دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
زەریـــــــــای خودایـــــــــــی
سوهرەوەردی (١١٥٥ – ١١٩١) کە بە شێخی ئیشراق بەناوبانگە، هەم شاعیر بوو، هەم مامۆستای لۆگیکیش، چیرۆکی ڕەمزییشی دەنووسی، وەک: ئاوازی باڵی جوبریل و زمانی مێروولە. هەرچەندە لە نزیک (زنجان)ی ئێران لە دایک بووبوو، بەڵام وێڕای فارسی، بە عەرەبییەکی باڵایش دەینووسی. سەلاحەددینی ئەییووبی بە تۆمەتی زەندیقبوون لە زیندانی قەڵای حەڵەبدا بە سی و شەش ساڵی دەیکوژێت، بۆیە (سوهرەوەردیی کوژراو)یشی پێ دەڵێن. واعیزەکانی سوڵتان کە هەست دەکەن، سوهرەوەریی لاو، لەوانی پیر زیرەکترە، پرسیارێکی وای لێ دەکەن، هەر چۆنێک وەڵام بداتەوە، هەر بیکافرێنن. ئایا خوا توانای ئەوەی هەیە، پەیامبەرێکی نوێ بنێرێت؟ ئەگەر وەڵام (نا) بێت، کوفرە، چونکە خوا توانای هەموو شتێکی هەیە. ئەگەر وەڵام (بەڵێ) بێت، کوفرە، چونکە موحەممەد دوا پەیامنێرە. سوهرەوەردی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت: توانای خوا بێ سنوورە. ئەوەی بە کوفر بۆ لە قەڵەم دەدەن و خوێنی حەڵاڵ دەکەن، بەو بیانووەی نکووڵیی کردووە لەوەی موحەممەد دوا پەیامهێنە، ئیدی سەلاحەددینی ئەیووبی فەرمانی کوشتنی بۆ دەر دەکات!

مەرگ تیرێکە هاوێژراو
تەمەن ئەو ماوە کورتەیە
تا تیرەکە دەمانپێکێ
ئەوی ناوی دڵبەرەکەی
بدرکێنێ
خوێنی دەکرێ بە چەند پێکێ

سوهرەوەردی دەیگوت: (خودا کرۆک و سەرچاوەی نوورە، بەردەوام نوور دەبەخشێتەوە و چی بوونەوەر و جوانی و باڵایییش هەن، زادەی ئەو نوورەن. بوونی هەموو زیندەوەرێک بە بڕی ئەو نوورەوە بەندە کە خودا پێی ڕەوا دەبینێت.) سوهرەوەردی پێی وابوو: (ڕۆح دوو بەشە، بەشی یەکەمی لە ئاسمانە، بۆیە بەشی دووەمی کە دێتە جەستەوە، ئاسوودە نییە و هەر عەوداڵی نیوەکەی دیکەیەتی.)
ڕێبازی یەکێتیی بوون، دەدرێتە پاڵ ئیبن عەرەبی (١١٦٤ – ١٢٤٢) کە بە شێخی هەرەگەورە بەناوبانگە. ئایا سۆفی لە خوادا بزر دەبێت، یان لەگەڵ ویستی خوادا یەک دەگرێت؟ کێشەیەکی ئەوتۆ لەسەر ئەوەی دووەمیان نییە، بەڵام ئەوەی یەکەمیان لە ڕوانگەی سەلەفییەکانەوە بە کوفر لە قەڵەم دەدرێت. یەکێتیی بوون، بریتییە لەوەی خوا و سروشت یەکێکن، هەر چی هەیە، گەواهی لەسەر بوونی خوا دەدات و بەبێ خوا شتێک نییە بە ناوی بوونەوە، هاودژی بوون هەیە کە عەدەمە. کرۆکی یەکێتیی وجوود، لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە بوون هەر یەکێکە و خوا جودا نییە لە هەبووەکان. هەرچەندە ئەم لێکدانەوەیە بەو مانایە نییە کە پێوەندییەکی ماددی لە نێوان خالیق و خولقاوەکاندا هەیە، بەڵام لە گۆشەنیگای نەیارانی چەمکی یەکێتیی بوونەوە، دەکەوێتە خانەی کوفرەوە.

شێخی سەنعان بۆ کچێ گاور لە ئیسلام وەرگەڕا
من خەریکە بۆ کچە شێخێ پەژیوان ببمەوە

ئیبن عەرەبی بە (داکەندنی جووتەسۆلەکە)ی ئیبن قەسیی ئەندەلوسی، دەستی بە خوێندن کردووە، ئەو کتێبەی کە ئیبن خەلدوون پێی وابووە، چونکە کوفر و ئیلحادی تێدایە، پێویستە بسووتێنرێت. ئیبن عەرەبی (کە خەرقەی لە خدری زیندە وەرگرتووە،) کتێبیکی ناودار و نازداری هەیە، ناوی لێ ناوە: (تەرجومانی ئەشواق) کە دیوانێکە تەرخانە بۆ ستایشکردنی جوانیی (نیزام)ی کچی شێخ ئەبوو شوجاعی ئەسفەهانی کە ١٢٠١ی زایینی لە مەککە چاوی بە دیداری شیرینی گەشاوەتەوە، بەڵام ئەو شۆخەی بە نسیب نەبووە، ئاخر چیرۆکە مەزنەکانی ئەڤین، بە نائومێدی کۆتایییان دێت.
ئیبن عەرەبی دەیگوت: ئامانجی خۆشەویستی ئەوەیە، بە خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئاشنا ببین، حەقیقەتی خۆشەویستی، لەگەڵ حەقیقەتی زاتی خوداییدا یەکێکن، دووان نین. خۆشەویستی بریتی نییە لە پێوەندیی دڵدار بە دڵبەرەوە، ئاخر لە خۆشەویستیی حەقیقیدا، یەک لایەن هەیە، نەک دوو. بوونی ئێمە زادەی بوونی خوایە، خوا نەبووایە، ئێمە نەدەبووین. خالیق و مەخلووق، لە بەفر و ئاو دەچن کە هەمان بوونن، بە دوو سیما و دەرکەوتنی جیاواز.
(هەر خۆی، خۆی دەبینێت، کەس نایبینێت، نە وەلییەکی تەواو دەیناسێت، نە فریشتەیەکی نزیک خۆی و نە پەیامهێنێکی نێردراو. خۆی نوێنەری خۆیەتی، خۆی پەیامی خۆیەتی و خۆی گوتەی خۆیەتی. خۆی خودی خۆی ناردووە بۆ لای خۆی.) ئەوە پێناسەی ئیبن عەرەبییە بۆ خوا کە تێبینیی ئەوەی لەسەرە، لەگەڵ پایەی زێدەباڵای خوادا ناگونجێت. یان: (خوا گەنجینەیەکی شاراوەبوو، هەستی بە تەنیایی دەکرد، بۆیە دونیای خولقاند.) لە شیعری سۆفییانەی هیندیدا، وەها باسی خوا کراوە: وەک چۆن کەنار تامەزرۆیە بۆ ئەوەی هەموو زەریاکە لە ئامێز بگرێت، خوایش ئەوەندە و زیاتریش بە پەرۆشە بۆ لەباوەشگرتنی خوڵقێندراوەکانی. دەربڕینی زەریای خودایی کە نەففەری یەکەمین جار بەکاری هێناوە، لای سۆفی ڕەمزە بۆ گەورەیی و بەهێزیی خوا.

من ناوی تۆم
لە پەڕەی دڵم نووسیبوو
شتێک نەما
لە سینەما
ناوی دڵ بێ
ناوی تۆ لە جێی مایەوە
لەسەر بەردی سافی ڕۆحم
من ناوی تۆم هەڵکۆڵیبوو
بەرد وەک بەفر توایەوە
ناوی تۆ نەکوژایەوە

ئەوانەی (فیکر)یشی ڕەت دەکەنەوە، بە (شیعر)ی ئیبن عەرەبی، کە بە ڕەمزی تۆلێرانسی دینی ناسراوە، سەرسامن.

دڵم جێگەی
هەمووانی تیا
دەبێتەوە
لەوەڕگەی کارمامزانە و
جێنمازی ڕاهیبانیش
بتخانەیە و کەعبەی تائیف
هەم تەوراتە و هەم قورئانیش
خوشەویستی
هەم ئایینمە و هەم ئیمانیش

(سەنائی)یش شتێکی لەو بابەتەی گوتووە: (ئەوە گرنگە چۆن هەڵسوکەوت دەکەین، ئەوە گرنگ نییە، سەر بە مزگەوتین یان کەنیسە.) ئیبن عەرەبی ئەوەندە ژندۆست بووە، سوودی لەوە دیتووە کە (زات)ی خوا لە زمانی عەرەبیدا مێیە، بۆیە هەندێک جار پڕکێشیی کردووە، خالیقی وا دواندووە، وەک مێ بێت. چونکە حەوای لێ پەیدابووە، ئادەمیشی لێ بووە بە مێ. لای ئیبن عەرەبی خێر و شەڕ لای خواوە دێن، موحەممەد وەک فەریاڕەس و شەیتان وەک فریودەر.