بەیەکبوونی عاشق و مەعشووق

حەمەسەعید حەسەن
هەناسەی گەرمم نەبووایە لەنێو ئەشکمدا دەخنکام
زەریای فرمێسکم نەبووایە بە بای هەناسەم دەسووتام

ئەوە بەیتێکە لە ناودارترین قەسیدەی ئیبن ئالفاریز (١١٨١ – ١٢٣٥) کە حەوت سەد و شەست و یەک بەیتە. ئیبن ئەلفاریز کە بە سوڵتانی عاشقان بەناوبانگە، بە جۆرێک بە شەرابی عیشقی خوا سەرخۆش بووبوو، وەک دلۆپێک ئاو، لە زەریای عیشقی خوادا بزر بووبوو، بۆیە دەیگوت: (بەر لەوەی ڕەز بخوڵقێنێت، من سەرخۆش بووم، بە شەرابی ئەڤینی ئەو.) ئیبن ئەلفاریز هاوچەرخی ئیبن عەرەبی بوو، بەڵام وەک ئەوی نەکرد، نامە و کتێبی نەنووسی، ژیانی خۆی بۆ شیعر تەرخان کرد، شیعر لە لوتکەی درەوشانەوەیدا کە دەتگوت ڕاستەوخۆ ئیلهامی لە خواوە بۆ دێت.

ناری سینەم گەر نەبێ غەرقم ئەمن
ئاوی چاوم گەر نەبێ سووتاوم ئەز
نالی

ئەوی شیعرەکانی بخوێنێتەوە، بەوە سەرسام دەبێت کە چۆن ئەو شیعرە سەخت و جوان و باڵایانە، بەدەم مەستی و بزربوونی سۆفییانەوە نووسراون. ئەگەر لە زمانی کوردیدا، لە بواری گەمەکردنی شاعیرانەدا بە وشە، کەس دەستی بە داوێنی (نالی)دا نەگات، لە زمانی عەرەبیشدا ئیبن ئەلفارز گەمەزانێکی بێ نموونە بووە. وشە لە شیعری ئیبن ئەلفاریزدا، چەندان لێکدانەوە هەڵدەگرێت، وەک ئەو بووکەشووشەیەی لەنێو خۆیدا چەندان بووکەشووشەی دیکەی هەڵگرتووە. کۆکردنەوەی ئەو (هەموو) مانایە لە (یەک) گوتەدا، دداننانێکی ناڕاستەوخۆیە بە یەکێتیی بووندا. بڕوابوون بەوەی خوا لە هەموو شتێکدا خۆی نمایش دەکات، وای لە سۆفی دەکرد، خوا لە هاژەی ڕووبار، گڤڤەی با، جریوەی مەل و دڵۆپەی بارانیشدا کە لە مرواری دەچێت، ببینێت.

شیعری گەورەشاعیرای فارس، هاوزەمان هەم غەزەلە و هەم سۆفییانە، نە ئەوانە نائومێد دەکات ڕەدووی عیشقی خوا کەوتوون، نە ئەوانەیش عەوداڵی جوانی و چێژن. هەرچەندە یەکێک لە سەرچاوەکانی شیعری فارسی ئایینی ئیسلامە، بە قورئان و فەرموودەوە و زەحمەتە شیعرێک ببینینەوە، کەم و زۆر پاشخانێکی دینیی نەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت، تەنیا لێکدانەوەیەکی سۆفییانە هەڵبگرێت، ئاخر شیعری حافیز وەک نموونە، هەم دینییە و هەم دونیایی، هەر لەم سۆنگەیەشەوە، تەرجەمەکردنی هێندە دژوارە، وەک مەحاڵ وایە.

(ڕوو لە هەر کوێ بکەم، بێجگە لە ڕووی تۆ، هیچی دیکە نابینم.) ئەوە لە گوماندا دەمێنێتەوە، شاعیر ڕووی دەمی لە زاتی خوایە، یان لە یار. گوڵ و بولبولیش هیچ ڕوون نییە، مەبەست لێی دڵبەر و دڵدارە، یان خودا و سۆفی؟ پەپوولە و گڕیش هەروەها. ئەوەی بە هەردوو بارەکەدا لێک دەدرێتەوە، یەکێکە لە لایەنە گەشەکانی شیعرەکە و کڵپەیەکی پێ دەبەخشێت کە وەرگێڕان دەرەقەتی نایەت. ئەوە ناهەقییە، ئەگەر هەندێک لە شاعیرانی سۆفی بەوە تۆمەتبار بکەین، غەزەلیان بۆ موزەککەر گوتووە، ئاخر هیچ مەرج نییە، ڕووی وەک مانگی چواردە، مەبەست لە سیمای کوڕی چواردەساڵ بێت. لە شیعری سۆفییانەدا کە وەک غەزەلیش خۆی نمایش دەکات، ڕوو: ڕەمزە بۆ (جەمال)ی خوا و زوڵف: ڕەمزی (جەلال)ی خوایە. یەکێک لە نهێنییەکانی زمانی شیعری ئەوەیە، وەک چۆن شتێکمان بۆ ئاشکرا دەکات، هەر وایش شتێکمان لێ دەشارێتەوە.

غەزەل شیعری ئەڤیندارییە، ستایشی یارە، باس لە دابڕان و تامەزرۆییی بۆ دڵبەر دەکات. لە غەزەلدا کە شیعری لیریکە، چیرۆکی خۆشەویستیی نێوان عاشق و مەعشووق، دەکەوێتە سەنتەرەوە و تێیدا شاعیر هەڵچوونەکانی خۆی نمایش دەکات، ڕاستگۆیانە ویژدانی خۆی دەهێنێتە قسە و بە کۆمەکی خەیاڵ هەستی گەرمی خۆی دەردەبرێت. غەزەل یان باس لە جوانییەکانی جەستەی یار و لەئامێزگرتن و ڕامووسان دەکات، یان دەربڕی هەست و سۆزی عاشقێکی شەیدایە کە ئەوەی بیری لێ نەکاتەوە، چێژ وەرگرتنە لە جەستەی یار. عاشقی شەیدا، غەزەل تەنیا بۆ ژنێک دەڵێت، وەک مەجنوون کە شیعری تەنیا بۆ لەیلا دەگوت، یان وەلی کە هەر هاواری شەمی دەکرد.

هەرچەندە خوا لە وێنەی نییە، بەڵام دەشێت لە هەموو جوانییەکدا، بە ڕووخساری یاریشەوە، خۆی نمایش بکات، ئاخر ڕووی جوانی یار، گەواهی لەسەر جوانیی خودایی دەدات، ئاخر جوانی و عیشق وابەستەی یەکترین و لە هەر جێیەک جوانی هەبێت، ئەڤینیش هەیە، ئاخر جوانی، ئەگەر لێی ورد نەبینەوە و شەیدای نەبین، هیچ مانایەکی نامێنێت، ئاخر خوا جوانە و جوانیی خۆش دەوێت، ئاخر خوا گەنجینەیەکی شاراوە بوو، لەڕێی خوڵقاندنی دونیاوە خۆی پیشان دا، تا عیشقی لە دڵی ئینساندا خەوتوو، بێدار بکاتەوە.

مس دەبێ بە زێڕ
لێڵ بە ڕۆشن و
ژەهر بە هەنگوین
بە زەبری ئەڤین

خۆشەویستیی نێوان ژن و پیاو، ناکۆک نییە لەگەڵ خۆشویستنی خوادا، بەڵکوو ئەوەی یەکەمیان وەک مەشقکردن وایە، بۆ ئەوەی دووەمیان، یان مەولانا گوتەنی، ئەوەی یەکەمیان مەشقکردنە بە شمشێری دارین، بۆ ئەوەی فێری شەڕەشیری ڕاستەقینە ببین. ڕوزبەهانی بەقلی (١١٢٨ – ١٢٠٩) گوتوویەتی: خوشویستنی ئینسان، پەیژەی گەییشتنە بە خۆشویستنی یەزدان. نیزامی دەبێژێت: ئاسمان بێجگە لە خۆشەویستی هیچ میحرابێکی دیکەی نییە. عاشق و مەعشووق بێ یەک نایانکرێت، هەڵسوکەوتی یەکەمیان، نیازە و هی دووەمیان، نازە. جوانی بە چی دەچێت ئەگەر پێی سەرسام نەبین؟ بۆیە مەعشووق بە کۆمەکی عاشق، دەگاتە ترۆپکی جوانی.

گوڵی سوور ڕەمزە بۆ دەرکەوتنی شکۆی خوا، بولبول سیمبۆڵە بۆ ڕۆحێکی تامەزرۆ، شاعیری سۆفی چیرۆکی عیشقی نێوانی گوڵی خودایی و بولبولی ڕۆح دەگێڕێتەوە. گوڵ: جوانیی ئەزەلیی خوایە، بولبولیش: ڕۆحێکە شەیدای جوانیی خوا بووە و سترانی بۆ دەچڕێت. بۆچی بولبولی ڕۆحی سۆفی شەیدای گوڵ دەبێت؟ چونکە گوڵ هەمیشە خەریکی زیکری ناوی خوایە و لەسەر هەر پەڕەیەکی حیکمەتێکی خوا نووسراوە.

هەناسەم زوڵفەکەی لاداوو مەیلێکی نەکرد چاوی
نەسیم ئەنگووت و شەو ڕابورد و نێرگز هەر لە خەودایە
نالی

کە شاعیر ستایشی نێرگز دەکات، هەر لەبەر ئەوە نییە، لە چاوی خەواڵووی یار دەچێت، لەبەر ئەوەیشە بە چاوە تەڕەکانییەوە، سەرنجی خالیق دەدات. گوڵاڵەسوورە بۆچی هەناوی ڕەشە؟ چونکە بە گڕی عیشقی خوا سووتاوە. وەنەوشە بۆچی ملکەچ و خامۆشە؟ چونکە سەری خستووەتە سەر ئەژنۆی خەفەت و لە خوا ڕادەمێنێت.

لە ڕوانگەی ڕوزبەهانی بەقلیی شیرازییەوە، عاشقی ڕاستەقینە، ئەوەندە نیازی پاکژە، تەنانەت بە هیوای ئەوەیش نییە، دەستی بەر داوێنی کراسی یار بکەوێت. لای ئەو عیشق کۆششێکە بۆ بەزاندنی سنووری دونیای خەلقکراو، بەو ئومێدەی عاشق بۆ پێش خولقاندنی ئادەم، بۆ سەروەختی (قالوا بلی) بگەڕێتەوە. بەقلی دەڵێت: ئەگەر خۆشەویستی نێوان دوو ئینسان ڕۆحی بوو، بۆ خۆشەویستیی حەقیقی هەڵدەکشێت و ئەوسا عاشق لەگەڵ مەعشووقدا، یەک دەگرێت.

لە هەموو ئایینێکدا خۆشەویستی هەیە، بەڵام خۆشەویستی خۆی ئایینی نییە.
مەولانا

هیچ شاعیرێکی سۆفی لە جەلالەددینی ڕۆمی (١٢٠٧ – ١٢٧٣) کە بە مەولانا ناسراوە، بەناوبانگتر نییە. وێڕای شیعر، شەیدای موزیک و سەمای بازنەییی سۆفییانەیش بوو، کە بە هۆیانەوە لە خوا نزیک دەبووەوە. (ناڵەی نەی) کە چیرۆکی دابڕانی شمشاڵ لە قامیشەڵان دەگێڕێتەوە و ئەحمەد تاقانە کردوویە بە کوردی، یەکێکە لە شیعرە هەرە ناودارەکانی. (ناڵەی جوودایی)ی هێمن، بە ئیلهام وەرگرتن لەو شیعرەی مەولانا نووسراوە، کاریگەرییی ڕۆمی لەسەر هێمن، بریتی نییە لەوەی چەند بەیتێکی شیعرەکەی ئەوی، تێهەڵکێشی شیعرەکەی خۆی کردبێت و بەس، نا کارلێکەکە بە کرۆک و فۆرم و ستایلی شیعرەکەیەوە دیارە. ئەحمەد تاقانە پێشەکییەکی جوانی بۆ شیعرەکەی مەولانا نووسیوە و بە دەست وەرگێڕانییەوە زۆر ماندوو بووە.

مەولانا وەک خۆی ددانی پێدا ناوە، بە عەتتار و سەنائی سەرسام بووە، بەڵام بە کاریگەریی شەمسی تەورێزی، لە زانایەکی ئایینییەوە، بووە بە شاعیرێکی سۆفی. شەمس پێی وابووە، مەقامی (موحیب)ی تێپەڕاندووە و بە مەقامی مەحبووب گەییشتووە، ئەمەیش لای مەلای نامۆ بە عیشقی خوایی، کوفرە. مەولانا لەبارەیەوە گوتوویەتی:

ئەی شەمس ڕووت لە خۆر دەچێ
بۆ کوێ بچی
دڵیش دەڵێی
هەورە و بۆ هەمان جێ دەچێ

خولانەوەی سۆفی بە کڵاوێکی قووچەک ئاسا و بە پۆشاکێکی داوێن دەڵبەوە کە لە کاتی خولانەوەدا، شێوەی قووچەکی دەبێت، هەم نمایشکردنی مەرگ و سەرلەنوێ زیندووبوونەوەیە، هەم ڕەمزیشە بۆ سووڕانەوەی هەسارەکان بە دەوری خۆردا کە هەڵپەی ئەوەیانە لەگەڵ تیشکەکەیدا کە نووری خوایە، یەک بگرن، سۆفییش هەر بەو نیازەوە، بە ئومێدی توانەوە لە نووری خوادا، بەدەم سەماوە دەخوڵێتەوە. سەمای سۆفییانە کە جوانترین لایەنی ژیانی سۆفییەکانە، وەک چۆن میلی سەعات لە ڕاستەوە بەرەو لای چەپ دەبزوێت، ئەوانیش بەدەم موزیک و سترانەوە وەها دەجووڵینەوە و شیعرەیلی سترانەکانیان کە ستایشی خوا و پەیامهێنن، مەولانا نووسیونی. کە سۆفی دەستی ڕاستی هەڵدەبڕێت و دەستی چەپیشی شۆڕ دەکاتەوە، کە ناولەپی دەستی ڕاستی ڕووی لە ئاسمانە و ناولەپی دەستی چەپی ڕووی لە زەوینە، مەبەستی ئەوەیە، هەر چی دەست بکەوێت لە فەڕ، خوا پێی دەبەخشێت، ئەویش بە دەستی ڕاستی وەری دەگرێت و بە دەستی چەپی دەیبەخشێتەوە، ئاخر سۆفی خۆی بە خاوەنی هیچ نازانێت.

مەولانا کە کرۆکی تیۆرییەکانی سۆفیگەریی سەدەی سێزدەیەمی، لە (مەسنەوی)یەکەیدا، کە بە هەواری تەوحید بەناوبانگە، چڕ کردووەتەوە، پایەی هێندە بڵند بووە، گەورەسۆفییەکی وەک سەدرەدینی قۆنیەیی گوتوویەتی: (ئەگەر بایەزیدی بەستامی و جونەید، هاوسەردەمی بوونایە، دوای تەریقەتەکەی دەکەوتن.) مەولانا بەشێک لە شیعرەکانی بەدەم وەجدەوە گوتووە، چونکە سوودی لە ڕیتمی سترانی میللی وەرگرتووە، شیعرەکانی بە ئاسانی، بە گۆرانی دەگوترێن. ڕۆمی هەرچەندە شیعری ڕۆحیی نووسیوە، بەڵام بۆ ئەوەیش گونجاوە، جەستە لەگەڵیدا بکەوێتە سەما.

کە ناڵەی شمشاڵ لەبەر ئەوەیە لە قامیشەڵان دابڕاوە، ئەوە هەر تامەزرۆییی نییە بۆ زێد و بۆ ڕەگوریشە، ئەوە درکاندنی نهێنیی یەکێتیی بوونیشە. لە شیعری (مەولانا)دا گەلێک سیمبۆڵ هەن کە پێوەندییان بە سەمای سۆفییانەوە هەیە، سەمایەک کە ئاسمان و فریشتە و ئەسێترە بەشداریی تێدا دەکەن. شیعری ساتیریشی نووسیوە، گاڵتەجاڕیی وەک تەکنیکێک بۆ ڕێنوێنیکردن بەکار هێناوە. ڕێک کەوتووە بە زمانێکی تاریکی ترسناک، شیعری گوتووە، وەک: (لە کەلـلەی سەرمان چیایەک چێ بکە و لە خوێنمان زەریایەک.) یان: (زەوی دەفرێکە لێوانلێو لە خوێنی عاشقان،) بەڵام زیاتر بە زمانێکی ناسک نووسیویەتی:

نە ڕۆح بێجگە لە گوتەی تۆ
هیچ دەبیستێ
نە گوتە ڕۆحی تێدایە
ئەگەر بێت و تۆ نەیبیستی