدیاكار و ڕۆژنامەوان، تیایدا ئەندام بن و، پێوەر گەلێكی یاسایی دابنێن بۆ قبوڵكردن و ڕەتكردنەوەی ناوی پاڵێوراوان، بۆ ئەوەی هەركەس تاكو حەوت پشتی لە بنەماڵەكەیدا، تاكە دێڕێكی لەدژی كورد گوتبێت، یان تاكو حەوت پشتی جاشێكی تێدابووبێت، خۆپالاوتنی بۆ پەرلەمان ڕەت بكرێتەوە، بەوەش پەرلەمان دەپارێزین لەوەی ببێتە جاشخانە.